لقی سلێمانیی یەکێتیی نووسەرانی کورد میدیاکاران و شارەزایانی زمانی کوردی کۆدەکاتەوە بۆ رێکخستنەوە و پاراستنی زمانی کوردی لەو شەپۆلی شێواندنەی رووبەڕووی بووەتەوە.
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ئەم وەرزەیدا، لقی سلێمانیی یەکێتیی نووسەرانی کورد کۆڕێکی بە ناونیشانی (پێگەی رۆشنبیری و زمان لە کەناڵەکانی راگەیاندندا) رێکخست بۆ چەند میدیاکارێکی کەناڵ و دامەزراوەکانی راگەیاندن.
هەریەک لە میدیاکارەکان باسیان لە سیاسەتی میدیایی و هەوڵەکانی دەزگاکانیان بۆ پارێزگاریی لە زمان کرد و ئاماژەیان بەو ئاستەنگانە کرد کە لەبەردەم دروستکردنی زمانێکی میدیایی یەکگرتووە لە هەرێمدا و بەشێک لەو ئاستەنگانەش وا خرایەڕوو کە جگە لە نەبوونی زمانێک کە کۆڕی زانیاری یان ئەکادیمیایەکی پسپۆڕ پەسەندی کردبێت، هەندێک لە حزبەکانیش لەڕێگەی دەستەواژەی حزبییەوە بەجۆرێکی دیکە رۆڵیان هەبووە لە شێواندنی زمانی میدیا و کۆمەڵگەش بەگشتی. هەروەها بابەتی زمانی سۆشیال میدیا و پەیجەکانیش کە بەبێ فلتەر بڵاودەبنەوە، کاریگەریی خراپیان لەسەر راگەیاندنەکان داناوە.
لەو رووەشەوە نوێنەرانی رۆژنامەی کوردستانی نوێ و سەتەلایتی گەلی کوردستان و کەناڵی پەروەردە، کەناڵی سپێدە و کەناڵی k24 هەریەکەیان بۆ ماوەی 10 خولەک قسەیان لەوبارەیەوە کرد. پاشان ئامادەبووان بە سەرنج و رەخنەکانیان لە زمانی میدیایی زۆربەی کەناڵەکان، چەند پێشنیازێکیان خستەڕوو تا ئەو پێشنیازانە دوای پوختکردنەوەیان لەلایەن شارەزایانەوە وەک راسپاردەی پەسەندکراو بەرزبکرێنەوە بۆ لایەنە بەرپرسە پەیوەندیدارەکان تا لەو رێگەیەوە سنوورێک بۆ شێواندنی زمانی کوردی دابنرێت.