کەریم عەبدوڵڵا ھەرتەلی
ئەمجارە سەرنجتان بۆ پێگەیەکی گەورەی بازرگانی» لە قەزای حاجیاوا رادەکێشین کە بە»مەیدانەکە» ناسراوە و بۆ ئاڵۆگۆڕ و دابینکردنی پێداویستییەکانی رۆژانە، دەیان کەس لە «پشدەر، رانیە، دۆڵی شاورێ، خۆشناوەتی، کۆیە، دۆڵی خەلەکان و پیرەمەگروون و تەنانەت قەزاکانی شەقڵاوە و سۆرانیش رووی تێدەکەن.
سەردانی ئەو مەیدانە یان بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکانیانە، یاخود بۆ ئەوەیە پێداویستییەکانیانی لێ بەدەستبهێنن.
قسەیەک ھەیە کە دەوترێت «لە مەیدانی حاجیاوا تەنها فڕۆکەی تێدا نافرۆشرێت»، دەنا هەرچییەکت بوێت دەتوانیت بەدەستی بهێنیت!
مەحمود حسێن کە لە سەرەتای دروستبوونی ئەو مەیدانەوە لەوێ کاردەکات دەڵێت: ئێرە سەرەتا مەیدانێکی بچووک بوو، تەنها چەکی تێدا دەفرۆشرا، دواتر بەشێکی تری وەک مەیدانی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵانی بۆ زیاد بوو، پاشانیش جێگەیەکی تری بۆ کڕین و فرۆشتنی دار و کەرەستەی خانووبەرە، میوە و سەوزە و بەرھەمە کوردەوارییەکان لێ کرایەوە، تەنانەت بەهۆی جەنجاڵییەکەیەوە، چەند جارێکیش شوێنەکەی گوستراوەتەوە.
ئێستا حاجیاوا خاوەنی گەورەترین مەیدانە لە ناوچەکە کە بەزۆری بەیانیان تا نیوەڕۆ، دەیان خێزان بژێویی خۆیانی تێدا مسۆگەر دەکەن و ئاڵوگۆڕی پێداویستییەکانیانی تیایدا دەکەن، بەتایبەتی لەسەروبەندی نزیکبوونەوە لە جەژنی قورباندا بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ جمەی دێت.
لەو مەیدانەدا گەورەترین بازاڕ بۆ کڕین و فرۆشتن بەبەروبوومی ماسی و پەلەوەر و باڵندە و گیانەوەرانی کێوی و خۆماڵییەوە دەکرێت.
رۆژ بەڕۆژیش بەرفرەتر دەبێت و پێش دەکەوێت، بەجۆرێک کە ئێستا خاوەنی باڵەخانەیەکی تایبەتی میوەفرۆشانە.
ھەرچەندە لەڕووی خزمەتگوزارییەوە تا رادەیەک کەموکووڕی ھەیە، بەڵام لایەنە پەیوندارەکان رۆژانە لایەنی پاکوخاوێنی رادەگرن و زیادەڕۆییەکانی لادەبەن و خزمەتگوزاریی کارەبا و ئاو و دەستشۆرییان بۆ دابینکردووە، ئەوەی داوای هاووڵاتیانیشە رێکخستنەوەیەتی بە شێوازێکی مۆدێرن و بەدیهێنانی عەدالەتی کار و پیشە و شوێنى شایستە بۆ ئەوانەى شمەک و کاڵای تێدا دەفرۆشن تا نەبێتە مایەی تێکدانی مەیدانەکە.