د. راستى ره‌سول
عوسمان هورمزیار، شاعیرێک پڕاوپڕ لە دڵڕفێنیی و جوانیی، هەر کاتێک تێکستە شیعرییەکانی دەخوێنیتەوە، هەست بە ئەفسوونی قەڵەمەکەی دەکەیت، کە لێوانن لە ئارامیی و هەڵچوون، هەروەها لە تابلۆ جوانەکان و دیاردە قێزەونەکانی کۆمەڵگە. یەکێک لەو هۆنراوانەی هەڵدەگرێت لەسەری بدوێین، هۆنراوەی (دواجار پایز گەیشت)ـە، ناونیشانی هۆنراوەکە لەگەڵ ناوەڕۆکی بابەت یەکانگیر دەبێت، ناونیشانی شیعرەکە ئاماژەیە بۆ کۆتایی تەمەن و لە ناوەڕۆکی هۆنراوەکەشدا هەمان واتا بەرجەستە دەبێت. لەهەمان تێکستدا هەندێجار تەمەنی پیریی بەخۆداچوونەوەی کارەکانی پێشووتر و گۆڕینیانە بە ئاڕاستەیەکی جیاوازتر، لای شاعیر ئەمە تەنها جیاکردنەوەی کات نییە لەناو شوێنێکی دیاری کراودا، بەڵکو خۆپاککردنەوەیە لە خەیاڵە جوانەکان، بەڵام ئەو لە خەیاڵە جوانەکان بێزارە، بەجۆرێک کە بارن بەسەر شانیەوە، کاتێک دەڵێت:
به‌ناو ته‌مه‌ندا ده‌چم
به‌یه‌كجارى ده‌ستم له‌خۆم شوشتووه
چى خه‌یاڵى جوان هه‌یه
یه‌ك یه‌ك له مێشكى خۆم ده‌یانته‌كێنم
دواتر پیریی دەکاتە بیانووی پێڕاگەیشتن بە کارەکانی، بەڵام ئایا تەمەن هەر هەمان ئەو تەمەنە راستەقینەیەیە، یاخود جیاوازە؟ پێناچێت هەمان ئەو تەمەنەی مەبەست بێت، بەڵکو پێدەچێت مەبەستی لە بێهیوایی بێت، چونکە لە تێکستەکەدا هێندە بێ ئومێدیی رەنگی داوەتەوە، هێندە پیریی هۆکاری سەرەکیی نییە بۆ رەشبینییەکەی، کە گەیاندوویەتییە یەقینی مەرگ، شاعیر دەڵێت:
تازه ناتوانم بێ گرفت به‌هه‌موو كاره‌كانم رابگه‌م
خۆم له‌ده‌ست خه‌ونى گه‌یشتن به‌به‌خته‌وه‌رى قووتاركرد
له پووكانه‌وه‌ى جه‌سته‌یی نزیكم نه‌ك دوور
لە کۆپلەی دواتردا رەشبینییەکی سەخت سەرهەڵدەدات، ئاستی بێهیوایی دەیگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی پێویستە هیچ نەخشەیەکی بۆ داهاتوو نەبێت، بە جۆرێک نە بیر لە هەڵاتن دەکاتەوە، نە رەچاوی هیچ داب و نەریتێک دەکات، تەنانەت بير لە داهاتووش ناکاتەوە. واتە ئایندە لای ئەو هیچ بەهایەکی نییە، تەنانەت لە ئایندەش بێ ئومێدە، بیر له هه‌ڵاتنیش ناكاتەوە له شه‌وانى درێژى خه‌مى ته‌نیایی و بێكه‌سییدا، بۆیە دەڵێت:
ره‌چاوى هیچ دابونه‌ریتێك ناكه‌م و
پێویستم به‌هیچ پلانێك نییه بۆ ئاینده
هورمزیار، سەرەڕای بێ هیوایی و رەشبینی بە هۆی ئازارەکانەوە، خۆی بە چوکلێتێک دەچوێنێت دڵی منداڵێکی هەتیوو خۆش بکات. ئەو دەیەوێت چیتر خوێن نەڕژێت، کاتێک وەکو راوچیەک نا بەڵکو وەکو ئاشقێک لە جیاتی ئەوەی نێچیرەکەی بکوژێت گوڵی پێشکەش دەکات، ئەمەش گەڕانەوەیە بۆ حەقیقەتی ژیاندۆستیی و مرۆڤدۆستیی، کاتێک دەڵێت:
ئیدى گرنگ نییه چوكلێتێكى شیرینبم
له ده‌مى منداڵێكى هه‌تیووى بێ دایك وباوكدا
گرنگ ئه‌و دڵى خۆشبێ، بامن شیببمه‌وه و بتوێمه‌وه
گرنگ نییه هه‌ڵۆیه‌كبم له شه‌ڕه بێ ژماره‌كان ماندوو بووبم
گرنگە بۆ یه‌كه‌مجار گوڵ بده‌مه نێچیره‌كه‌م،
تا زه‌رده‌خه‌نه ببینم نه‌ك خوێن...
شاعیر هەست و بیرمان بەرەو مەینەتییەکانی هەژاران رادەکێشێت کە تامی شادییان نەچەشتووە. هەروەها بۆ بەکارنەهێنانی ناولەپی دەست بۆ لێدان و شەڕانگێزیی، ئەمەش دووبارە مانای مرۆڤبوون و ئاماژەی ئاشتییە. جگە لەوەش پەنجە دەخاتەسەر برینی ئەو درۆیانەی کۆمەڵگەیان پێ لە خشتە دەبرێت. هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ مەینەتیی و ئازاری هەژاران لە ناو کۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەکاندا، شاعیر پێی ئاساییە لە پێناو هەژاراندا بسووتێت و ببێتە خۆڵەمێش، گرنگ ئەوەیە دەست و پێیان گەرم بکاتەوە. دیسان ئاماژە بەتەمەن دەکات وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو دەرد و مەینەتییەی تووشی بووە، بۆیە دەڵێت:
گرنگ نییه كۆلكه‌دارێكى نێو ئاگردانبم و ببم به‌خۆڵه‌مێش
گرنگ ئەوەیە ده‌ست وپێى ته‌زیووى هه‌ژارێك گه‌رم بكه‌مه‌وه
گرنگ نییه پیریی ناوله‌پمى پڕكردبێ له نه‌خشى خواروخێچ
گرنگ ئەوەیە ئه‌و ناوله‌په بۆ زللـه به‌كارنه‌یەت و بناگوێى كه‌سى سوور نه‌كردبێتەوە.
زۆر بەکارهێنانی هەردوو وشەی(گرنگ) و (نا گرنگ)، کە دوو ووشەی دژبەیەکن و کۆکردنەوەیان لە هۆنراوەیەکدا، یان زۆر دووبارە کردنەوەیان تایبەتمەندیی خۆی هەیە، ئەمە بە مەبەست ئەنجامدراوە، تاکو ئەو شتانەمان بۆ دەربخات کە گرنگن لە بەرجەستە کردنی واتای نهێنیی تێکستەکەدا، چونکە زۆرینەی بابەتەکان ئاماژەن بۆ بابەتێکی دوورتر و مانایەکی نهێنی، هەر بۆ نموونە: پیریی ئاماژەیە بۆ پەککەوتن، لەهەمان کاتدا ئاماژەیە بۆ ئازارەکانی میللەتێکی بەدبەخت، پووکانەوەی جەستەیی ئاماژەیە بۆ ئیفلیج بوونی کۆمەڵگە و لەناوچوونی بەهاکانی، جگە لەمانەش گرنگیی نەدان بە داهاتوو، کۆتایی ژیانە. ئەو بابەتانەی لای شاعیر گرنگ نین و پێویستە پشتگوێ بخرێن ئەمانەن: هەڵۆی شەڕکەر، کۆلکە دارێکی ناو ئاگردان، ناو لەپی پڕ لە خوار و خێچیی، ئاوازی گۆرانییەکی رۆمانسی، بۆیە دەڵێت:
گرنگ نییه كه‌سێكى لایده
به گوڵ و بۆنى خۆش باوه‌شم بۆ بكاته‌وه
گرنگە باوه‌شم كرده‌وه بۆ هاتنه‌وه‌ى ئه‌وانه‌ى
نایه‌نه‌وه و وتیان دێینه‌وه!
گرنگ نییه له‌كام كۆڵان
باران رێگام لێ ده‌گرێ و ده‌مداته به‌ر ڕێژنه
گرنگە كام كۆڵان، چاوه‌ڕێى هه‌نگاوه بزربووه‌كانمه.
گرنگ نییە به‌كام گوللـه‌ى وێڵ و
له كام جه‌نگى نه‌فره‌تلێكراودا ده‌كوژرێم،
گرنگە بگه‌ڕێمه‌وه و له مه‌راسیمێكى شایستەدا
به‌ڕێزه‌وه به‌خاك بسپێردرێم.
شاعیر لە کۆپلەی دواتردا دەگەڕێتەوە بۆ رابردوو(الاسترجاع)، کە یەکێک لە دوو جۆرەکەی کات، گەڕانەوە بۆ رابردوو، بەرەوپێشچوون بۆ داهاتوو(الاستباق) دەگرێتەوە. باس لە قوتابخانەکەی سەرەتای تەمەنی دەکات، کە دوای راکردن لە قوتابخانە مامۆستا(یونس)، دارکاریی دەکات و باجی ئازادییەکەی دەدات، ئەم چۆتە ئەودیو حەوشەی قوتابخانەکە، بەمە ئازادیی منداڵێک دەشوبهێنێت بە ئازادیی میللەتێک. لێرەدا لەم کۆپلەیەدا خودی چەمکی ئازادییەکەی مەبەست نییە، بەڵکو وێنە و تابلۆکەی لا گرنگترە، ئەویش بریتییە لە جێبەجێکردنی کرداری لێدانی منداڵێک لەلایەن مامۆستایەکەوە، وەکو بێ رێزییەک نا بە مامۆستاکە، بەڵکو وەکو ئاماژەدان بە خراپیی سیستمی پەروەردە، یاخود ئەوەی گەورەکان بەناوی پەروەردەکردن، منداڵەکانی پێ ئازار دەدەن. کەواتە بۆچی منداڵێک ئازار بدرێت لەسەرئەوەی بەسەر دیوارێکدا باز دەدات، یان هەڵدەزنێت؟ بۆچی بەدواداچوون بۆ بابەتەکە ناکرێت، ئایا منداڵەکە بۆ پەنا دەباتە بەر دیوارێک، پەنا ناباتە بەر مامۆستا و یاریدەدەر و بەڕێوەبەرەکەی؟ منداڵێک هیچ لە مانای سەربەستیی نازانێت، بۆچی بە دوایدا وێڵە و ئازار دەدرێت؟ ئایا ئازادیی بە واتای راکردن دێت لە کۆت و بەندەکان یاخود لە ئەنجامی تێکشکاندنی ئەو کۆت و زنجیرانەوە دێت؟
شاعیر هێندە بێ ئومێد دەبێت، دەگاتە ئەوەی گرنگ نییه ئەگەر گه‌نجێكى خێرله‌خۆنه‌دیوى دیلى شه‌پۆلەكانى(ئیجه) بێت، گرنگ ئەوەیە ده‌ستێك بیگرێت، جا دەستەکە گرنگ نییه دەستى کێیە، ئەگەر دەستی مه‌رگیش بێت!
ئەمە ئەوپەڕی بێ هیوایی گەنجەکانە کە دەگاتە ئاستێک خۆزگە بە مردن بخوازن بەو مەرجەی دەربازیان ببێت، کەواتە دەگەینە ئەو ئەنجامەی بەکارهێنانی چەمکی پیریی بە مانا راستەقینەکە نییە، بەڵکو پیربوونە لە گەنجیدا، واتە لە ماوەیەکی کەمی سەرەتای تەمەندا، لەبەرئەوە دەڵێت:
گرنگ نییه ببمه‌وه به‌قوتابیی و فیرار بكه‌م و به‌سه‌ر دیوارى قوتابخانه‌دا ئاوابم،
گرنگە (مامۆستا یونس) داركاریم بكات، تا بزانم ئازادیی چ باجێكى هه‌یه،
گرنگ نییه چۆله‌كه‌یه‌كى ته‌ریو و په‌ڕاگنده‌ى بێ باڵ بم
گرنگە كه‌سێك هێلانه‌م بێت، له‌م ژیانه بێ ره‌حم و بێ نرخ و هه‌رزانەدا،
گرنگ نییه گه‌نجێكى خێر له‌خۆ نه‌دیوى دیلى شه‌پۆله‌كانى(ئیجه)بم
گرنگە ده‌ستێك بێ و ده‌ستم بگرێ، گرنگ نییه ده‌ستى مه‌رگیش بێ!
لە کۆپلەی دواتردا خۆی دەکاتە قوربانیی بۆ رزگارکردنی مێروولەیەک، ئەمەش بەرزترین ئاستی مرۆڤبوونە و درەوشانەوەی مێژووی هەستکردنە بە بەرپرسیارێتی لەسەر ئەم هەسارەیە، پاشانیش خۆی دەکاتە جانتایەکی بەجێماو، لای گرنگە خاوەنەکەی دنیای بەدوادا تەی بکات، کاتێک دەڵێت:
گرنگ نییه ده‌نكه شقارته‌یه‌ك بم و دڵۆپه بارانێك كۆتایی به ژیانم بهێنێ.
گرنگە ببم به پرد، بۆ په‌ڕینه‌وه‌ى مێرووله‌یه‌ك و
رزگاری بكه‌م له چنگى ئاو.
گرنگ نییه جانتایه‌كى له‌بیركراوى نێو وێستگه‌یه‌كى سه‌فه‌ربم
گرنگە خاوه‌نه‌كه‌م به‌جددیی به‌دوامدا بگه‌ڕێ و
مه‌یلى بینینه‌وه‌م دانه‌نێ
لە کۆپلەی دواتردا چیرۆکی نەخشەی جوگرافیایەکی سڕاوەمان بۆ دەگێڕێتەوە، پێ دەچێت ئەو شوێنە لە جوگرافیادا بوونی نەبێت، وڵاتە بێنازەکەی ئێمە بێت، چونکە تەنها کوردستانە لە نەخشەی جوگرافیای جیهاندا بوونی نییە. دواتریش باس لە شەهیدە بێنازەکان دەکات و ئاواتەخوازە لەگەڵ ئەوان یاد بکرێتەوە، هەم وڵاتی بێ جوگرافیا و هەمیش شەهیدی بێ‌ناز، هەردووکیان لە وڵات و شەهیدی ئێمە دەچن. ئینجا دێتە سەر شەقامی پاک، کە ئاماژەیە بۆ مەملەکەتێکی خاوێن، لای شاعیر خودی شەقامەکە گرنگ نییە، پێ دەچێت نەوڕەسە سەرهەڵگرتووەکە ئامانج بێت و ئەمیش ئاماژەیە بۆ گەنجە پەناهەندەکان، کاتێک دەڕۆن و نیشتمان چۆڵ دەکەن. لە کۆتاییدا دەبینین شەقامەکەش بۆ ئەو گەنجە سەرهەڵگرتووانە دەگریی، کاتێک دەڵێت:
گرنگ نییه نه‌خشه‌یه‌كى سڕاوه‌بم
له جوگرافیاى ئه‌م دنیا هیچه،
گرنگە له‌گه‌ڵ شه‌هیده بێ نازه‌كان یادم بكرێته‌وه
گرنگ نییه شه‌قامه‌كه‌ى جاران، ئێستاش پاك وخاوێن و رووناك بێ
گرنگە ئه‌و نه‌وڕه‌سه‌ى به سه‌دریه‌یه‌كى نیللى و
قه‌میسێكى سپییەوە رۆیشت و به‌جێى هێشت و
چاوى شه‌قامى پڕكرد له فرمێسكى نائومێدى، بوو به‌یادگار
لە کۆتاییدا شاعیر، ئاماژە بە پاییز دەکات و دەڵێت وا گەیشت، هەڵبەت پاییز ئاماژەی کۆتایی ژیان و نیشانەی وەرینی گەڵاکانە، لەهەمان کاتدا وەرزی چنینەوەی بەروبوومیشە. هورمزیار، پاییز بە مانای مەرگ بەکار دەهێنێت چونکە ئاماژە بە گەیشتنی پاییز دەکات، پاییز هەم ئاماژەیە بۆ مەرگ و هەمیش بۆ وەرزێکی نوێ، مەرج نییە هەموو پایزێک مەرگ بێت، بەڵکو لەوانەیە شاعیر وەکو ئامرازی نوێبوونەوە بەکاری هێنا بێت، یان شێوازی گۆڕینی ژیان بێت چونکە ئاماژە بەوە دەکات، هیچی دیکە بیر لە ژیان ناکاتەوە کە ئەمە یان خودی مەرگە، یاخود دەستپێکردنی جۆرە ژیانێکی دیکەیە، بەڵام دیسان ئاماژەدان بە پیرەمێردێکی ددان هەڵوەریوو، بەرەو مانای یەکەم پەلکێشمان دەکاتەوە نەک واتای دووەم، کە دەڵێت:
دواجار پایز گه‌یشت
ژیان لاى من ئێستا له ده‌مى پیره‌مێردێك ده‌چێ
هه‌موو ددانه‌كانى کەوتبن.