ئۆتۆمبێلی تۆیۆتای چینی و چاكە و خراپەكانی لە عیراقدا

12:06 - 2025-04-30
دووتوێ
9 جار خوێندراوەتەوە

حسێن ئەحمەد


لە بازاڕی ئۆتۆمبێلی عیراقدا، ئەمڕۆ دیاردەیەكی نوێ سەری هەڵداوە، ئەویش ئۆتۆمبێلەكانی تۆیۆتای بەرهەمهێنراوی وڵاتی چینە. ئەم ئۆتۆمبێلانە كە جۆرێكن لە هایبرێد، بە نرخێكی گونجاوتر لە هاوشێوە ژاپۆنییەكان بۆ عیراق هاوردە دەكرێن و بازاڕێكی گەرمییان دۆزیوەتەوە .
تۆیۆتای چینی، بەهۆی سیستەمی هایبرێد سووتەمەنی كەمتر بەكاردەهێنێت. ئەم سیستەمە كە پشت بە كۆمبینەیشنی موەلیدەی كارەبا، لەگەڵ بزوێنەری بەنزین دەبەستێت، بەشێوەیەكی بەرچاو خەرجی سووتەمەنی كەمتر كردووەتەوە، بەتایبەت لە ناو شاردا، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی كە لە بازاڕەكانی عیراقدا كە نرخی بەنزین لە بەرزبوونەوەدایە، سەرنجی زۆربەی بەكارهێنەران بۆلای خۆی راكێشێت.
هەروەها تۆیۆتای چینی، لە رووی شكڵ و دیزاینەوە، زۆر لە هاوشێوە ژاپۆنییەكانی دەچێت، بەڵام بە نرخێكی زۆر كەمتر دەفرۆشرێت. ناوخۆی ئۆتۆمبێلەكان بە مەوادی جوان و لەبار رازێنراونەتەوە، شاشەی گەورە، سیستەمی تەبرید، تەكییفی هەوا و دەنگی باشیان هەیە، كە هەستی سواربوونی ئۆتۆمبێلێكی لوكس دەدات بە بەكارهێنەر.
دیارە تایبەتمەندی تەكنەلۆژی وەك كامێرای دواوە، سەنسەری پارك، سیستەمی GPS، و بلوتووس لە زۆربەی مۆدێلەكانی تۆیۆتای چینیدا هەیە، كە بەبێ نرخی زیادە لەگەڵ ئۆتۆمبێلەكەدا دێن. ئەم تایبەتمەندییانە لە نموونە ژاپۆنییەكاندا بە نرخێكی زیاتر دەفرۆشرێن.
بەڵام سەرەڕای ئەم خاڵە باشانە، كۆمەڵێك گرفتی جیددی لەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە هەن كە پێویستە كڕیاران ئاگاداریان بن. گەورەترینیان نەبوونی گرەنتییە. تۆیۆتای چینی كە بۆ عیراق دێن، عادەتەن بێ گرەنتی رەسمین، چونكە كۆمپانیای تۆیۆتا، ئۆتۆمبێلە چینییەكان بە بەرهەمی رەسمی خۆی نازانێت. ئەمەش مانای وایە كە ئەگەر هەر كێشەیەكی تەكنیكی هەبێت، كڕیار خۆی بەرپرسیارە لە چارەسەری .

تۆیۆتای هایبرێدی چینی لە بازاڕی عیراقدا دوو دیوی هەیە. دیوێكی روونە كە نرخی گونجاو، تێچووی كەمی بەكارهێنان و دیزاینی سەرنج راكێشە، و دیوێكی تاریك كە نەبوونی گرەنتی، كوالێتی نزم و كێشەی خزمەتگوزاری پاش فرۆشتنە

كوالێتی بەشەكانی تۆیۆتای چینی بەراورد بە نموونە رەسەنەكەی خۆی نزمترە. مەوادی بەكارهاتوو لە روكاری دەرەوە، ناوەوە، بزوێنەر و گێربۆكس، كوالێتی نزمتریان هەیە، كە ئەمەش كاریگەری نەرێنی لەسەر تەمەنی كاركردنی ئۆتۆمبێلەكە دەبێت. زۆر جار دەبینرێت كە دوای ماوەیەكی كەمی بەكارهێنان، بەشەكان دەسوون یان تێكدەچن.
لە حاڵەتی تێكچوون، دۆزینەوەی پارچەی یەدەگ بۆ تۆیۆتای چینی لە عیراقدا كارێكی ئاسان نییە. سەنتەری رەسمی خزمەتگوزاری تۆیۆتا لە عیراق خزمەتی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە ناكەن و زۆربەی میكانیكییەكان شارەزایی تەواویان لە چاكردنەوەی سیستەمی هایبرێدی ئەم ئۆتۆمبێلانەدا نییە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كە لە كاتی تێكچوون، كڕیار رووبەڕووی كێشەی جددی ببێتەوە .
هەروەها تەمەنی پاتری هایبرێد لە تۆیۆتای چینیدا، بە بەراورد لەگەڵ نموونە ژاپۆنییەكەیدا كەمترە. بەپێی ئەزموونی بەكارهێنەران، پاترییەكان دوای 5 تا 6 ساڵ بەكارهێنان پێویستیان بە گۆڕین دەبێت، كە نرخی گۆڕینی پاتری هایبرێد لە عیراقدا بەرزە و دەگاتە چەندین هەزار دۆلار.
لەگەڵ هەموو ئەوانەش ناكرێت چاوپۆشی لەوە بكەین كە نرخی هەرزانی ئەم ئۆتۆمبێلانە سەرنجی كڕیارانی عیراقی بۆلای خۆی راكێشاوە. بۆ كەسێك كە بودجەكەی سنووردارە و ناتوانێت نرخی تۆیۆتای رەسەن بدات، نموونەی چینی دەتوانێت بژاردەیەكی گونجاو بێت، بەمەرجێك كە ئاگاداری كێشەكانی بێت و پێشوەخت ئامادەكاری بۆ بكات.
بەكورتی، تۆیۆتای هایبرێدی چینی لە بازاڕی عیراقدا دوو دیوی هەیە. دیوێكی روونە كە نرخی گونجاو، تێچووی كەمی بەكارهێنان و دیزاینی سەرنج راكێشە، و دیوێكی تاریك كە نەبوونی گرەنتی، كوالێتی نزم و كێشەی خزمەتگوزاری پاش فرۆشتنە. كڕیاران پێویستە بەپێی پێویستی و بودجەی خۆیان، دوای هەڵسەنگاندنی باش و خراپەكان بڕیاری دروست بدەن.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان