کاروان حەسەن سلێمان
هه‌ڵه‌بجه وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌كی شیعری، وه‌ك زامێكی قوڵی مێژوو له ئه‌ده‌بی كوردیدا رە‌نگی داوه‌ته‌وه و بووه‌ته هه‌وێنی چەندین ده‌قی ئه‌ده‌بی و شیعر به تایبه‌تی، ئه‌و كاره‌ساته جه‌رگبڕه كه (36)سال به‌ر له ئێستا له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسەوە ئه‌نجامدرا و بووه هۆی شه‌هیدبوونی پێنج هه‌زار هاوڵاتی سڤیل. رووداوه‌كه هێنده جه‌رگبڕ و پڕ ئازاره ژانی برینه‌كه‌ی بووه‌ته هه‌وێنی سەدان ده‌قی ئه‌ده‌بی، هه‌ڵه‌بجه وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌كی شیعریی لێهاتووه. ئێمه له‌م نووسینه‌دا هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر شیعره‌كانی شاعیر(ئیبراهیم هه‌ورامانی) ده‌كه‌ین و تیشك ده‌خه‌ینه سه‌ر هه‌ڵه‌بجه، شاعیر خۆی یه‌كێكه له هاوڵاتیانی ئه‌و شاره و ناسۆرییه‌كانی به چاوی خۆی بینیووه، بۆیه هه‌میشه هه‌ڵه‌بجه له نووسین و ده‌قه‌كانیدا ده‌بینرێت، لێره‌وه ده‌چینه سه‌ر به‌رهه‌م و شیعره‌كان، شاعیر سەبارەت بە هەڵەبجە ده‌ڵێت:
کەس لەتەنیایی ناچێت
وەک هەڵەبجە!
لە نموونەیەکی تردا شاعیر هەڵەبجە وەک رەمزی مردن و سیمبولی کوشتنی مرۆڤی بێ گوناح سەیر دەکات:
ماڵی من لە هەڵەبجەیە
واتە، مردن لێمەوە نزیکە!
ئیتر لەو رۆژەی هەڵەبجە شەهیدکرا بە گازی سیانید و خەردەل هەڵەبجە بۆنی سێوی گرتووە، لەم رووەوە شاعیر دەڵێت:
هەموو شتێک بۆنی سێ‌و دەدات
ئێرە، هەڵەبجەیە!
بۆنی سێ‌و هەموو شوێنێکی شاری هەڵەبجەی گرتووە، تەنانەت خواردن و خواردنەوەکانیش تامی سێوە دەدەن، ئەوەتا چای هەڵەبجە جیاوازه لەناوچەکانی تر لە بۆن و تامدا:
چای هەڵەبجە تامێکی تایبەتی هەیە
تامی سێ‌و!
ئیبراهیم هه‌ورامانی، هه‌میشه هه‌ڵه‌بجه‌ی له‌سه‌ر لێوه و له‌بیری ناكات، هه‌موو زامێك به هه‌ڵه‌بجەوە ده‌به‌ستێته‌وه. ئه‌وه‌تا له به‌راوردێكدا دەڵێت:
ئه‌م وڵاته چه‌ند خاڵیی خاڵییه
هه‌روه‌ك هه‌ڵه‌بجه‌ی
پاش كیمیابارانكردنی شانزه‌ی سێ!
له كورته شیعرێكدا شاعیر هه‌ڵه‌بجه به دڵی خۆی داده‌نێ و ده‌ڵێت:
ئه‌گه‌ر نیشتمان جه‌سته‌م بێت
هه‌ڵه‌بجه دڵمه!
له‌ده‌قێكی تردا ئه‌و به‌بێ هه‌ڵه‌بجه هه‌ڵناكات و جێ به‌خۆی ناگرێ، چونكه بچێته هه‌ر شوێن و جێگایه‌ك هه‌ڵه‌بجه به جوانتر و خۆشتر داده‌نێت و له‌وێ نه‌بێت دڵی ئارام ناگرێ.
ده‌چمه سلێمانی و جێ به‌خۆم ناگرم و
دێمه‌وه
ده‌چمه هه‌ولێر، ده‌چمه دهۆك
خانه‌قین و كۆیه و رانیه.
ده‌چمه كه‌ركوك و دووز و كه‌لار
دوورتر ده‌رۆم
ده‌چمه ئاكرێ و زاخۆ و سێمێل
ده‌چمه سه‌قز و مه‌ریوان و سنه.
ده‌چمه وان و ماردین و دیاربه‌كر.
بۆ قامیشلۆ و كۆبانێ ده‌ڕۆم.
ده‌ڕۆمه تاران و مه‌شهه‌د و شیراز
بۆ هه‌ركوێ ده‌ڕۆم جێ به‌خۆم ناگرم
دڵم به‌هیچ شوێن و جێیه‌ك ناكرێته‌وه
هه‌ڵه‌بجه نه‌بێت.
