عەبدولڕەحمان فەرهادی
کاکل کۆپتەر، یەکێک بوو لە هاوڕێیانمان کە بۆخوێندن لە تەیراوەڕا دەهاتە دواناوەندیی زۆزان. کاکل، هەر لە هەرزەکارییەوە درۆزنێکی داهێنەر بوو لە هەڵبەستن و فیشاڵ و فۆرتە و شێلمانوەشێنی، رمبەی شێلمانی درۆکانی، هیچ جۆرە رمبەیەکی ئەرز ئەرزی شەڕی عیراق و ئێرانی نەدەگەیشتێ. بۆیە لە شەشی ئامادەیی کلکەناوی (کۆپتەر)مان بۆ کردە (کونەبا)، لەوێوە بە(کاکل کونەبا) ناوبانگی دەرکرد. دواتر کاکل بووە بازرگان و بە زیتوزرنگیی خۆی، دەوڵەمەندێکی ناقۆڵای لێ دەرچوو. کاکل ئەوکات لە مانای وشەی(کونەبا) نەدەگەیشت، دەمانگوت: “کونەبا واتا تەوژمی بایەکی زۆر کە لە تونێل و کونەشاخان دێتەدەرەوە و دەنگەکەی هاششەیەکی گەورەی لێوە دێ، مانای بەهێزی دەدات، کاکل گیان، تۆیش بەهێزیت بۆیە پێت دەڵێین کونەبا”
ئەو نەیدەزانی کلکەناوی کونەبا کە دەدرێتە پاڵ یەکێک، بە مانای کەسی درۆزنی بە شاتوشووت دێ، (شاتوشووت)یش دوو وشەی لێکدراون، شات واتا کەسی خۆهەڵکێش کە لە سلێمانی پێیدەڵێن (فشەکەر)، هەروەها شووت واتا درۆی هەڵبەستراو، کە چیڕۆکەکەی فانتازیا و بێ بنەمایە. کاکل، بەهەق کونەبایەکی بێئامان بوو، چیرۆکی ئەفسانەییی ئەوەندە زۆر بوو، باوەڕ ناکەم هیچ چیرۆکنووس و رۆماننووسێک دەرەقەتی نووسینەوە و کۆکردنەوەیان بێت. من هەوڵم داوە بەشێکیان بنووسمەوە و شێوەیەكی ئەدەبییان بدەمێ و بە تەواوی بیانکەم بە چیڕۆک. چەند جارێك هەوڵمداوە، كەچی تیایدا سەركەوتوو نەبووم!
لەو سەدان بەسەرهات و چیرۆکانەی وی، دەتوانم یەکێکیانتان بۆ بگێڕمەوە:
من کە قۆناغی ئامادەییم بڕی و چوومە زانکۆ، چەند ساڵێک لە کاکل کونەبا دابڕام. رۆژێکیان لەناو قەرەباڵغییەکەی شەقامی باتا، لووتم بوو بەلووتیەوە، دوای چاکوچۆنی و یەکتر ماچکردن، دەستیگرتم و بردمیە چایخانەی شیرین (ئێستا ناوەكەی گۆڕاوە بە چایخانەی ئەبوو سامی) كە هەر لەسەر شەقامی باتایە، دوای باسوخواسێکی زۆری خۆی و گێڕانەوەی بەسەرهات و چیرۆکە لەبن نەهاتووەکانی، من بە سەری زمانی سوتاوم گوتم:
ئەرێ کاکۆ، ئێستایش ماڵتان هەر لە تەیراوە ماوە؟
باگۆی دامەوە:
-ناااا، نەخێر برایێ من، ئێستا گوزەرانم زۆر باشە و خانوویەکم لەسەر شەقامی سی مەتریی تەنیشت تەیراوە کڕیوە، کە چەند کۆڵانێک لە دواوەی ماڵی پارێزگارەوەیە. وەسفەکەی وا بوو کە ماڵیان نزیکی چایخانەی بایزە! ماڵی پارێزگار، زۆۆۆر لە پشت ئەوان و رێک لەسەر شەست مەتری بوو، بەو پێیە بێ، زۆر لێک دوور بوون.
گوتمێ:
-کاکۆ، وەسفێکی تەواوم بۆ بکە، کامە دەرگا هەوە، تا رۆژێک سەرێکت بدەم.
ئەوکات وەک ئێستا مۆبایل و لۆکەیشن و ئەو بەزموڕەزمانەی تەلەفۆن و مەلەفۆن و ئەنتەرنێت و مەنتەرنێت نەبوون تا کارەکانمان مەیسەر بکەن. ویستم باشتر تێمبگەیەنێ، کەچی ئەو قسەکانی پێبڕیم و دەستی بە ئاسانکاری و وەسف و چۆنیەتیی دۆزینەوەی ماڵی خۆیانی بۆ کردم و گوتی:
-گوێبگرە کاکی خۆم: ئێمە لە ماڵەوە باخچەیەکی گەورەمان هەیە، ساڵانێکە بنە لاولاوێکمان چاندووە، لاولاوی سەگبابخێو، رەگی وا داکوتاوە و بە عەموودی بەردەرگاکەماندا هەڵگەڕاوە و دارتێلەکانیشی تەنیوەتەوە و رۆیشتووە، نە عەموودێک نە دووان و نە سێیان، دەیان عەموود بەو کۆڵانانەدا رۆیشتووە و لاولاو نەوەستاوە و خەریکە تەواوی دارتێلەکانی گەڕەکەکە بگرێتەوە. باشییەکەی لەوەدایە هەر رۆییوە و تا بەردەرگای ماڵی پارێزگار نەوەستاوە. ئێستا لاولاو لەوێ وەستاوە، ئیتر خوا بزانێ بە کوێ دەگات! دڵنیام دەپەڕێتەوە و بەرەو تەیراوەیش دەڕوا، ئەو لاولاوە خێرێکی زۆری بۆمن داوەتەوە، بڵێ چۆن!
منیش تەواو چووبوومە ناو گێڕانەوە بەچێژەکەی، کاکل بەردەوام بوو:
-بە برای خۆم بڵێم، ئەو لاولاوە سوودەکەی لەوەدایە هەر میوانێکم دێ، بەڕێکەوت زۆر جار لە پاسەوانەکانی ماڵی پارێزگاریان پرسیوە:
-ئەرێ ماڵی کاکل بەگ لە کوێیە؟ ئەوانیش یەکەوسەر ئاماژەیان بە لاولاوی هەڵگەڕاوی سەر دارتێلەکەی بەر دەرگایان کردووە و پێیان گوتووە:
-ئەم لاولاوەت بینیوە بەسەر ئەو عەموودەدا رۆییوە؟
میوانەکەش سەر بەرز دەکاتەوە و تەماشا دەکات و دەڵێت: بەڵێ! لاولاو بە عەموودەکەوەیە و ئەولای دیار نییە و رۆییوە.
پێی دەڵێن:
-کاکە گیان، خۆت ئەزیەت مەدە و چیتر مەگەڕێ، تەنیا ئەو لاولاوە بگرە، لاولاو و لاولاو بڕۆ، یەکەوسەر دەگەیتە ناو ماڵی کاکل بەگ. تا میوانەکە لە پاسەوانەکان ئاودیو دەبێ، هەر هاواری دەکەنێ: لەبیرت نەچێ، لاولاو و لاولاو.. لاولاو و لاو.
-جا گوێ بگرە کاکەی فەرهادی، تۆ ماڵی پارێزگار پێدەزانیی؟
-بەڵێ.
- زۆۆۆر باشە، کە هاتیە بەردەم ماڵی پارێزگار، لەیەکێک لە پاسەوانەکان بپرسە ماڵی کاکل بەگ لەکوێیە، ئەوانیش بەهۆی ئەو لاولاوەوە، رێک دەتگەیەننە سەر سەرم!
من وام نەکرد، بڵێن چی؟ دوو سێ مانگ دواتر چوومە سی مەتریی نزیک چایخانەی بایز؟ لەسەر جادەکە ریزە ماڵێک تا ئەوسەر هەن، هەر لەخۆوە دەرگایەکم کوتا، ژنێک کە پێدەچوو خزمەتکار و ئەوانەبێ! دەرگای لێ کردمەوە، پرسیم: ماڵی کاکل کامەیە؟ بە ئاماژەی پەنجەی، ماڵەکەی تەنیشت خۆی پیشاندام.
تەماشایەکی بەرودەرگاکەیان و زۆۆۆۆریش ئەولاترم کرد، تا ئەوسەری كۆڵانەكەیش چووم، كەچی هیچ عەموود و لاولاوی لێ نەبوو! پاشتر ئەوەبوو چوومە سەر سەری کاکل کونەبای فشەفشکەری بەهاشوهووش! پرسیم:
-ئەرێ کاکۆ، ئەوە کوا عەموووود؟ کوا لاولاااااو؟ بەرسڤی دامەوە:
-بەداخەوە چەند رۆژێک لەوەبەر، شارەوانی عەموودەکەیان گواستەوە و لاولاوەکەیشمان وشکیکرد!
لە دڵی خۆمدا گوتم: “وا چاکە لە درۆی درۆزنان نەکۆڵمەوە، چەندی لێبکۆڵمەوە، درۆی تر سەر قیت دەکەنەوە! ئەوەیە دەڵێن: قەت هەوڵ مەدە درۆزنان بەدرۆ بخەیتەوە، چونکێ بە درۆیەکی دیکە جەوابت دەدەنەوە!”
پێمگوت: -خوا رێی راستت بە نەسییب بكات كاكل گیان، لاولاو و لاولاویش بتگەیەنێتە ئەو رێیە راستە!
*هاوڕێی خوێنەر: ئێستامان کە ئێستایە، ئەگەر شوێنەکەی ماڵی پارێزگار و ماڵی(کاکل کونەبا)تان بەسیستمی لۆکەیشن بۆ بنێرم، بڕواتان هەبێ سەدان مەتر و لەوانەیە سی کۆڵان زیاتریش لەیەک دووربن.
*شێلمانوەشێن: لە هەولێر بە درۆزنێكی بەرباد دەگوترێت.
*شەقامی باتا: كەوتووەتە سەنتەری هەولێر خوار قەڵا، ناوەکەی لە دوكانی باتاوە هاتووە کە لەو شەقامە بوو. باتا ماركەیەكی بەناوبانگی پێڵاوە، سەردەمانێك لقی لە هەموو پارێزگاكانی عیراق هەبوو.