دوێنێ، لە رێوڕەسمێكدا كتێبـی (سەنگەر و خوێن) لە كۆكردنەوە و ئامادەكردنی خاتوو ئەمیرە محەمەد، بڵاوكرایەوە.
لە رێوڕەسمەكەدا، كە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی ی،ن،ك و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و فەرماندە و تێكۆشەر و پێشمەرگە دێرینەكان و كەسوكاری شەهیدان ئامادەبوون، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لە وتەیەكدا هەوڵ و ماندووبوونی ئامادەكار و هاوكارانی كتێبەكەی بەرزنرخاند، كە ئەركێكی زۆریان كێشاوە لە كۆكردنەوە و ئامادەكردنی ئەو كتێبە بەپێزەدا، هیواشی خواست ئەو هەوڵانە درێژەیان هەبێت بەئامانجی دۆكیومێنتكردنی وردەكاریی قۆناغە جیاجیاكانی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان.
هاوكات تیشكی خستەسەر رەنج و تێكۆشانی پێشمەرگە كەمئەندامبووەكانی سەنگەر و رایگەیاند: پێشمەرگە كەمئەندامبووەكانی سەنگەر توێژێكی خەباتگێڕن، خۆیان و كەسوكاریان ژیانیان بۆ سەرفرازیی میللەتەكەیان تەرخانكردووە، هەربۆیە تەواوی خەڵكی كوردستان شانازییان پێوەدەكەن، وتیشی: بەداخەوە تائێستا وەك پێویست خزمەتنەكراون، بۆیە پێویستە پەرلەمان و حكومەتی هەرێم، بەیاسا ماف و پێویستییەكانیان بۆ فەراهەم بكات.
لێپرسراوی ئەنجومەن، سوپاسی شێخ ئەحمەد شێخ كەریمی كرد، كە بۆ ئەم رێوڕەسمە دیاریی بۆ 70 پێشمەرگەی كەمئەندامبووی سەنگەر، دابینكردووە.
پاشان، خاتوو ئەمیرە محەمەد ئامادەكاری كتێبەكە، لە وتەیەكدا سوپاسی شێخ جەعفەر و بۆردی هۆشیاری و هەموو ئەو كەس و لایەنانەی كرد كە هاوكاری بوون لە ئامادەكردنی كتێبەكەیدا و وتی: ئەم كتێبە باس لە تێكۆشان و ئازایەتی و قوربانیدانی پێشمەرگە و بەتایبەتیش پێشمەرگە كەمئەندامبووەكانی سەنگەر دەكات، هیوادارم درێژە بەم جۆرە كتێبانە بدرێت و هەموو پێشمەرگە و قارەمانانی رۆژە سەختەكانی خەبات بەسەربكرێنەوە و مێژوویان بنووسرێتەوە.
لەكۆتاییشدا خەڵاتی رێزلێنان و دیاری و كتێبەكە بەخشرایە پێشمەرگە كەمئەندامبووەكانی سەنگەر.
كتێبـی (سەنگەر و خوێن) لەلایەن بۆردی هۆشیارییەوە چاپکراوە و رێوڕەسمەکەش بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكان و كۆمەڵەی پێشمەرگە كەمئەندامبووەكانی سەنگەر، رێكخراوە.