بیریان ئەكەم

10:13 - 2025-06-02
هەمەرەنگ
48 جار خوێندراوەتەوە

شوان كەریم كابان


بیریان ئەكەم...
بیری تفەنگ و تاقم و زەمزەمەكە و 
لایتەكەم و فڵچەی دان و خاولییە بچوكەكەم ئەكەم...
بیری كۆڵەپشتی پڕ كتێب و نامیلكە و بەیاننامەی حزب ئەكەم...
بیریان ئەكەم...
بیری جەولەیەكی ئەوێ و 
رێڕۆیشتنێكی چەند رۆژە و 
لە جادەیەك پەڕینەوە و 
پەڕینەوەیەك لە چەمێ و 
نووستنی شەوێك لە شاخ و 
سەرخستنە سەر بەردێك و 
خەونێك بە گەڕانەوە بۆ نێو شار..
بیریان ئەكەم...
بیری شەوێكی رەهێڵە و 
تەڕبوون لە لێزمەی بارانا و 
چەقین لەناو قوڕی وەرد دا و 
تەزینی شەوێكی بەفر
حەزم بۆ دانیشتنی 
بەر زۆپای مزگەوتێ ئەچێ
بیری خەوێك ئەكەم لەوێ
ئەمەوێ بچمەوە دێیەك و 
بەیانییەك لەوێ كولێرەیەكی گەرمی سەرتەنوور 
بە چایەكی شیرینەوە بخۆم
سەرێك لە پیاوانی گوند بدەم و 
مەرحەبایەك لە كۆترە شینكەكانی 
سەر گوێسوانەی مەكتەبی گوندەكە بكەم
بیریان ئەكەم...
بیری پۆستەر هەڵواسین و 
چالاكییەكانی ناو شار و 
پەلاماری رەبییەیەك و 
هەڵكوتانەسەر موڵگەیەكی دوژمن و 
دەنگی تەقە و زرمەی ئارپیجی و رومانە و 
بیری سرودی ئەی رەقیب ئەكەم.
ئەمن ئێستا حەزم بۆلای هاوڕێكانم ئەچێ 
ئەمەوێ بچمەوە ئەوێ و
 لەوێ لە نوكەوە تێهەڵچمەوە و 
هەموو رۆژێ گوێ لە ئێزگەكە بگرم و 
چالاكییەكان بخوێنمەوە.
ئەمن ئێستا مەیلم لە گەڕانەوەیە بۆ شاخ 
بۆ 49 ساڵ لەمەوبەر و 
لەوێ جارێكی تر... 
لەگەڵ یەكەم مەفرەزەدا 
ببمەوە بە پێشمەرگە و جارێكی تر 
سرودەكەی مەشخەڵان و رێی خەباتمان بڵێمەوە 
من ئێستاكە، بیری ئەوكاتەی خۆم ئەكەم
 بیریان ئەكەم...

بابەتە پەیوەندیدارەکان