بۆ زیاتر لە شەش سەدە لەمەوبەر دەگەڕێتەوە

مێژووی گەرماوی قەڵای هەولێر

11:55 - 2025-04-30
دووتوێ
16 جار خوێندراوەتەوە

ئا: رەوەست نەوزاد

گەرماوی قەڵای هەولێر، كۆنترین گەرماوە لە شارەكەدا و بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەكان، تەمەنی  زیاتر لە 600 ساڵە، تاكو پەنجا ساڵ بەر لە ئێستا بەكارهێندراوە، دواتر بەهۆی كۆنی بیناكەی و گۆڕانكاری لە شێوازی ژیان لەسەر قەڵا، گەرماوەكە لەكاركەوتووە.
لەو بارەیەوە كەنعان موفتی، شارەزا لە مێژوو و شوێنەوارە كۆنەكانی شاری هەولێر و بەڕێوەبەری گشتی پێشووی شوێنەوار و كەلتوری هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند: گەرماوی قەڵای هەولێر، بە یەكێك لە شوێنەوارە دێرینەكانی شارەكە و كوردستان و عیراق بەگشتی هەژماردەكرێت، كە شوێنەكەی كەوتووەتە ناوەڕاستی قەڵاكە و تەنیشت مزگەوتی گەورە.
وتیشی: ئەنجامی كنە و پشكنین، دەریدەخات مێژووی گەرماوی قەڵای هەولێر بۆ سەردەمی كۆتایی دەسەڵاتی عەباسییەكان دەگەڕێتەوە، هەر بۆ لێكۆڵینەوە لە مێژووەكەی، كۆمسیۆنی نۆژەكردنەوەی قەڵای هەولێر لەم دواییانە كاری كنە و پشكنینیان لەژێر زەوی گەرماوەكە ئەنجامدا، كە بەكۆنكرێت داخرابوو، بۆیان دەركەوت گەرماوەكە بینایەكی كۆنتری لەخشت دروستكراوی لەژێرەوەی هەبووە، كە مێژووەكەی بۆ زیاتر لە 600 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕایەوە.
باسی لەوەشكرد: هەر بەگوێرەی ئەنجامەكانی كنە و پشكنین، گەرماوەكە چەند هۆڵێكی گەورەی بۆ هێنانی ئاو و هەڵمی تێدابووە، كە پێشتر تێكدراوە و دووبارە گەرماوەكەی ئێستای لەسەر دروستكراوە.
سەبارەت بە پانتاییەكەی، بەڕێوەبەری گشتی پێشووی شوێنەواری هەولێر رایگەیاند: رووبەرەكەی نزیكەی 500 مەتر دووجایە و لەسێ ژوور پێكدێت، یەكەمیان ژووری هاوینەی پێدەڵێن، خەڵكی لەو وەرزە خۆیان دەشۆرد، ژووری دووەمی پێی دەوترا هۆڵی زستانە، ئەویش بریتیبوو لەهۆڵێكی درێژ چەند سەكۆیەك و لایەنێكی تێدابووە، وەكو ژووری بچووك، هۆڵێكی تریشی هەیە بۆ ئامادەكردنی خەڵكی بۆ چوونە ناو گەرماوە گەورەكە. هۆڵی گەرماوە گەورەكەش لەژێرەوەی شوێنی ئاگرێكی گەورەی بۆ كراوە، لەشەش ژووری كەوانەیی پێكهاتووە و بە شێوەی چاتی دروستكراوە.
سەبارەت بە شێوازی گەرمكردنی بینا و ئاوی گەرماوەكە، كەنعان موفتی دەڵێت: گەرمكردنی بەهۆی كۆكردنەوە و سوتانی خۆڵ و خاشاكی ماڵەكانی ناو قەڵاكە بووە، كە بە نەوتی رەش سوتێندراوە و گەرماوەكەیان پێ گەرم دەكرد.
لەبارەی دابینكردنی ئاو بۆ گەرماوەكە دەڵێت: وەك دەركەوتووە لەنزیك گەرماوەكە بیرێك هەبووە، بە قوڵاییەكەی نزیكەی 65 مەتر، لەرێگەی چەند وڵاغێكەوە بەسەتڵ ئاویان بۆ گەرماوەكە دەردەهێنا، تا ساڵی پەنجاكانی سەدەی رابردوو بەو جۆرە بەردەوامبووە، دواتر ئاو دەرهێنان تێیدا وەستاوە، ئەوەش بەهۆی هێنانی بۆڕی و ترومپای ئاو بۆ سەر قەڵای هەولێر.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان