بەناوبانگترین تیکتۆکەر لە ئەمریکا دەردەکرێت

10:02 - 2025-06-12
هەمەرەنگ
38 جار خوێندراوەتەوە

خابی لام یەکێک لە کارەکتەرە بەناوبانگەکانی تیک تۆک لە جیهاندا، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا دەزگای کۆچبەران بە تۆمەتی ئەوەی ماوەی ڤیزای مانەوەی بەسەرچووە، لە لاس ڤێگاس دەستبەسەریان کرد و بەو هۆیەوە ئەمریکای جێهێشت.
وتەبێژی ئیدارەی کۆچبەران و گومرگی ئەمریکا ئەو هەواڵەیان پشتڕاستکردەوە کە تیکتۆکەری بە رەچەڵەک سەنیگالی و خاوەن رەگەزنامەی ئیتالی، رۆژی هەینی رابردوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هاری رید دەستبەسەرکراوە، بەڵام رێگەی پێدراوە وڵاتەکە بەجێبهێڵێت، بەبێ ئەوەی فەرمانی دیپۆرتکردن لە دژی تۆمار بکرێت.
وتەبێژەکە روونیکردەوە کە خابی لە 30 نیساندا چووەتە ئەمریکا و زیاتر لە ماوەی ڤیزاکەی ماوەتەوە، لە بەرامبەریشدا تا ئێستا خابی  لەو بارەیەوە هیچ لێدوانێکی نەداوە.
رۆیشتنی خابی لە ئەمریکا لە کاتێکدایە هەڵمەتەکانی دۆناڵد ترەمپ دژی کۆچبەران لە زیادبووندایە، لەنێویشیاندا هەڵمەتەکانی لۆس ئەنجلۆسە کە ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی دژی ئیدارەی کۆچ و کۆچبەران لێ کەوتووەتەوە. شایەنی باسە خابی بژاردەی رۆیشتنی پێدراوە، کە پرۆسەیەکی یاساییە و رێگە بە دەستبەسەرەکە دەدات ئەمریکا جێبهێڵێت، بەبێ ئەوەی فەرمانی دیپۆرتکردنی رەسمی دژی تۆمار بکرێت، بۆئەوەی کاتێکی دیکە بتوانێت بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکە، بە پێچەوانەی فەرمانی دیپۆرتکردنەوە کە دەکرێت بۆ ماوەی 10 ساڵ رێگری گەڕانەوەی لێ بکات.
خابی لام –ی تەمەن 25 ساڵ، لە کاتی پەتای کۆرۆنادا لە رێگەی ڤیدیۆ تەنزئامێزەکانییەوە ناوبانگێکی جیهانی بەدەستهێنا، بەبێ ئەوەی یەک وشە بڵێت و لەسەر تیک تۆک زیاتر لە 162 ملیۆن فۆڵۆوەری هەیە.

ئا: دڵان سامان
سەرچاوە: الشرق الاوسط


بابەتە پەیوەندیدارەکان