رۆماننووسی كورد لە گێڕانەوەی كارەساتەكاندا بوێر نییە

10:48 - 2025-05-15
هەمەرەنگ
85 جار خوێندراوەتەوە

رۆماننووسێكی كورد دەڵێت: رۆمانی كوردستان هەنووكە لە قەیرانێكی قووڵی مەعریفیدایە، چونكە تا رادەیەكی زۆر رۆمانی كوردی دوورە لە واقیع و هەستی تاكی كوردەوە.
عــــــــەبــــــدولقـــــادر سەعید ناسراو بە قادر سەرچناری بە دوالاپەڕەی وت: بەشێكی زۆر لە رۆماننووسانی كورد بوێر و ئازا نییە لە گێڕانەوەی ئەو كارەساتانەی بەسەر گەلی كورددا هاتووە و هۆكارەكەشی ئەوەیە، ئەو رۆماننووسانە بە قووڵی بیر لە كارەسات و مێژووی نەتەوەكەی خۆیان ناكەنەوە، هەر بۆیە لە باشووری كوردستان رۆمانی سەركەوتوو لە پەنجەكانی دوو دەست زیاتر تێناپەڕێت.
وتی: كێشەیەكی دیكەی رۆمانی كوردی ئەوەیە كە خوێنەری كورد ناتوانێ خۆی لەناو دەقی رۆمانەكاندا بدۆزێتەوە یان هەستی پێبکات، یاخود پێشبینی رووداوەكان بكات، هەروەها ئەدەبی ئێمە بە تایبەتی ئەدەبی هاوچەرخ، ئەدەبی شكستە، هۆكارەكەشی ئەوەیە شكستەكانی كورد هەمیشە زیاتر بووە لە سەركەوتنەكانی، هەر بۆیە نووسەری ئێمە بە تایبەتی بەشێكی زۆر لە رۆماننووسان بوێر و ئازا نەبوون لە دەستنیشانكردن و هۆكار و چارەسەركردنی برینەكان، چونكە كەلتوری ئێمە كەلتورێكی شەرمنانەیە. 
قادر سەرچناری لەبارەی دوایین رۆمانی خۆی بە ناوی (باستیلی بچووك) وتی: لەم رۆمانەدا باس لە كارەساتی زیندان، هەروەها ئەو كەسە بێتاوانانە دەكەم كە لە زیندانەكان بە گشتی و زیندانی بەعس بوونەتە قوربانی، لەكاتێكدا هیچ تاوانێكیان نەبووە. قادر سەرچناری لە بوارەكانی شیعر و و رۆمان، خاوەنی 22 بەرهەمی چاپكراوە، شەش رۆمانی ئەو نووسەرە باس لەو كارەسات و نەهامەتیانە دەكات كە بەسەر كورددا هاتوون، بۆ نموونە لە رۆمانی باستیلی بچووك كە لە راستیدا باسی زیندانی ئەمنەسوورەكەی سلێمانی دەكات ئەگەر زیندانی باستیلی گەورە لە فەرەنسا هەبووبێت، ئەوا باستیلی بچووكیش بە ناوی ئەمنەسوورەكە هەبووە.
یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی رۆمانی قادر سەرچناری ئەوەیە باس لە زیندان دەكات، وەك رۆمان، نەك وەك بیرەوەری و یادداشت، دەتوانین بڵێن بەشێك لە رۆمانەكانی ئەو نووسەرە، رۆمانی زیندانە، لە جیهانی رۆمانی كوردیدا شتێكی نوێیە. 
جەواد حەیدەری

بابەتە پەیوەندیدارەکان