شیعر

لە ڕێگایەکی دوورەوە تا ماڵێک لە شووشە

10:14 - 2025-06-12
ئەدەب و هونەر
73 جار خوێندراوەتەوە

️پەری شێخ ساڵح

 

دوای یەکشەممە
بەیانیان رەنگێک و
 ئێواران رەنگی شەپۆلێکی دی
تا ئەوسەری دووریی رۆژەکان،
سەرنجی شەختەبەندی کاتەکان دەدەم و دەڵێم:
 ئای لە بۆنی کزەی ئێواران
وەک بەفری سەرماوەرز
خامۆشییەکانی سپی کرد.
درزی گۆزەیەک ساڕێژ بوو، 
گەرووی لە تینوێتی دابڕا
خوێنی سەر کوڵمی گوڵەکان گیرسانەوە و
لە دەست و پەنجە زبرەکانی با، رزگاریان بوو.
رەنگ و بۆی ئەو زەمەنە داڕماوە لە ئانوساتێکی شیریندا
گوڵاویان لێ دادەچۆڕا.
پەیوەندیی لە نێوان کوتانی دەرگایەکی کۆن و
شکاندنی پەنجەرەیەکی بێ شووشەدا 
دیسان بەقەدەر
هاروهاجیی منداڵێکی لاکۆڵان و 
قرتاندنی لاسکی گۆپکەیەک و 
خنکانی چۆلەکەیەکە.
هەموو ئەو شتانەی چاندمان
هەموو ئەو لقانەی شکاندمانەوە
هەموو ئەو رێگایانەی نەمانبڕین
ئەوە ئێمەین
خوێنی شەوە زیندووەکان
لەناو چاوەکانماندا حەشار دەدەین.
وەک ئەوەی هەتاوی هاوینمان 
لەژێر نسێی خۆماندا وەدەرنابێت.
ئەو چیمەنانەی زەرد هەڵگەڕان
لە ئێوارەی بێ بارانی خەزەڵوەردا سەوز بووبوونەوە.
با باوەشی ئاڵاندبووە
باڵای ئەو دار سنەوبەرە چاوسەوزانەی
خەونی فرەیان بە لێوی کزری بارانەوە دەبینی.
چەند شاگەشکەن ئەو خەیاڵانەی
لەناو مینای چاوەکاندا 
بەرەو لای دڵ هەڵدەفڕن.
ئەی باخ، شەو و رۆژێکی تەواوم پێ ببەخشە،
تا میوە ساردوسڕەکانی ئەم وەرزە 
لە جەستەی پڕ لە هاڵاوم بتوێنەوە.
دار هەرمێکان لەسەر ئاوێنە تەڵخەکە  
روونتر خۆیان دەبینن،
یەک یەک هەرمێکان 
لەچاوی یەکدا وەک ئەستێرە تریسکەیان دێ.
خەم هەر دەڵێی جگەرەیەکە
 بەسەر لێوی شەقامەوە خامۆش ماوە.
تاڵی سپیی هەینییەکان 
بێ پرسی شانە هەڵدەوەرن و
یەکە یەکە تاڵی سبەینێ بە ئەسپایی شانە دەکەن. 
تا ئەو کاتەی خۆر هەڵدێ 
هەر لەبیری ئاوابوونی مانگدا بوون،
ئەو فڕندەیەی تۆی هێنا
سێبەریشت هەر لەگەڵ خۆی دەباتەوە.
شێتییەکانت و خەونی ئەمڕۆت 
هەر لە هەمان تای تەرازوودان،
کەچی هەندێجار 
تەنیا بە تاڵە بەنێکەوە بەندن.
حاڵت چۆنە؟
ئاوا تەماشای تابلۆکەی مۆنالیزا مەکە
کە بە دیوارە گەچەکەوە هەڵواسراوە،
کە پێتوابێ تۆ هۆکاری خەندەکەی بووبیت.
پەنجەرەی سەرباخەکەت کردۆتەوە
 تا قاقای پێکەنینی گوڵەکان هەڵفڕن،
ئاخر درەختێ تا مردن
دوودڵیی لە باڵای دەڕژێ.
ئەو باڵندەیەی لەسەر لکی درەختەکە نیشتووەتەوە
ئەو راوچییەی ئەمڕۆ یا سبەی 
تیرەکانی دەستی وا کەنەفتن، 
بەهێزی ماسولکەی ئەمڕۆیان 
خەندەیان دێ، پایزت پیرۆز. 
خەزەڵی سەر شەقامەکان بە پەناتدا گوزەر دەکەن 
ماچ لە یەخەی با دەدەن، 
ئەو ماچە پیرۆزترین دیارییە بەلاتەوە
ئەرێ! پێتوایە شایستەی ئەوەی 
کە خۆتت خۆشبووێت؟!

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان