حاجی قادری كۆیی

ئاوارەیەك لە خەمی نیشتیماندا

10:51 - 2025-05-01
ئەدەب و هونەر
29 جار خوێندراوەتەوە


 كاروان عوسمان شوانی

حاجی كەسێكە بێكەس بۆ ئێوە قوڕ دەپێوێ
گوێی لێ دەگرن زەریفە، ناگرن بەڵا لە خۆتان

دۆخی سیاسیی و ئابوریی و كۆمەڵایەتیی كوردستان، بە درێژایی مێژوو پاڵنەر بووە تاكو خەڵكەكەی بە گشتی و خوێنەوار و روناكبیرەكانی بە تایبەتیی سەری خۆیان هەڵبگرن و لە غەریبی و دوورەوڵاتیی دا بمێننەوە، تا ئەو كاتەی دەمرن.
یەكێك لەو شاعیرانەی ئاوارەیی و دورەوڵاتیی ئەزمونكردووە و تیایدا ماوەتەوە حاجی قادری كۆییە، كە غەریبیی رەنگدانەوەی هەبووە لە سەری و بووە بە بەشێك لە هەوێنی شیعرەكانی.
حاجی قادر جگە لەوەی شاعیر بووە، یەكێك بووە لەو رووناكبیرە كوردانەی سەدەی نۆزدە، كە ئەدەبەكەی لە پێناوی هۆشیاركردنەوەی گەلی كورد دا بەكار هێناوە.
رێبازێكی تایبەتیی هەبووە لە ناوەڕۆكی نوسینی شیعردا، شیعری لە باسكردن لە زولفی یار و برۆی پەیوەست و چاوی خەواڵوەوە گواستەوە بۆ مەسەلەی گرینگتر و گشتگیرتر،ئەویش خەمە چڤاكی و نیشتیمانییەكانە.
مرۆڤ تاكو سەربەست و ئازاد نەبێت دڵداریی و خۆشویستن نرخێكیان بۆی نابێت، بۆیە حاجی قادر دەیوست گەلەكەی خاوەن كیان و قەوارەی سەربەخۆی خۆی بێـتتاكو ئازاد و مافپێدراو بێت، لەو رێگەیەشەوە بتوانێ سود لەو ئازادییەی وەربگرێت و بۆ مەبەستە جۆراو جۆرەكانی ژیان تاكی كورد كەڵكی لێوەربگرێت.
 حاجی ئاوارەی ئەستەمبوڵ دەبێت،لەوێوە سۆز و دڵسۆزیی خۆی بۆ نیشتیمانەكەی دەنێرێتەوە، بۆیە ئەوەی لێرەدا دەبێتە جێی باسی ئێمە غەریبی و تاراوگەنشینییە لە شیعری حاجی قادردا .
بەشێكی زۆر لە ژیاننامەی ئەم شاعیرە لە رێگەی شیعرەكانییەوە تۆمار كراون، لەبەرئەوەی لە زۆر شیعردا باسی لە ژیانی خۆی كردوە، هەر لە مناڵییەوە تاكو پیریی، بۆیە تا رادەیەك ئاسانتر دەتوانین پەی بە نهێنییەكانی ئەم كەڵە شاعیرە ببەین. حاجی قادر لە گوندێكی نزیك كۆیە لە دایك بووە، لەسەر لە دایكبونیشی ئەدیبان و مێژوونووسانی ئەدەبی كوردی جیاوازییان هەیە، لەوەدا کە لە چ ساڵێكدا لە دایك بووە؟ بەڵام مامۆستا مەسعود محەمەد بە پشت بەستن بە هەندێك بەڵگە، ساڵی 1240ی كۆچی واتە 1824-1825ی زاینیی بە ساڵی لە دایكبونی دادەنێت، لە ساڵی 1897ی زاینییشدا لە ئەستەنبوڵ كۆچی دوایی دەكات. سەبارەت بە مردنەكەی جیاوازیی نییە، چونكە لە ژمارە 3 ی (رۆژنامەی كوردستان) دا كە لەساڵی 1898 یەكەم رۆژنامەی كوردیی بووە، دەرچووە و رۆژنامەکە لەو ساڵەدا دەنوسێت: ساڵێك بەر لە ئێستا شاعیری نەتەوەی كورد حاجی قادری كۆیی كۆچی دوایی كرد، نمونەی شیعرێكی حاجی-ش لەو رۆژنامەیەدا بڵاودەكراوەتروە.
حاجی لە كۆیەوە دەست دەكات بە خوێندن و پاشان بۆ درێژەدان بە كاروانی خوێندنەكەی گەلێك ناوچەی باشور و خۆهەڵاتی كوردستان دەگەرێت و ئەمەشیارمەتی دەدات، كە بەتەواویی شارەزایی لە زمانی كوردیی دا هەبێت و كەلتور و فەرهەنگی ناوچە جۆربەجۆرە كوردییەكان بزانێت.
پاش تەواوكردنی خوێندن و گەڕانەوەی بۆ كۆیە، ناكۆكیی دەكەوێتە نێوان حاجی قادر و شێخەكانی ئەو كاتەی كۆیەوە. سەرئەنجامی ئەو ناكۆكییە بە سەرهەڵگرتن و جێهیشتنی كۆیە و كوردستان لە لایەن حاجی قادرەوە دوایی دێت و ئەم شاعیرە روو دەكاتە ئەستەمبوڵی پایتەختی ئەوكاتەی عوسمانییەكان.
 لەوێ لە نزیكەوە پێشكەوتنەكانی دنیا دەبینێت و هەواڵە جۆربەجۆرەكانی جیهان دەبیستێت. لەوێ تێدەگات دنیا چی تێدا دەگوزەرێ، بۆیە بیركردنەوەی حاجی قادر گۆڕانی گەورەی بەسەردا دێت و خەمی بێكەسیی كورد و فەوتانی میللەتێكی وا گەورە دەبێتە خەمی یەكەم لەسەر دڵی، خەمی دوریی نیشتیمانیش گەورەترین خەم بووە كە دڵ و دەروونی ئەم بووێژەی گرتۆتەوە. تاكە رێگەش بۆ بەتاڵكردنەوەیئەم خەم وكۆستە ئەوەبووە هەوڵبدات نەتەوەكەی هۆشیار بكاتەوە، لەرێگەی شیعرەكانییەوە.
دەكرێ حاجی قادر وەك یەكەم رەوەندی كوردی بناسێنین، كە دوریی و غوربەت بە قوڵی كاری تێكردووە، پێش حاجیو هاوزەمانی حاجیش شاعیری ترمان هەبوون كە ئەزموونی غوربەتیان تاقیكردووەتەوە، بەڵام هیچیان وەكو ئەو سوێی غوربەت تاڵاوی رۆژگار نەچووە بە دڵ ودەرونیدا .
لە نمونەی ئەوانەش وەك: نالی و مەولانا خالیدی نەقشبەندی و شێخ رەزای تاڵەبانی.
بەهای شتەكان لە نەبوونیاندا دەردەكەوێت، ئەوە بۆیە تا ئەو كاتەی حاجی قادر لە وڵاتدا دەبێت، هەست بە جوانی و خۆشیی نیشتیمانەكەی ناكات، بەڵام كاتێك دوور دەكەوێـتەوە سوێی دوریی دەچێتە دڵیەوەوە دەڵێت:
 مەپرسە دەردی غەریبی و لەززەتی وەتەنم
ئەوی لەدەستی دەگریام،ئەمێستە بۆی دەگریم

مانەوە لە بێكەسی و دوورەوڵاتیی دا مرۆڤ گۆشەگیر و دابڕاو دەكات، هەرچەندە لە ژینگەیەكی خۆش و دڵرفێنیشدا بیت، چێژی كاولە وڵاتت پێنادات.
هەمیشە وار یان شوێنی لە دایكبوون و مەئوای باب و باپیران و یادی منداڵیی بە قوڵیی بە ناخی هەموو كەسێكدا دەچێتە خوارێ و لە یادكردنی ئەستەمە، حاجی قادر لەسەر ئەمە دەنووسێت:
لە غوربەت بە شاهی لە بیرناكرێ
 زەمـانی جوانـی و یـــــادی وڵات

شیعرەكانی حاجی قادر سەر بە رێبازێكی نوێی بیركردنەوەن، بۆ سەردەمی خۆی زۆر جیاواز و تازە بووە، چونكە پێچەوانەی مۆدیلی باو بوون.حاجی شیعری لە دەردە دڵ و خەمی تاكەوە گۆڕیی بۆ هۆشیاریی گشتیی، كردی بە پەیام و نەتەوەكەی پێ ئاگاداركردەوە،. خەمەكانی غوربەت و بێكەسی و بێداڵدەیی نەبوونە هۆی لەبیركردنی نەتەوەكەی.

