هەمزە فەرەیدون پاڵەوانێكی یاریی موای تای –ە، تەمەنی 26 ساڵە، راهێنەری هۆڵی لەشجوانی سیتی جیمە لە سلێمانی، لە ساڵی 2015 –ەوە دەستی بە یاریی كیك بۆكسینگ كردووە، بەڵام دواتر دەستی داوەتە موای تای.
ئەم یاریزانە بە كوردستانی نوێی راگەیاند، من لە ساڵی 2016 –ەوە پاڵەوانی موای تای ناوچەی باكووری عیراقم، جگەلەوەش بەشداریی چەندین پاڵەوانیتیم لە عیراق و دەرەوەی عیراقم كردووە، دواجاریش ساڵی 2017 لە پاڵەوانێتییەكی جیهانیدا پلەی یەكەمم بەدەستهێناوە.
هەروەها ئەوەشی پێ ڕاگەیاندین كە چەند جارێك بەمەبەستی مەشق و راهێنانی چڕ، سەردانی تایلەندی كردووە، چونكە ئەو وڵاتە سەرچاوەی ئەم وەرزشەیە لە جیهاندا، هەر لەوێ بەشداریی پاڵەوانێتییەكی كرد و لە پاڵەوانێكی بەریتانی بردۆتەوە و پشتێنی ئەم وەرزشەی وەرگرت.
لەكۆتاییدا وتی؛ من لە هۆڵەكەم مەشق و راهێنان بە چەند یاریزانێكی بە توانا دەكەم، خۆیشم لەمەشق و راهێنان بەردەوامم و بەم نزیكانەش بەشداریی پاڵەوانێتییەكی جیهانیی تر دەكەم و بەنیازی ئەنجامی زۆر باشم.
محەممەد عەبدولرەحمان