«کاتێک ژیان لالەنگیت دەداتێ» دراما نییە، بەڵکو ژیان خۆیەتی

11:09 - 2025-05-01
ئەدەب و هونەر
20 جار خوێندراوەتەوە

رۆزا دڵشاد مەریوانی


درامای کۆریای باشوور (when life gives you tangerines- کاتێک ژیان لالەنگیت دەداتێ) لە سەرەتای ئەمساڵدا نێت فلیکس بڵاویکردەوە لە مێژووی درامای کۆریای باشوور-دا بەرزترین پێوەری تۆمار کرد تەنانەت پێش درامای سکوید گەیمی دایەوە کە پلەی (9.3)ی بەدەستهێنا، کاتێک گوێت لە ناوەکەی دەبێت ئەو وتەیەت بیردەکەوێتەوە کە دەڵێت «کاتێک ژیان لیمۆت دەداتێ، شەربەتی لیمۆی لێ دروست بکە» لێرەدا ژیان لالەنگیت دەداتێ وەک ئاماژەیەک بۆ دوورگەی جیجۆ لە کۆریای باشوور کە بەو میوەیە ناسراوە.
لە خوێندنەوەی رۆمانێک دەچێت
دراماکە لە پاڵەوانێتی ئەستێرەی گۆرانی و درامای کۆریا (ئای یو)ە بە بەشداریی ئەستێرە(پارک بۆگوم) و چەندین ئەکتەری بەناوبانگی دیکە، ئەم درامایە لە خوێندنەوەی رۆمانێک دەچێت و لە راستیدا بەشێکی لە چیرۆکێکی خۆشەویستی راستەقینەی ئەو دوورگەیەوە وەرگیراوە، وەک یەکێک لە ئەستێرەکانی کۆریا سەبارەت بە دراماکە دەڵێت «ئەمە دراما نییە، بەڵکو ژیان خۆیەتی».
رووداوەکانی لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی رابردووەوە دەستپێدەکات، تا دەگات بەم سەردەمە، چیرۆکی کچێک دەگێڕێتەوە کە لەوپەڕی هەژارییدا سەرکێشە و دژی دابونەریتەکان دەوەستێتەوە، دەیەوێت ببێت بە ئەدیب و بڕوانامەی زانکۆ بەدەست بهێنێت.
لە پەنایدا کوڕێک هەیە هاوڕێ و خەمخۆرێتی تا دوا ساتەکانی ژیانی پاڵپشتیی دەکات، لە گرتەیەکی زۆر جواندا کاتێک لە بێ دایکیی و هەژارییدا دەگری و دەڵێت: هیچ جێیەکی گەرم لەم جیهانەدا بۆ من نییە. ئەو دەڵێت: من ئاگادارت دەبم راستە ناتوانم هەموو شتێکت بۆ بکەم بەو پێیەی ئەویش ماسیگرە و دۆخی لەو باشتر نییە، کچەکە دەڵێت درۆم لەگەڵ بکە بڵێ مانگ و ئەستێرەت بۆ دەهێنم. لەوێدا کوڕەکە دەستدەکات بە لەبەر خوێندنەوەی شیعرێک کە پێشتر کچەکە وتێوتی شوو بە کەسێک ناکەم ئەو شیعرەی لەبەر نەبێت. دراماکە باس لە هەژاریی لە رادە بەدەر دەکات، ساڵی شەستەکانە و دەیانەوێت بینێرن بۆ کارگەکان ئیش بکات، چونکە لەو دوورگەیە ژنە هەژارەکان بۆ دابینکردنی بژێوییان دەبنە غەتاس بۆ کۆکردنەوەی ئاژەڵە ئاوییەکان لەگەڵ گیای نێو دەریا بەبێ ئامێری ئۆکسجین، بۆ ماوەی زۆر لە ژێر ئاودا دەمێننەوە، بەهۆی ئەوەوە سییەکانیان زیانی پێدەگات و وەک دایکی پاڵەوانەکە لە تەمەنێکی گەنجدا دەمرن. 
باس لە سێ نەوە دەکات
دراماکە باس لە سێ نەوە دەکات کە تێیدا پاڵەوانەکە لەبەر هەژاریی و بەرپرسیارێتییەکانی وەک هاوسەر و دایک ناتوانێت خوێندن تەواو بکات، بەڵام هەموو هیوایەکی بە کچەکەیەتی کە وەک دایکی لە خوێندندا زیرەکە و خەونەکەی دایکی بۆ گەیشتن بە زانکۆی پایتەخت بەدیدەهێنێت کە هەر (ئای یو) رۆڵی دەگێڕێت، بەڵام وەک بینەر زۆرجار رقت لەو کارەکتەرە دەبێتەوە، چونکە بە رەفتارەکانی لەگەڵ دایکیدا خۆتت بیر دەکەوێتەوە، بۆ نموونە لە گرتەیەکدا لەگەڵ دایکیدا دەبێتە دەمەقاڵێیان لەوێدا دەڵێت: لە پرسەکەی دایکمدا یەکەم شت بیرمکەوتەوە ئەو رۆژە بوو کە لەگەڵ دایکمدا شەڕم بوو. دەتوانم بڵێم لە سەرەتای دراماکەوە بەدیارییەوە دەگریت تا کۆتایی، چونکە پڕە لە وتەی جوان و هەڵوێستی مرۆڤانە و ئەو دۆخە ناخۆشانەی لە ژیاندا دووچاری دەبیت، چیرۆکی لە دەستدانی ئازیزان دەگێڕێتەوە، بەڵام لە هەمووی سەختتر لە دەستدانی منداڵ دەگێڕێتەوە، لە گرتەیەکدا لە نەنکی دەپرسێت کەی مردنی دایکمم بیر دەچێتەوە، نەنکی دەڵێت «هەرگیز بیرناچێتەوە، بەڵام کاتێک دایکمان دەمرێت دەینێرین بۆ بەهەشت، بەڵام کاتێک رۆڵەیەکمان دەمرێت لە دڵماندا بە زیندوویی دەیهێڵینەوە و هەرگیز ناهێڵین بڕوات» کە لە چەند ساڵی دواییدا پاڵەوانەکە تێدەگات بۆ نەنکی وا دەڵێت، کاتێک کوڕە بچووکەکەی لە زریانێکدا دەخنکێت.
چەند ساڵ و سەردەمێکت پیشان دەدات
یەکێک لەو وتە جوانانەی دەربارەی لەدەستدانی ئازیزان لە دراماکەدایە دەڵێت: «گەورەکردنی منداڵێک پێویستی بە گوندێکە، بەڵام رزگارکردنی دایکێک لە خەمباریی هەر پێویستی بە گوندێکە» پیشانی دەدات هاوڕێ و هاوسێکانی رۆژانە بە بێدەنگی چی دەکەن بۆ باش بوون و بەردەوامبوونی ئەو لە ژیان، کاتێک پاڵەوانەکە دەچێتە تەمەنەوە سوپاسی خەسووی دەکات کە هەرگیز لە مردنی کوڕەکەیدا بۆ جارێکیش بێت لۆمەی نەکردووە، لە وەڵامدا دەڵێت «دەترسام نەتوانی لە ژیان بەردەوام بیت، هەموو رۆژێک دەهاتم بزانم ماویت، تەنانەت مانگاش کە گوێرەکەکەی لە دەست دەدات نابێت بە زۆر ببرێت بۆ زەوی کێڵان».
دراماکە لە یەک کاتدا چەند ساڵ و سەردەمێکت پیشان دەدات، بەڵام ئەوەندە بە پرۆفێشناڵی رووداوەکانی پێکەوە گرێدراوە هەست بە ئاڵۆزیی ناکەیت، بەڵکو کاتێک لە پڕ فلاشێکت لەسەر داهاتوو پیشاندەدات جۆش و خرۆشت دەداتێ لە تەماشاکردنی بەردەوام بیت، هەروەها کاتێک گرتەیەکی رابردووت پیشان دەداتت دواتر مانای ئەو گرتەیە تێدەگەیت، واتا رێگە بە بینەر نادات لە تەماشاکردنی دراماکە سارد بێتەوە.
وەک چۆن کۆی ژیان کۆمەڵێک بەرزیی و نشێوییە، دراماکەش لەگەڵ ئەو هەموو خەمبارییەدا بەشی خۆی پێکەنینی تێدایە، پەیامی دراماکە ئەوەیە، گرنگە وەک پاڵەوانەکە بۆ ساتێکیش بێت لەو بڕیارانەی تۆی گەیاندووە بە ئەمڕۆ پەشیمان نەبیتەوە، دواجار لە ساڵەکانی کۆتایی تەمەنیدا ئەو کۆمەڵە شیعرەی بە درێژایی ژیانی نووسیوێتی چاپی دەکات، پاشان دوای مردنی هاوسەرەکەی چیرۆکی ژیانی لە قوربانیدانی دایکییەوە تا ئەمڕۆ دەنووسێتەوە و چاپ و بڵاودەکاتەوە.  

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان