«میدیاكانی یەكێتی، پابەندی پاراستنی بەها كۆمەڵایەتییەكانن و هەرگیز نابینە بەشێك لە تێكدانی سەقامگیریی»

عیماد ئەحمەد: یەكێتی، هەمیشە بەشێكە لە چارەسەر، راگەیاندنەكانیشمان بە هەمان رۆحیەتەوە كاردەكەن

12:32 - 2025-06-04
کوردستان
43 جار خوێندراوەتەوە

لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری، لە یادی یۆبیلی زێڕینی دامەزراندنی ی.ن.ك-دا، سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی راگەیاندنكارانی یەكێتی كرد و دووپاتیكردەوە كە «میدیاكانی یەكێتی، پابەند بە پرەنسیپەكانی راگەیاندن و پاراستنی بەها كۆمەڵایەتییەكان، پەیامەكان ئاڕاستەدەكەن و هەمیشە راستگۆیانە لەگەڵ خەڵك و گەیاندنی خواستەكانیان، دەبن.
دوێنێ، عیماد ئەحمەد لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری، لەگەڵ ئەنجومەنی بۆردی راگەیاندن و ژمارەیەک لە راگەیاندنکارانی كەناڵەكانی یەكێتی كۆبووەوە.
سەرەتا، لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندن، راپۆرتێكی زارەكی لەبارەی چالاكییەكانی راگەیاندن و یۆبیلی زێڕین خستەڕوو و رایگەیاند: بەرپرسیارانە و پیشەییانە ئەركەكانیان راپەڕاندووە. تەئكیدیشی لەسەر سەرخستنی هەنگاوەكانی خۆڕێكخستنەوە و پێداچوونەوە بە پەیامی میدیایی، كردەوە.
پاشان، عیماد ئەحمەد، لە وتەیەكدا رایگەیاند: ئەوەی راگەیاندنی یەكێتی لە میدیاكانی تر جیادەكاتەوە، هەستكردنمانە بە بەرپرسیارێتی، هەرگیز نابینە بەشێك لە تێكدانی سەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتی، لەوبارەیەشەوە جەختی لە پابەندبوون بە بڕیارەكانی سەرۆك و سەركردایەتیی یەكێتی، كردەوە و وتی: یەكێتی، هەمیشە بەشێكە لە چارەسەر؛ نەك كێشە، بۆیە راگەیاندنەكەشمان دەبێت بەهەمان رۆحیەتەوە كاربكات و راستگۆیانە پەیامەكانی بگەیەنێت.
سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای كوردستان و عیراق و ناوچەكە، لێپرسراوی مەكتەب، ئەرك و سیاسەتی كاركردنی میدیایی بۆ ئەم قۆناغە روونكردەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان