كوردستانی نوێ هەولێر
ئازاد رەحمان عومەر، ناسراوە بە ئازاد مەخمووری، وەك مامۆستا و فۆتۆگرافەر و هونەرمەندی شێوەكار لە شاری هەولێر، شێوازێكی تایبەت بە خۆی هەیە لە كاری هونەری، لە وەڵامی چەند پرسیارێكی كوردستانی نوێ، باس لە كاریگەری هەرسێ پیشەكەی لەسەر یەكتر دەكات و تیشكدەخاتە سەر شێوزای دروستكردنی تابلۆكانی بەبێ بەكارهێنانی فڵچە و بۆیە.
سەرەتا وتی: جگە لە پیشەكەم كە مامۆستای بەشی هونەرم، دوكانێكی پۆلیش و جوانكاری ئۆتۆمبێلم هەیە، هەر لەو شوێنە كارە هونەریەكانم دەكەم و شوێنەكەم وەك گەلەرییەكی لێهاتووە.
وتیشی: ئەوەی من دەیكەم هونەری گرافیكە، كە بەشێكە لە هونەری شێوەكاری، بەڵام شێوەكارێكی جیاواز، بەجۆرێك لە دروستكردنی تابلۆكان فڵچە و بۆیە بەكارناهێنم، بەڵكو وەك یەكەم كەس لە هەولێر، تابلۆكانم لەسەر پلێتێك و بە ئامێری كەتەر دەكێشم.
راشیگەیاند: ئیشكردن لەسەر پلێت پێویستی بە سەلیقە و كەشێكی ئارام هەیە، چونكە لەكاتی دروستبوونی هەر هەڵەیەك لە تابلۆكە، چارەسەری نییە، دەبێت لەسەرەتاوە دەست پێبكەیتەوە، بەڵام لە تابلۆی بەبۆیە و رەنگەكان دەرفەتی چاككردنەوەی هەیە.
لەبارەی كاریگەری فۆتۆ لەسەر هونەری شێوەكاری وتی: بۆ ماوەی زیاتر لە 40 ساڵە كاری فۆتۆگرافەرم كردووە، پێموایە وێنەگری بەشێكە لە شێوەكاری، تاڕادەیەك تەواوكەری یەكترن، زۆرجار بۆ دروستكردنی تابلۆیەك، سوود لەو وێنانە وەردەگیرێت كە سەرنجت رادەكێشن، یان بیرۆكەیەكت لەلا دروست دەكات.
پێشیوابوو: تابلۆكانم گوزارشت لە بەسەرهات و لایەنی كەلتوورییەكەی گەلەكەم دەكات، كە بەشێكیان خەیاڵ و بەشەكەی تریان واقیعی كۆمەڵگەی كوردستانە، هەروەها وێنەی كەسایەتی كورد و زەحمەتی ژیانی رۆژانەی خەڵك لە تابلۆكانم رەنگی داوەتەوە.
باسی لەوەشكرد: تا ئێستا چوار پێشانگەی تایبەت و 35 پێشانگەی هاوبەشی شێوەكاریم هەیە، ئەگەر حكومەت و لایەنی پەیوەندار هاوكارمان بن، دەتوانین كاری باشتر بكەین و خۆمان زیاتر بەرەو پێش ببەین، ئەمەش نەوەك تەنیا بۆ خۆم، بەڵكو زۆربەی هونەرمەندان پێویستیان بە هاوكاری و ئاوڕلێدانەوە هەیە، چونكە جگە لە ژمارەیەكی كەم نەبێت، هیچ هونەرمەندێك بەهونەرەكەی ناتوانێت بژێت.
ئاماژەی بەوەشكرد: جگە لە هونەری شێوەكاری و پیشەی مامۆستایم، هەوڵمداوە لە رێگەی وتار و بابەتە رۆژنامەوانییەكانەوە، پەنجە بخەمە سەر كەموكوڕی و لایەنە جیاوازەكانی هونەر و كۆمەڵایەتی و چۆنیەتی چارەسەركردنیان، بۆیە لەزۆربەی رۆژنامە و گۆڤارەكان بابەت و نووسینم بڵاوكراوەتەوە.