ئا: عەبدوڵڵا سدیق
لەپاش بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون، حکومەتی عیراقی لە زۆربەی پارێزگاکاندا، رێوشوێنی توندی تەندروستی، دژی ئەم نەخۆشیە گرتۆتەبەر، ئەمانەی بەغدای پایتەختیش، هێنانی هەموو جۆرە ئاژەڵێکی بۆ ناو بەغدا، لە پارێزگاکانی ترەوە راگرتووە. ژمارەی تووشبوونیش گەیشتە 27 حاڵەت و پێنچ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
بەغدا سێ حاڵەت تۆمارکراوە
(عەبدولموتەلیب عەلەوی) پارێزگاری بەغدا، کە سەرۆکایەتی لیژنەی باڵای رووبەڕووبونەوەی ئەم نەخۆشییە دەکات، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: لە بەغدا سێ حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە ناوچەی نەهرەوان تۆمار کراوە. وتیشی: هێنانی هەموو جۆرە ئاژەڵێک، لە پارێزگاکانی ترەوە، بۆ ناو پارێزگای بەغدا رادەگیرێت، ئەمەش دەچێتە قاڵبی ئەو رێوشوێنانەی کە پێش جەژنی قوربان دژی ئەم نەخۆشیە دەگیرێتەبەر.
پارێزگاکانی تری عیراق
لەلایەکی ترەوە لە زۆربەی پارێزگاکانی تری عیراق رێوشوێنی توند، دژی ئەم نەخۆشییە گیراوەتەبەر و لیژنەی تایبەتی بۆ دروستکراوە. لە کەرکوک بۆماوەی 21 رۆژ هەموو قەسابخانەکان داخران. لە پارێزگای دیالەش، 40 دوکانی قەسابی داخران.
27 حاڵەتی تووشبوون
بەپێی ئەو ئامارانەی کە وەزارەتی تەندروستی عیراق بڵاویکردۆتەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، لە تەواوی عیراقدا، 5 کەس بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستداوەو 27 کەسیش، تووشی ئەم نەخۆشییە بوون.
سەرچاوە:
رۆژنامەی الصباح
وکالة الانباء العراقیة