مەڵبەندی دیراساتی گشتی، لە رێوڕەسمێكدا بەبۆنەی یادی 50 ساڵەی دامەزراندنی ی.ن.ك، كتێبـی راپۆرتە سیاسییەكانی كۆنگرەكانی یەكەم، دووەم و سێیەمی سەرۆك مام جەلال، لە ئەكادیمیای پەروەردە و پەرەپێدانی كادران بڵاوكردەوە.
لە رێوڕەسمەكەدا، كە ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، سەركردایەتی، كادر و خوێندكارانی ئەكادیمیای پەروەردە و پەرەپێدانی كادران ئامادەبوون، سەرەتا د.یوسف گۆران لێپرسراوی مەڵبەندی دیراساتی گشتی، لە وتەیەكدا باسی لە گرنگی كتێبەكە كرد و رایگەیاند: تێزەكانی كتێبـی راپۆرتە سیاسییەكانی سەرۆك مام جەلال بۆ ئێمەی كادری یەكێتی، گرنگییەكی زۆری هەیە، بەرچاوڕوونییەكی بە بەهایە لە خوێندنەوەی ئەو قۆناغە سیاسییە مێژووییانەی كە هەر سێ كۆنگرەكەی تێدا بەستراوە، كە قۆناغی خۆسازدانەوە و بەجیهانیبوون و عیراقی دوای رووخانی رژێمی بەعسە و سوودێكی زۆری بۆ لێكۆڵەرانی بواری مێژووی حزبی سیاسی لە كوردستان، راگەیاندنكاران و خوێندكاران هەیە، هەروەك سوودێكی زۆری بۆ نووسینەوەی مێژووی ی.ن.ك دەبێت، كە ئێستا لە مەڵبەندی دیراساتی گشتی دەستمان بە نووسینەوەی مێژووی حزبەكەمان كردووە، بۆ ئەوەی ئەو مێژووە بەردەوامە پڕ سەروەرییە، لە چەواشەكاری بپارێزین.
پاشان، ستران عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی، خوێندنەوەیەكی تێروتەسەلی لەبارەی كتێبەكە پێشكەشكرد و وتی: ئەم كتێبە نەك هەڵسەنگاندنە بۆ ئەو قۆناغانەی كە كۆنگرەكانی یەكێتی تێدا بەستراوە، بەڵكو پانۆرامایەكی گرنگیشە لە گێڕانەوەی خەباتی سیاسی و چەكداریی یەكێتی لە سەرەتای دروستبوونییەوە، وتیشی: تێزەكانی سەرۆك مام جەلال و ئەدەبیاتە سیاسییەكەی، بایەخێكی گرنگیان هەیە و پێویستە كار لەسەر كۆكردنەوەی بكرێت و بپارێزرێن.
كتێبـی (راپۆرتەكان) ئەدەبیاتی سەرۆك (مام جەلال) لە سێ راپۆرتی پەسەندكراوی كۆنگرەكانی یەكەم، دووەم و سێیەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، لە كۆكردنەوە و ئامادەكردنی ستران عەبدوڵڵایە، مەڵبەندی دیراساتی گشتی، ئەركی لەچاپدانی لەئەستۆگرتووە، بڕیاریشە لە داهاتوویەكی نزیكدا هەردوو راپۆرتی كۆنگرەكانی چوارەم و پێنجەم، چاپ و بڵاوبكرێنەوە.