پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، پەروین بوڵدان بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی توركیا دەستنیشان دەکات، سیاسەتمەدارێكیش دەڵێت: «ئەمە نامەیەكی توركیایە و دەیانەوێت كرانەوەیەك بەڕووی كێشەی كورددا هەبێت لەپێناو سەركەوتنی پرۆسەی ئاشتی».
محەمەد ئەمین پێنجوێنی سیاسەتمەدار بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: سری سورەیا ئۆندەر جێگری سەرۆكی پەرلەمانی توركیا بوو لە (دەم پارتی)، كە كۆچی دوایی كرد، حزبەکەی پەروین بوڵدانی كاندید كرد بۆئەوەی ببێتە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی توركیا.
وتیشی: لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی توركیا دەنگدان بۆ جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەكرێت، بەڵام تا ئێستا كۆبوونەوەكە نەکراوە و دەم پارتیش پەروین بوڵدانی كاندید كردووە و پێشبینی دەكەم پێشنیازەكە قبووڵ بكرێت و بە رەسمی ببێتە جێگری سەرۆكی پەرلەمان. ئەمەش نامەیەكە، كە توركیا و پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەیانەوێت كرانەوەیەك بكەن بەڕووی كێشەی كورددا لەپێناو سەركەوتنی پرۆسەی ئاشتی».
سەبارەت بە ئازادكردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان-یش، محەمەد ئەمین پێنجوێنی ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە ئازادبكرێت و هەندێك دەنگۆش هەیە بۆ جەژن «عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەڵاحەدین دەمیرتاش و هاوڕێكانیان» ئازاد بكرێن، بەڵام ئەمە تەنها دەنگۆیە و هیچ سەرچاوەیەکی باوەڕپێكراو نییە پشتڕاستی بکاتەوە.
هەروەها جەختیکردەوە، حكومەتی توركیا بە رەسمی هەنگاوی كرداری نەناوە بۆ پرۆسەی ئاشتی و تەنها قسەكانی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) و هەندێك وتەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا هەن، كە دەڵێن «پێویستە دەستووری ئێستای توركیا بگۆڕین و ئەم دەستوورە هی كودەتاچی و سەربازییە و لە كاتی كودەتای سەربازیدا نوسراوە و دانراوە و دەبێت گۆڕانكاری تێدا ئەنجامبدرێت». لەم جۆرە قسانە زیاتر هیچی دیکە نییە، کەواتە تائێستا هیچ هەنگاوێكی كرداری و دڵخۆشكەر نییە و تەنها لێدوانە.
كوردستانی نوێ – هیوا كازم