خه‌لیل عه‌لی
كاتێك له سه‌ره‌تای هه‌شتاكان وێنه‌ی ره‌نگاوڕه‌نگ دێته هه‌ولێر، (عه‌زیز)یش په‌ره به كاره‌كه‌ی ده‌دات و پێشی ده‌خات و كامێرای پێشكه‌وتووتر ده‌كڕێت، تا ئاستی وێنه‌كانی به‌رزتر بكاته‌وه
(وه‌هبی ره‌سول) ده‌ڵێت: «مێژووی نەتەوەیی ئێمە، هێندەی تۆمار و بە دۆكیومێنت كرابێت، مێژوویەكە زیاتر خۆی لە بازنەی تواناكانی نووسین و نووسینەوەدا خستۆتەڕوو، لەم میانەیەدا و بەم هۆكارەش زۆرجار لەپێناو بەرجەستەبوونی ئەم مێژووە و رووداو و كەسایەتییەكانی، پڕۆسێسێ لە ئەندێشە و وێناكردن، رۆڵ و كارایی خۆی تیادا گێڕاوە، كە ئەوەش حاڵەتێكە سەرلەبەر دەكەوێتە بەر مەوداكانی هێز و دروستێتی تواناكان لای وەرگر، یاخود خوێنەر لەم پڕۆسێسی وێناكردنەدا. ئەم كردەیە لەخۆیدا، خاوەن بەرەنجامێكی نەرێنییە، كاتێك تێپەڕین دەكات لە توانای ئەندێشەكردنی خوێنەر و كەسێكی ئاسایی، بۆ ئەو خوێنەرانەی لە كایەی بینیارییدا كار دەكەن و پێویستی و ئەركیان لەسەر وێنا و بە وێنەكردنەوەی رووداوەكانی مێژوو دامەزراوە. كه‌واته: "وێنە وەك هێزێكی بڕیاردەری بڕندەیە"، لێره‌دا وێنه كاریگه‌ریی گه‌وره به‌سه‌ر هه‌ستی بینینی بینه‌ره‌وه به‌جێ ده‌هێڵێت و ده‌یخاته ئاستی چێژبینین، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی كوردی باشوور زوو به‌و داهێنانه نه‌گه‌یشتووه، ته‌نها له رێگه‌ی گه‌ڕیده و كه‌سه دیبلۆماتكاره‌كانه‌وه، وێنه‌ی شوێن و كه‌سه‌كانمان پێ گه‌یشتووه، به‌تایبه‌ت له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی عوسمانییه‌كان و دواتریش ئینگلیزدا، ئه‌و مێژووه دیته‌نییه‌مان بۆ گێڕدراوه‌ته‌وه. تاكی كورد ئه‌وه‌نده‌ی توانیبێتی هه‌وڵی داوه له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشكه‌وتنەدا رێ بكات، به‌ڵام گرفته كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینییه‌كان رێگری یه‌كه‌م بوون له‌به‌رده‌م ئه‌و پڕۆسێسه خودكارییه‌دا.
لێره‌دا به‌پێویست ده‌زانرێت نموونه‌ی «عه‌زیز»ی وێنه‌گر له هه‌ولێر، به‌رجه‌سته بكرێت. (عه‌زیز عومه‌ر حسێن) له ساڵی1937 له هه‌ولێر له دایكبووه، ساڵی 1959 له هه‌ڕه‌تی لاوی‌دا ئاره‌زووی ده‌چێته سه‌ر كامێرا، به‌تایبه‌ت له‌ژێر كاریگه‌ریی هه‌ریه‌ك له وێنه‌گران: (كه‌مال داود کە سه‌ره‌تای په‌نجاكان دوكانی وێنه‌گریی له هه‌ولێر هەبووە، هەروەها غانم موسڵاوی کە ستۆدیۆكه‌ی لە هەمان ساڵدا له جاده‌ی باتا کردۆتەوە)، ئیدی (عه‌زیز-یش له گه‌ڕه‌كی ته‌یراوا دوكانێكی وێنه‌گریی ده‌كاته‌وه)، وەختی خۆی هه‌شت وێنه‌ی مامه‌ڵه‌ی به چوار درهه‌م چركاندووه، (له سه‌رده‌می مه‌لیكیدا دینارێك بیست درهه‌م بووه). سه‌ره‌تا كامێرایه‌كی رووسی و دواتریش یابانی ده‌كڕێت، تا كاره‌كانی پێ رایی بكات، به‌ڵام له سه‌ره‌تای شه‌سته‌كان له به‌غدا كامێرایه‌كی یابانی سێ پایه‌ی كاره‌بایی به 150دینار ده‌كڕێت و له‌وكاته‌وه جوانترین وێنه‌كانی پێ ده‌چركێنێت.ئه‌وكه‌سانە‌ی كامێراكه‌ی لێ كڕیون دوو برابوون خه‌ڵكی موسڵ بوون و له به‌غدا كه‌ره‌سته و شمه‌كی وێنه‌گرییان فرۆشتووه.
دواتر عەزیز كامێرایه‌كی (كۆداك) ده‌كڕێت، بەتایبه‌تی بۆ ده‌ره‌وه‌ی ستۆدیۆ به‌كاری ده‌هێنێت و جوانترین ئاهه‌نگ و بۆنه‌كانی خه‌ڵكی هه‌ولێری به به‌رزترین ئاست پێ ده‌چركێنێت. له‌سه‌ر ده‌ستی خۆی كوڕه‌كانیشی فێری ئه‌و پیشه‌یه بوون و له هه‌مان كاتیش‌دا كۆمه‌ڵێك شاگردی هه‌بوون، كه له‌ناو ستۆدیۆ و ده‌ره‌وه‌ی كاریان بۆ كردووه. ئه‌و فیلمانه‌ی له‌و كاته‌دا به‌كاری هێناون قه‌باره‌یان بریتی بووه له: 8، 12، 36 دانه‌یی و نرخیشیان هه‌رزان بووه. بۆ یه‌كه‌مجار له هه‌ولێر له سه‌ره‌تای شه‌سته‌كاندا كه‌سێك دوكانێكی شمه‌كی فۆتۆگرافیی له به‌رانبه‌ر ده‌رگای قه‌ڵات ده‌كاته‌وه و دواتریش كۆمپانیای (ئه‌جهیزه ده‌قیقه) له هه‌ولێر ده‌كرێته‌وه و باشترین و پێشكه‌وتووترین كه‌ره‌سته و شمه‌كی فۆتۆگرافیی ده‌هێنێت و ده‌یفرۆشێت. بۆ یه‌كه‌مجار لە ساڵی1975 ئامێری«لارجه‌ر» واتە گه‌وره‌كه‌ر، له به‌غدا به په‌نجا دینار ده‌كڕێت و ده‌یهێنێته‌وه بۆ هه‌ولێر و یه‌كه‌م وێنه به قه‌باره‌ی (50×70سم) و (70×100سم)، به‌ده‌ست چاپ ده‌كات. ئه‌و وێنانه‌ش وێنه‌ی هونه‌رمه‌ندانی كورد: (تاهیر تۆفیق، باكووری، ته‌حسین ته‌ها، فوئاد ئه‌حمه‌د، رەسول بێزار گه‌ردی و..هتد).ده‌بێت، ئه‌مە ده‌بێته یه‌كه‌م هه‌نگاوی داهێنارانه له هونه‌ری چاپكردندا له هه‌ولێر کە به شێوازێكی ئاست به‌رز كاری تێدا كردووه. وێنه‌كان ئاستی چاپكردنیان هێنده به‌رز بووه، دواتر خه‌ڵكیی به لێشاو روویان تێكردووه، به‌تایبه‌ت ماڵه خانه‌دانه‌كانی هه‌ولێر و ده‌ورووبه‌ری. هه‌ر له‌گه‌ڵ لارجه‌ره‌كه ده‌چێته كۆمپانیای ئه‌جهیزه ده‌قیقه‌ی به‌غدا و داوای كاغه‌زی قه‌باره گه‌وره ده‌كات، یه‌ك مه‌تر به ده مه‌تر (رۆڵ)، ئیدی له‌وێڕا پێوانه‌ی وێنه‌كان گه‌وره‌تر ده‌كات به پێوانه‌ی (یه‌ك مه‌تر به دوو مه‌تر)، ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین پێوانه بووه كه له كوردستان چاپكرابێت، هه‌رچه‌نده ئه‌م پێوانه‌یه كه‌س داوای نه‌كردووه، به‌ڵام (عه‌زیز) وێنه‌ی هونه‌رمه‌نده كورده‌كانی له‌سه‌ر چاپ کردووە ته‌نها بۆ نمایش، ئه‌مه‌ش له‌و كاته‌دا سه‌رسامكار بووه. له‌و ساڵه‌دا وێنه‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه به دیاریی بۆ هۆڵی هونه‌رمه‌ندان له هه‌ولێر ده‌بات، تا وه‌ك مێژوو بمێنێته‌وه.
هاوینان له ناوچه گه‌شتیارییه‌كانی مه‌سیف و شه‌قڵاوه لقی كردۆته‌وه، تا گه‌شتیاران سوودی لێ وه‌ربگرن. كاتێك له سه‌ره‌تای هه‌شتاكان وێنه‌ی ره‌نگاوڕه‌نگ دێته هه‌ولێر، (عه‌زیز)یش په‌ره به كاره‌كه‌ی ده‌دات و پێشی ده‌خات و كامێرای پێشكه‌وتووتر ده‌كڕێت، تا ئاستی وێنه‌كانی به‌رزتر بكاته‌وه. هه‌ر له‌وكاته‌دا كۆمه‌ڵێك كامێرا ده‌كڕێت، تا به‌كرێ بیداته هاوڵاتیان و كامێرایەک به فیلمێكی 12ییه‌وە بە دوو دینار و نیو به‌كرێ ده‌دات، دواتر له تاقیگه‌ی ماڵه‌وه وێنه‌ی به 50 فلس چاپ ده‌كات. یه‌كه‌م تاقیگه‌ی چاپی وێنه‌ی رەنگاوڕه‌نگیش له هه‌ولێر به‌ناوی (لارا) ده‌كرێته‌وه، كه خاوه‌ندارییه‌كه‌ی بۆ (فه‌رید)ده‌گه‌ڕایه‌وه. دوای ئه‌ویش كه‌سێكی خەڵکی به‌غدا تاقیگه‌یه‌ك له به‌غداوه ده‌هێنێته هه‌ولێر، به‌ڵام له كاره‌كه‌یدا سه‌ركه‌وتوو نابێت و (فه‌رید) له كاركردندا به‌سه‌ریدا زاڵ ده‌بێت. له كۆتاییدا (عه‌زیز عومەر حسێن)، ده‌ڵێت: "ئێمه له په‌نجاكان و شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا وێنه‌ی ره‌ش و سپیمان له تاریكی‌دا چاپ ده‌كرد، ئێستا یه‌ك وێنه‌گر ناتوانێت وێنه له تاریكی‌دا چاپ بكات. بۆیه ئێمه هه‌نگاو به هه‌نگاو خۆمان پێشخست و له تاریكییه‌وه هاتووین بەرەو رووناكی".
*خه‌لیل عه‌لی ئه‌م دیمانه‌یه‌ی له رێكه‌وتی 29/6/2022 له‌گه‌ڵ (عه‌زیز عومه‌ر حسێن)، خاوه‌نی ستۆدیۆ (فوئاد) کردوە و تۆماریش كراوه.