نیوە زیاتری دەنگدەرانی پۆڵەندا سەرۆکێکی نوێیان هەڵبژارد، نە ئەزموونی سیاسی هەیە و نە ئەندامی حزب بووە، پێشتریش پاسەوانی هۆتێل بووە و ژیانێکی دوور لە جیهانی سیاسەت هەبووە.
کارۆل ناورۆتسکی کاندیدی پارتی «یاسا و دادپەروەریی» نەتەوەپەرستی موحافزکار، کە تەمەنی 42 ساڵە، بە دەنگی 50.89 %ی دەنگدەرانی پۆڵەندا بووە سەرۆکی نوێ و توانی بەسەر راڤال چاسکۆڤسکی سەرۆکی شارەوانی وارشۆ و رکابەری سەربکەوێت، کە ئەو کاندیدی لیبرالەکانە و 49.11 %ی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
بەگوێرەی ئەو ژیاننامەیەی ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشێیتد پرێس بڵاویکردووەتەوە، ناورۆتسکی لەدایکبووی شاری گدانسكە لە کەناری دەریای باڵتیك و خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە مێژوودا. بەر لە هەڵمەتی هەڵبژاردن، هەرگیز بەشداری چالاکی سیاسی نەکردووە و ئەزموونی لەو بوارەدا نییە، تەنانەت ئەندامی هیچ حزبێك نەبووە تا ئەوکاتەی لەلایەن پارتی «یاسا و دادپەروەریی»ەوە کاندیدکراوە.
ناورۆتسکی سەرۆکی پەیمانگای یادەوەریی نیشتمانییە، کە بایەخ بە مێژوویی نەتەوەیی پۆڵەندا دەدات. هەروەها لێکۆڵەرە لە تاوانەکانی نازییەکان و سەردەمی کۆمۆنیستی.
سەرۆکی نوێی پۆڵەندا پێشتر یاری تۆپی پێ و بۆکسێنی کردووە، بەڵام پیشەگەر نەبووە. لە سەردەمی خوێندنی زانکۆشدا پاسەوانی هۆتێلێك بووە.
ناورۆتسکی زۆر سەرسامە بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، تەنانەت لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن چووە بۆ کۆشکی سپی و ترەمپی بینیوە. لەوەش سەیرتر لە کاتی بانگەشەدا هەندێکجار ئاڵای ئەمریکا لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکانیدا بەرزکراوەتەوە.
ئەم سەرۆکە نوێیەی پۆڵەندا پەیوەندییەکی خراپی لەگەڵ روسیادا هەیە و لە لیستی داواکراوانی مۆسکۆدایە. هەروەك دژی ئەوەیە ئۆکرانیا ببێتە ئەندامی ناتۆ و یەکێتیی ئەوروپا، دەیەوێت هەندێك خزمەتگوزارییش لەو ئۆکرانیایە بگرێتەوە، کە وەك پەنابەر روویان لە پۆڵەندا کردووە.
لایەنگرانی ئەم سەرۆکە نوێیەی پۆڵەندا دەڵێن؛ سەرۆکەکەمان بەهای نەریتی نیشتمانی بەرجەستە دەکات. ئەو وەسفە لە پای ئەوەیە دژی لەباربردنی منداڵە و هاوڕەگەزبازی رەتدەکاتەوە.
خۆیشی لە وتارەکانی کەمپینی هەڵبژاردندا بەردەوام دەیوت؛ پۆڵەندا و پۆڵەندییەکان پێش هەموو شتێکن. تەنانەت دژی ئەوەیە هاوکاری کۆمەڵایەتی بدرێت بە ئاوارە ئۆکرانییەکانی ناو پۆڵەندا و دەڵێت: «دەبێت هەموو هاوکارییەکی کۆمەڵایەتی بە پلەی یەکەم بۆ پۆڵەندییەکان بێت».
هەروەها سیاسەتێکی توندی دژی کۆچبەران هەیە و لەگەڵ توندکردنی سنوری وڵاتەکەیەتی لەگەڵ ئەڵمانیا بۆئەوەی رێگری بکەن لە دزەکردنی ئەو کۆچبەرانەی کەیسەکانیان لە ئەڵمانیا رەتدەکرێتەوە.
کوردستانی نوێ