 شیعرەكانم كە غەریبی وەتەن و نەوسەفەرن
وەرە بیخوێنەوە ئەم نوقتە سەوابێكی هەیە

یان دەڵێت:
بەیتی من چونكە كە كەڵكیان دەگرێ
لە غـەریـبـی و بێــكەسی دەمــــرێ

مرۆڤ كاتێ دنیا بگەڕێت و تیایدا گەشت بكات، دەبێتە كەسێكی هۆشیار و بیركەرەوە. خەمی وڵات و كەسی خۆی دەخوات، چونكە لەگەڵ بینینی هەر پێشكەوتنێكی وڵاتاندا دواكەوتوویی وڵاتەكەی خۆی دێتەوە یاد. هەر گەلێك بگات بە مافی سەربەخۆیی و چارەنوسی خۆی، ستەمكاریی و بێ مافیی گەلەكەی خۆی دێتەوە بیر، مرۆڤێك كە دەسەڵاتی نەبێت هەر دەتوانێ بڵێت:
قوڕی كوێ كەم بەسەر خۆما لە غوربەت
 خەوم نـایێ، لە داخی مـوڵـك و میــللەت
 ئەگەر وەك من خەبەرداربن، لە دەوڵەت
 لە حەیفان خـۆ دەخنكێنن، بە بێ پەت

 
كەسێك ئەگەر هەموو دنیاش بگەڕێت بەڵام خەمی نیشتمانی لەكۆڵ نابێ، دنیای لێ دەبێ بە زیندان، جیهانی پان و بەرینی لا دەبێتە زیندانێکی بەرتەسک، وڵاتی خۆ با چەند بچوكیش بێت، ئەو شوێنەیزۆرترین ئازادیی تیادا بەدیی بكرێت، حاجی لە شیعرێكدا دەڵێت:
غەریبیی غوربەتی كردم بە ئەوتان
 سەراپــا ئەرزی لێكردوومە زیندان 

واتە: كاتێكی زۆر لە دوورەوڵاتی مامەوە، بەجۆرێك خەریكە غوربەت دەبێتە نیشتیمانم، بەڵام نیشتیمانێك كە تیایدا زینداییم.
خێزان و مناڵ پەناگەیەكی گەورەن بۆ ئارامی بەخشین بە مرۆڤ، بە جۆرێك پیاو دوای هەر دڵشكاوییەك دەگەرێتەوە بۆ لای خێزان و مناڵەكانی، ئینجا ئارامیی بۆ رۆحی دەگەرێتەوە و تێدەگات كەسێك هەیە خەمی لێ بخوات و گوێی بۆ بگرێ.
بەڵام كارەساتێكی تری ژیانی حاجی قادر لەوەدا بوو، جگەلەوەی بێ نیشتیمان سەرینایەوە، تا مردن هەر بەیادی جوانی و دوریی وڵاتەوە شیعری وت، كەچی ماڵ و ژن و مناڵیشی نەبوو.
من كەسێكم زەمانەی ناكەس
دایبڕیووم لە قەوم و قیلە و كەس
هەر منم ئێستا وارسی عیسا
بێ ژن و ماڵ بێ كوڕ و مەئوا

 
حاجی قادر هەمیشە تاراوگە و ناسیۆنالیزمی بەیەكەوە بەستووەتەوە. لەگەڵ باسكردنی حاڵی غەریبیی خۆی دا هەمیشە مەسەلەیەكی نیشتیمانیی و نەتەوەیی بەكاردێنێ، خەمە نیشتیمانییەكان هەمیشە لای تاراوگەنشینێك ئامادەیی هەبووە.
شاعیر خۆشەویستیی بۆ نیشتیمانەكەی هەیە كە جێیهێشتووە، هەمیشە كەڵكەڵەی گەڕانەوە لە مێشكیدایە.
جا ئەم خۆشویستنە لە ناو ئەدەبیاتدا رەنگیداوەتەوە و بە ژانرێكی بەرزی ئەدەبی ئەو پەستانەی لەسەر دڵ و دەروونی دروست بووە، بەتاڵیكردوەتەوە.
ئەمانە چەند نمونەیەك بوون لە شیعری ئەم شاعیرە بەرزەی كورد، ئەگەرچی گەلێك شیعری تریشی هەن، كە دەچنە خانەی ئەدەبی تاراوگەوە. هەرچەندێكیش لەبارەیەوە بنوسین هەر كەمە، مەگەر تەنیا شیعرەكەی خۆیدووبارەبكەینەوە و بڵێین:
گەلێ قسەم لە دڵا بوو حیكایەتم مابوو
 كەچی لەبەختی كەچم خامە نووكی لێرە شكا

______________
سەرچاوەكان:
(1) دیوانی حاجی قادری كۆیی، كۆكردنەوەی كەریم شارەزا و سەردار میران
(2) حاجی قادری كۆیی، مەسعوود محەمەد بەرگی یەكەم . 

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان