ئەم هاوینە گەرمترین دەبێت؟

10:08 - 2025-06-15
ڕاپۆرت
33 جار خوێندراوەتەوە

ئا: رۆزا دڵشاد مەریوانی


لــــەگـــەڵ نـــزیــکــبــوونــەوەی هاوین، پێشبینییەکان بۆ هاوینێکی گەرم و سەختی بێ وێنە لە زیادبووندان، کەواتە تا چ ئاستێک چاوەڕێی هاوینێک بکەین کە سنوورەکانی گەرمای ئاسایی تێپەڕێنێت؟ ئایا وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا مانگەکانی داهاتوو چی چاوەڕێیان دەکات؟
بێگومان وەک بینیمان مانگەکانی نیسان و ئایار و ئێستاش لە نیوەی مانگی حوزەیران-داین لەچاو ساڵانی رابردوودا لەم وڵاتانە پلەکانی گەرما بەرزبوونەوەی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینیووە، ئەوەش ئاماژەیەکی پێشوەختەیە بۆ هاوینێکی گەرم و سەخت.

لە پلەی دووەمدا دەبێت
زانای کەشوهەوا و شارەزای بواری ژینگە، دیانا فرانسیس لە لێدوانێکیدا بۆ بی بی سی عەرەبی، رایگەیاند: وڵاتانی دەوروبەری کەنداو بەگشتی بەرزترین پلەکانی گەرما لە جیهاندا لە وەرزی هاویندا تۆمار دەکەن، بەڵام «پێشبینی دەکرێت ئەو وڵاتانە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلەی سەدی لە سەرووی تێکڕای وەرزییەوە بەخۆوە ببینن، بەتایبەتی وڵاتانی وەک ئێران، عیراق و کوێت». ئاماژە بەوەش دەدات کە گەرمبوونی جیهان هۆکاری سەرەکی ئەم رەوتەیە.
وەک پێشتر بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی گــۆڕانـــی کــەشــوهــەوای کــۆپــەرنــیــکۆس راگەیندرابوو: هاوینی ساڵی 2024 گەرمترین هاوینی تۆمارکراو بووە لە تۆمارەکانی کەشوهەوای جیهانیدا لە مێژوودا، بەڵام پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەدەن، کە رەنگە هاوینی 2025 توندتر نەبێت، بەڵکو لە گەرمییدا لە دوای ساڵی رابردووەوە لە پلەی دووەمدا بێت.
هاوکات لەسەر ئاستی ناوچەیی راپۆرتێک کە لە گۆڤاری توێژینەوەی جیۆفیزیکی (JGR Atmospheres) لە مانگی ئایاردا بڵاوکراوەتەوە تێیدا هاتووە: پلەکانی گەرما لە هەندێک وڵاتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بە رێژەی دوو بۆ سێ ئەوەندە خێراتر بە بەراورد لە رێژەی تۆمارکراو لە ناوچەکانی دیکەی جیهان بەرزدەبێتەوە.
دیانا فرانسیس راشیگەیاندووە: کە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی 1980ەوە بە تێکڕا 0.52 پلە بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیووە، ئــەمــەش وایکردووە رێژەی گەرمبوون لەو وڵاتانە دوو هێندە خێراتر بێت لەچاو تێکڕای جیهاندا، جگە لە وشکبوونەوەی کانیاوەکان و کەمبوونەوەی بارانبارین کە بەشدارن لە تەشەنەسەندنی گەرمبوونی جیهان.

خراپتربوونی گۆڕانی کەشوهەوا
لەلایەکی ترەوە دەزگای کۆپەرنیکۆس راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە تێیدا هاتووە، تێکڕای پلەی گەرمی جیهان لە مانگی یەکی ساڵی رابردوودا 1.75 پلە بەرزتر بووە لە ئاستی سەردەمی پێش پیشەسازی، کە نزیکەی 150 ساڵ لەمەوبەر دەکات، ئەمەش رەوتێکە نیگەرانییەکان لەبارەی خراپتربوونی گۆڕانی کەشوهەوا دروست دەکات، بە شێوەیەکی گشتی ئەو وڵاتانەی سروشتی بیابان یان نیمچە بیابانیان هەیە لە چاو جیهاندا پلەکانی گەرما تێیاندا خێراتر بەرز دەبنەوە، لە ئەنجامیشدا گەرمبوونی جیهان لەم وڵاتانە زووتر لە وڵاتانی دیکە روودەدات.
لە راپۆرتێکی زانستیشدا پێشبینی کراوە ناوچەکانی کەنداو تا ساڵی 2100 پلەی گەرما تێیاندا تا 9 پلەی سەدی بەرزبێتەوە.
توێژەرانی بەشداربوو لەو راپۆرتەدا خاڵی گەرمی هاوینیان بەسەر نیمچە دورگەی عەرەبی ناوەڕاستدا دەستنیشان کردووە، لەنێویشیاندا ریاز-ی پایتەختی سعودیەیە لەگەڵ جەزائیر کە چڕی دانیشتووانیان هەیە، هەروەها شوێنە گەرمەکانیان لە زستاندا دەستنیشانکردووە کە  مۆریتانیا و چیای ئەلبورز-ە لە ئێران.
رێکخراوی کەشناسیی جیهانی پێشبینی ئەوەشی کردووە، لە هاوینی ئەمساڵدا پلەکانی گەرما لە زۆرێک لە ناوچەکانی جیهاندا ئاستی ئاسایی تێپەڕێنن، لەوانە باکووری ئەفریقا و ناوچەی کەنداو.

نەخشەی نوێی پلەکانی گەرما
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ماڵپەڕەکەیاندا نەخشەی نوێی چاودێری رۆژانەی پلەکانی گەرما لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوکردەوە، بۆ نموونە لە مانگی ئایاردا، دەرکەوتووە بەرزترین پلەکانی گەرما لە هەندێک ناوچەی سعودیە و مۆریتانیا 45 پلەی سەدی تێپەڕاندووە. کاریگەرییە راستەوخۆکانی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماش زیانی بۆ تەندروستی و خۆشگوزەرانی مرۆڤ، هەروەها ژێرخانی ژینگەیی هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی کارلێکی خراپ بۆ ئابووری و دابەزینی کوالێتی ژیان.
سەبارەت بەوەی وڵاتان دەتوانن چی بکەن بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەم واقیعە؟ دیانا فرانسیس دەڵێت: ئەوەی پێویستە خۆگونجاندنە لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا و خۆڕاگرترکردنی شارەکان و ژینگەی شارەکان، بەرامبەر بە کاریگەرییەکانی کەشوهەوای توند و گەرم.
جەختی لەوەش کردەوە، دەبێت وڵاتان سەرچاوەکانی وزەیان بۆ وزەی پاک بگۆڕن و سیاسەتی پیشەسازیی دۆستی ژینگە بگرنەبەر بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی گەرمخانەیی و رێژەی پیسبوونی ژینگە.
دواجار سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی 10 ساڵ بەسەر رێککەوتنامەی کەشوهەوای پاریس لە ساڵی 2015 دا، کە تێیدا 196 وڵات بەڵێنیان دا کار بۆ سنووردارکردنی گەرمبوونی جیهان بکەن، بەڵام تا ئەمڕۆ پلەکانی گەرما لەسەر ئاستی جیهان بەردەوام لە بەرزبوونەوەدان.

سەرچاوە: BBC ی عربی

بابەتە پەیوەندیدارەکان