فوئاد عوسمان
كۆنترین نامە لە مێژوودا، نامەی كوڕێكە بۆ دایكی، كە بە رێنووسی مسماری لە سەر تابلۆی بەردین و بە زمانی سۆمەری نووسراوە.
زانا شارەزا تایبەتمەندەكان كە نامەكەیان دۆزیوەتەوە، پێیان وایە نامەكە كۆنترین نامەیە و كوڕێك بۆ دایكی نووسیبێت، كە غەریبی لێكی كردوون و لەیەكتری دووری خستوونەتەوە، لە ئێستادا نامەكە لە مۆزەخانەی لوفەر لە پاریس هەلگیراوە.
ئەوەی خوارەوە دەقەكەیەتی:
( تۆ ئەی هەڵگری نامە، ئەو نامەیەت پێدەنێرم بۆ شاری نیبور، لەوێ دایكم نیشتەجێیە، بەرێكەوە و بڕۆ رێگات دوورە و گەشتەكەت درێژە، كە گەیشتیتە ئەو شارە بڕۆ بۆ ماڵی دایكم، بە ئاگابوو یان خەوتوو گوێی پێ مەدە، لەبەرئەوەی تۆ ناناسێت، دایكم ناوی عشتارە و بە تیشكی خۆر دەچێت دونیا رووناك دەكاتەوە، وەكو ئاسكی دەشت و كێوان جوانە، ئەو ئەستێرەی بریسكەداری بەرەبەیانە، مەرجانێكی ناوەزەیە و زومردێكی بێ هاوتایە لەبەر جوانییەكەی بەرگە ناگری، وەكو كەنزێكی پاشاكانە یان پەیكەرێكە لە لازورد دروست كرابێت.
دایكم لە بارانی ئاسمان دەچێت، لەو ئاوە دەچێت كە كێڵگەكان ئاودێر دەكات، ئەو كۆشكێكە هەموو خۆشییەكان لەخۆ دەگرێت، شادی سەراپای داگرتووە، دەڵێی ساقیە تینوێتی تینو دەشكێنێت، دارخورمایەكە تەژی لە شیرینی، ئەو شاژنی ژنەكانە، ئەو سروودی ئاوازەكانە خۆشی ژیانە، ئەگەر ژنێكت بینی بەو وەسیفانە، تیشكی رووناكی لە روخساری هەڵدەستا، بزانە ئەوە دایكمە، نامەكەی بدەرێ و پێی بڵێ، كوڕەكەت (لودینغوا) كە خۆشت دەوێت خۆشی دەوێیت، دەستت ماچ دەكات و سەلامی خۆیت پێدەگەیەنێت).