رۆژانە چیرۆك

‎یادەوەریی كرێكارێکی ژینگە پارێز

11:40 - 2025-05-01
ئەدەب و هونەر
17 جار خوێندراوەتەوە

ئومید شێخ کەریم

  ‎ئەم بەیانیە لەتەنەكەی خۆڵەكەی ئێوە، بەرگی دوو كتێبی فڕێدراوم دۆزیەوە کە مشك خواردبوونی:
‎شۆڕشی برسیەكان و
‎ئابووری سەربەخۆ.
1/5/2024

‎چەند رۆژێكبوو تەنەكەی خۆڵەكەتان بەتاڵبوو، واپێدەچوو لەماڵ نەبیت!
‎ئەم بەیانیە، لەتەنەكەی خۆڵەكەتاندا كەنارییەكی مردارەوەبووم دۆزییەوە. 
واپێدەچوو، تەنیایی دیقی پێ كردبێت، یان پشیلە ترساندبێتی.
5/4/2024

‎ئەوكۆمەڵە كاغەزە دڕاوەی ئەم بەیانییە، لە تەنەكەی خۆڵەكەی ئێوەدا دۆزیمەوە. ‎پارچەكانیم نابەیەكەوە، تەنیا ئەمەم تێدا خوێندەوە: لە كۆتایی چیرۆكەكەدا نووسیبووت: ئەم چیرۆكەشم تەواو نەكرد دڕاندم، چونكە پاڵەوانەكە بە پێچەوانەی ویستی منەوە هەڵسو كەوتی دەكرد!
5/5/2024

‎ئەم بەیانییە، لە تەنەكەی خۆڵەكەی ئێوەدا، ‎مەدالیایەكی رێزلێنانم دۆزییەوە، لە یەكێك لە رێکخراوە جیهانییەكانی مافی مرۆڤەوە پێشكەشت كرابوو. هەڵمگرتەوە و كردمە ملم، هاوڕێكانم گاڵتەیان پێ دەكردم!
5/6/2024


#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان