ئەگەرچی لە زۆربەی پارێزگاكانی عیراق، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران تەواوبووە، بەڵام تائێستا سایلۆكانی سنووری پارێزگای نەینەوا نەكراونەتەوە، ئەوەش گرفتی زۆری بۆ جووتیارانی سنوورەكە دروستكردووە، ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگاكەش، رایدەگەیەنێت: وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی فیدراڵ هۆكاری ئەو كێشەیەیە.
محەمەد جاسم كاكەیی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، بە كوردستانی نوێ-ی وت: هۆكاری وەرنەگرتنی بەشێك لە گەنمی جووتیارانی سنووری موسڵ و دەوروبەری وەك قەزای مەخمور، پەیوەندی بە وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی فیدراڵەوە هەیە، كە گوایە ئەو شوێنانە لەچوارچێوەی پلانی وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵدا نین.
هەر سەبارەت بەو كێشەیە، غازی فەیسەڵ كارگێڕی مەڵبەندی قەرەچوغی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: زیاتر لە مانگێكە دروێنەی گەنمی ئەمساڵ دەستپێكراوە، بەڵام تائێستا سایلۆی مەخمور و زۆربەی سایلۆكانی سنووری پارێزگای نەینەوا گەنمیان لە جووتیارانی سنوورەكە وەرنەگرتووە، وتیشی: نەكردنەوەی سایلۆكان بۆ كەمتەرخەمی لێپرسراوانی یەكە ئیدارییەكان دەگەڕێتەوە، كە دەبوو بەهۆی ئەو دواكەوتنەوە، فشار لەسەر ئیدارەی پارێزگای نەینەوا دروستبكەن، بەڵام هیچ هەوڵێكی لەو جۆرە نابینرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد كە جووتیارانی سنوورەكە زیانی زۆریان پێدەگات و پارەیەكی زۆر دەدەن لە كرێی گواستنەوە و چاوەڕوانی لەبەردەم سایلۆكاندا، بۆیە دەبێت هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكە لە نموونەی كەركوك، كە پارێزگاری شارەكە راستەوخۆ و بەبەردەوامی چاودێریی چۆنیەتی پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەكات، سایلۆكانی سنووری پارێزگای نەینەواش ئیدارە بكرێن و لایەنە پەیوەندیدارەكان سەرپەرشتی بكەن.
هەولێر، تەها عەبدوڵڵا