هه‌ڵه‌بجه لای ئیبراهیم هه‌ورامانی خۆشترین و جوانترین و شیرین‌ترین شوێنی سه‌ر زه‌وییه، بۆیه كاتێك ناوی شارەکەی ده‌بیستێت، ده‌می پڕ له شیرینی ده‌بێت،شیرین‌تر له ده‌می ئه‌و ئازیزه‌ی شاعیر لێیه‌وه گوێبیستی ناوی هه‌ڵه‌بجه ده‌بێت.
كه ده‌ڵێی هه‌ڵه‌بجه
ده‌مم پڕ ده‌بێ له شیرینی!
شاعیر به چه‌ند وشه‌یه‌كی باسی خۆی ده‌كات و له به‌راوردێكی جوان و پڕ ئازاردا خۆی به ته‌نیا ده‌زانێت، ئه‌و ته‌نیاییه‌ش به‌وه ده‌رده‌بڕێ كه خۆی ته‌نیایه و هه‌ڵه‌بجه‌ش وه‌ك ئه‌وه!
كه‌س به من ناچێت هه‌ڵه‌بجه نه‌بێت.
هه‌ردوو ته‌نیاین!
ئێش و ژان و برینی هه‌ڵه‌بجه هێنده زۆرن و له دوای كاره‌ساته پڕ ئازاره‌كه‌ی ساڵی 1988 و ژه‌هربارانكردنی ئه‌و شاره له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسەوە، هه‌ڵه‌بجه نه‌یتوانیوه بكه‌وێته‌وه سه‌رپێ و هه‌میشه پڕ برینه و له‌هه‌ر ده‌م و كاتێكدا كه‌سانێك به ئێش و ژانی ئه‌و گازه سیانیده ده‌مرن و هه‌تا ئێستاش كاریگه‌ریی له‌سه‌ریان ماوه. بۆیه برینه‌كانی هه‌ڵه‌بجه هه‌میشه له‌نوێبوونه‌وه‌دان و ته‌ڕن.
ده‌ست له هه‌ركوێی هه‌ڵه‌بجه ده‌ده‌م
برینه، برینی ته‌ڕ.
شاعیر برینی خۆی هه‌موو هه‌ڵده‌ڕێژێ و هه‌ڵه‌بجه‌ش به ناوازه‌ترین شوێن داده‌نێ، ئه‌وه‌تا له تارانه و بیری لای هه‌ڵه‌بجه‌یه و به جه‌سته له تارانە و به رۆح له هه‌ڵه‌بجه‌یه.
له تاران نیشته‌جێم و له هه‌ڵه‌بجه ده‌ژیم
له هه‌ڵه‌بجه، گه‌ڕه‌كی پاشا!
هه‌ڵه‌بجه وه‌ك هه‌موو شوێنێكی تر شوێنی نیشته‌جێ بوون و ژیانه، شاعیر هه‌میشه دڵی لای هه‌ڵه‌بجه‌یه، هه‌موو ورده‌كارییه‌كی ژیان له هه‌ڵه‌بجه هه‌ستی شاعیری جوڵاندووه و كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ست و نه‌ستی شاعیر كردووه، ئه‌وه‌تا ته‌نیا خه‌م له‌خۆی ناخوات بەڵکو لە خەڵکەکەشی:
شارێك هه‌یه ناوی هه‌ڵه‌بجه‌یه
به‌یانیان دڵی تێدا ده‌شكێت
ئێواران خۆر !
شاعیر هه‌ناسه‌ی ته‌نگ بووه و به‌هاری لێ تۆراوه، قومێ ئاوی شیرین شك نابات بۆ خواردنه‌وه، به‌ڵكو ژیانیشی تێدا نه‌ماوه، ئه‌وه‌تا ده‌ڵێت:
نه هه‌ناسه‌یه، نه به‌هارێك
نه‌قومێ ئاوی شیرین شك ده‌به‌م
گه‌ر تۆ نه‌بیت
كه‌ڵكی ژیانی تێدا نه‌ماوه، هه‌ڵه‌بجه!
سه‌رچاوه‌كان:
ـ (نامه‌كانی ناو جانتای شاعیرێك،) ئیبراهیم هه‌ورامانی، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی پیره‌مێرد.2024.
ـ (ئەمشارە پۆستەچی تێدانییە) ئیبراهیم هەورامانی، (2020) چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ ـ سلێمانی.
ـ (مردن به‌كاتی به‌هار) ئیبراهیم هه‌ورامانی، كۆمه‌ڵه شیعر، (2024) ، له بڵاوكراوه‌كانی رێكخراوی(ژیوای) بۆ
رۆشنبیری و كه‌لتوور. چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی پیره‌مێرد ـ هه‌ڵه‌بجه.