حەیدەر ئەحمەد
شەهیدی فەرماندە ئەحمەد حسێن محەمەد سەعید ناسراو بە ئەحمەد دوانزەئیمامی، لەدایكبووی ساڵی 1957ی بنەماڵەیەكی هەژار و كوردپەروەری گوندی (دوانزەئیمام)ی سەر بەشاری كفرییە و قۆناغی سەرەتایی تەواوكردووە.
هەر لەسەرەتای شۆڕشەوە پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەوە و ساڵی 1978 لە رێگەی هەڤاڵ سامان گەرمیانییەوە بووە بە پێشمەرگە لە ناوچەی گەرمیان. پێشمەرگەیەكی ئازا و لێهاتوو و چاونەترس بوو، بۆیە بەماوەیەكی كەم كراوەتە فەرماندەی مەفرەزە لەو سنوورە.
بەشداریی سەدان داستان و چالاكی جۆراوجۆری كردووە، وەك شەڕ و داستانەكانی گوندی عەزیز قادر و ناحیەی سەنگاو و قادر كەرەم و بەردەبەل و كۆكز و زەنگئاباد و ئەغجەمەشەت و ناو شاری كفری و سنووری دووزخورماتوو و بنەباوێ و زۆری دیكەش، لە هەمووشیاندا رۆڵی كاریگەر و ئازایانەی هەبووە.
رۆژی 21/1/1982 لە سنووری گوندی (مەسۆیی) لە گەرمیان، بەتەنها لەگەڵ هێزێكی زۆری مەفرەزەخاسە و جاش رووبەڕوو بۆوە و شەڕێكی دەستەویەخە بەرپا بوو، ئەگەرچی ئازایانە بەگژیاندا چۆوە و تا دوافیشەك شەڕی سەختی لەگەڵ كردن، بەڵام دواجار شەهیدكرا و تەرمەكەیان بە هێلیكۆپتەر گواستەوە بۆ چەمچەماڵا.
دوای 21 رۆژ، دوژمن بە پارەیەكی زۆر تەرمەكەیان دایەوە بە كەسوكارەكەی.
بە ماوەیەكی كەم دوای شەهیدبوونی ئەحمەد دوانزەئیمامی، پێشمەرگە ئازاكانی گەرمیان بە بەرنامەیەكی تۆكمەوە لە نزیك سەنگاو، زەبرێكی كوشندەیان لە دوژمن وەشاند و تۆڵەی شەهید ئەحمەدیان سەندەوە.