دوێنێ، جارێکی تر دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان لە هەولێر و سلێمانی، گردبوونەوەی ناڕەزاییان دژی جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان ئەنجامدا، کە پەیوەندیی بەدامەزراندنەوە هەیە، داواکاربوون هەرچی زووترە بڕیاری دامەزراندنیان دەربکرێت.
د.رەهێل فەرەیدون بریکاری وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێم بە کوردستانی نوێ-ی راگەیاند: دەبوو دەرچووانی زانکۆ پزیشکییەکانی کوردستان، هاوشێوەی ساڵانی رابردوو دابمەزرێنرێن و پلەی وەزیفییان پێ بدرێت، بەڵام بەچەندین هۆکار نەتوانراوە ئەوە جێبەجێ بکرێت، بەتایبەتی لەکاتی ئێستا وەزارەتی تەندروستی پێویستی بەو دەرچووانە هەیە سوود لە پسپۆڕییەکانیان وەربگرین.
وتیشی: یەکێک لە هۆکارەکانی دانەمەزراندنی ئەو دەرچووانە، پەیوەندی بە کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان و بابەتە داراییەکانی نێوان هەردوولاوە هەیە، چونکە بەگوێرەی یاسا پێویستە لەگەڵ دامەزراندنی دەرچووانی پزیشکیی عیراق، هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، بەڵام لای ئەوانیش دواکەوتووە و بەجۆرێک لەجۆرەکان وەستاوە.
ئاماژەی بەوەشکرد: جگە لەهەوڵەکانمان لەگەڵ بەغدا، لەناوخۆی هەرێمیش کارکراوە، تا لەسەر بودجەی ناوخۆ دەرچووانی پزیشکی دابمەزرێن، بەڵام ئەویش پێویستی بەچەندین رێوشوێن هەیە، بەتایبەتی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم.
هەولێر، تەها عەبدوڵڵا