دڵشاد عومەر کاکی
نیوەی رۆحی داوە بەسەر خۆیدا و دەڕوا
نیوەی سنگی لەژێر هاژە و
نیگای تریفەدا جێماوە.
دەڕوات و هەروەک ئاوریشمێکی سپی...سپی
وەک تریفە گشت هەناوی داپۆشیبێ
شەونمی خەندەی لێ دەڕژێ و
پێ دەکەنێ و چاو بێ ئاگایە.
هەروەک بەرپێی خۆی نەدیبێ
تۆ ئەمانەت لەبیرماوە...؟
بینیوتە تیشکێک لە رۆحتا
داگیرساوە
کە لەوەوبەر..نەتبینیبێ؟
دیوتە تەنافێکی زیوین
هاتۆتە ناو نیگاتەوە؟
بە بێ ئاگا نەک گوێ،
دڵیشی کون کردوی..
بەچەشنێ دڵی سمیویت
بەگوارە یەک
بیرتە چوبیتە نێو خۆری
داکشاوی ئێوارەیەک؟
تۆ ئەوانەت لەبیر ماوە؟
بەیانییەک کە خەبەرت بوبێتەوە
چوبیتە بەردەم ئاوێنە؟
دیوتە هەناسە، بینیوتە
نێرگز لەچاوتا رواوە؟
لەژێر چەترێکدا رێ دەکەی
کەچی لەنێو لالەزاری خوێنی گەشا
چەند وردیلە گوڵی مۆر و
گوڵی سپی، پەڵەی داوە
چاوت پڕ دەکەی لەتیشک و
لە تەنافی خۆرەتاوی ئەو رۆژانە
لەو ساتەوە کە تۆ رۆشتوی
وەک رۆح، تۆی..لە تۆ کڕیبێ
وەک خۆت ئاوەها، بینیوتە
تیشکێک لە دڵتا داگیرسێ
کە لەوەوبەر نەتبینیبێ؟
ئەوە عەشقە
کەدێم دڵت دەدەمەوە،
ئەوەی ماوە..
نەبا رۆژگار لەگەڵ خۆیدا
بتبا بۆ خۆی
بتکات بە یار.