عەباس عەبدولڕەزاق
وەچەیەکی نوێی هونەری کوردی سەریانهەڵداوە و سەرقاڵی داهێنانەکانیانن، هەر بۆیە جاروبار تیشکدەخەمە سەر بەهرەی یەکێک لەو گەنجانە، ئەمجارەیان باسی هونەرمەندی شێوەکاری کورد کانی کامیل دەکەم، کە لە سلێمانی لەدایکبووە و گەورەبووە، ئێستا لە لەندەن دەژی و کار دەکات. ئەندامی تۆڕی هونەری کۆمەڵایەتییە و کارەکانی بەدواداچوون بۆ سیستمی توندوتیژیی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە کۆمەڵگەی کوردی عیراقدا دەکات، ئەمەیش بوارێکی فرەڕەهەند و هەستیارە وسیمای گەلێک لە کۆمەڵگەکانی ئەم سەردەمە پیشاندەدات. ئەم خانمە لە رێگەی بەکارهێنانی دەنگ و قژیەوە، تیشک دەخاتە سەر پرسە شاراوەکان و تەحەدای چەشنە باوەکان دەکات. ئەو بەردەوام بەشێک لە خۆی دەخاتە ناو کارەکانییەوە و دەیانکات بە مەتریاڵی گەیاندنی بیروبۆچوونەکانی.
(کانی)، بە شیوەیەکی تایبەتی حەزی بە چیرۆکە نەگێڕدراوەکان و مێژووی لەبیرچووە. بۆئەوەی لە رێی بەرهەمەکانییەوە چیرۆکی نەگێڕدراوەمان بۆ بگێڕێتەوە و لەبیرچووەکانیش بە بیر بهێنێتەوە، ئەو، هەموو ئەمانە دەگۆڕێت بۆ هونەر ولایەنە پراکتیکەکەی وەک رێگەیەک بۆ پرسیارکردن و بیرکردنەوە لە کۆمەڵگە بەکاردەهێنێت. هەروەها پێویستە ئەوەش بڵێم کە گوێگرتن رۆڵێکی سەرەکیی دەگێڕێت لە پڕۆسە هونەرییەکەیدا، چونکە کار دەکات بۆ ئاشکرا کردن و هاوبەشی کردنی دەنگە نەبیستراوەکان.
ئەم هونەرمەندە، تاڵەکانی قژی مرۆڤ وەک کەرەستەیەکی سەرەکیی بەکاردەهێنێت بۆ بەستنەوەی چیرۆکە کەسییەکان و لێکۆڵینەوە لە پرسە ئاڵۆزە سیاسی و جەندەرییەکان، وەک جۆرێک لە ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بەو چەواشەکارییە بەردەوامەی ژنان لەناو بۆتەی کەلتوری کۆمەڵگەکەیاندا رووبەرووی دەبنەوە. (کانی) کار دەکات و کارەکانی چەندین شێوەیان هەیە، لەوانە: فۆتۆگرافی، ئینستێلاسیۆن، نمایشی ڤیدیۆیی و دەنگ، بەڵام لە کۆی ئەم شێوازە جیاوازانەی کارکردنیشیدا وەک هونەرمەندێکی ئەکادیمیی سودی لە ئەزموون و زانیارییەکان وەرگرتووە و رێگەیداوە لە کارەکانیدا رەنگبداتەوە.
کانی کامیل لە چەند دێڕێکدا:
- خوێندکاری دکتۆرا لە هونەرە جوانەکان، زانکۆی مانچستەر میترۆپۆلیتان لە مانچستەر، 2024
-بڕوانامەی ماستەر لە هونەرە جوانەکان، زانکۆی میدڵسێکس، لەندەن، 2013
- بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە هونەرە جوانەکان بەشی سیرامیک، لە کۆلێژی هونەرە جوانەکان، زانکۆی سلێمانی، ساڵی 2006