كۆچەر حەمزە ماوەی شەش ساڵە پەیامنێرە، پێیوایە پەیامنێریی بۆ رەگەزی مێ كەمێك قورسە.
كۆچەر لە سلێمانی لە دایكبووە، دەرچووی بەشی راگەیاندنە لە پەیمانگەی تەكنیكی بەختیاری لە سلێمانی، ئێستا سەرقاڵی كاری راگەیاندنە و پەیامنێری (SNN)-ە.
كۆچەر حەمزە بە دوالاپەڕەی وت: سەرەتای كاری میدیاییم بۆ كەناڵی كەركوك دەگەڕێتەوە كە ئەوكات وەك پێشكەشكار كارم دەكرد، دواتر لە ماڵپەڕی مەودامیدیا وەك قوتابخانەیەك بۆ بواری رۆژنامەگەری دەیبینم درێژەم بە كاری میدیایی دا. با دەرچووی بەشی راگەیاندنیش بیت، بەڵام هیچ كات وەك ئەوە نییە كە تۆ بە شێوەی مەیدانی كار بكەیت بە تایبەتی كاری پەیامنێری، بۆیە لە مەودامیدیا وەك پەیامنێر دەستمپێكرد و ئێستاش زیاتر لە ساڵ و نیوێكە لە (SNN) كار دەكەم.
كۆچەر ئاماژەی بەوەشكرد كە هەر كارێك بەشی خۆی قورسی و گرانی و ناخۆشی هەیە، راگەیاندنیش لەوە بەدەر نییە، بەڵام سەرەڕای هەموو قورسی و سەختییەكانی، من پیشەكەی خۆمم خۆشدەوێت و هەوڵی زیاتر دەدەم بۆ ئەوەی بەرەو پێشەوە بڕۆم، بەڵام پێویستە بڵێم كاری راگەیاندن بۆ رەگەزی مێ لە كوردستان كەمێك قورسە، لەبەر كۆمەڵگە و ئەو تانە و تەشەر و قسە و قسەڵۆكانەی كە رووبەڕووی رەگەزی مێ دەبنەوە، خۆشبەختانە بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو دۆخەكە بۆ كاركردنی رەگەزی مێ لە بوارەكەدا كەمێك ئاسانتر بووە، بەڵام هێشتا ناتوانیت وەك رەگەزی بەرامبەر مامەڵە بكەیت.
شارەزوور، محەمەد عەبدولڕەحمان