چێشتخانەی ئەلسوسی لە بەیروت و ئابوورییەکی 135 ساڵە

10:16 - 2025-06-15
ئابووری
26 جار خوێندراوەتەوە
یەکێک لە چێشتلێنەرەکان لە کاتی کارکردندا

دەرباز ستار 


چێشتخانەی ئەلسوسی دەکەوێتە سەنتەری بەیروتی پایتەختی لوبنانەوە و یەکێکە لە گرنگترین شوێنە گەشتیارییەکانی ئەو شارە، ئەم چێشتخانەیە ماوەی 135 ساڵە بە پێشکەشکردنی ژەمە خواردنی بەیانیان لە خزمەت گەشتیاران و هاووڵاتییانی لوبناندایە، بە تامی تایبەت و  جیاواز ناسراوە، لە خواردنە تایبەتەکانی ژەمی بەیانیان بەتایبەت حومس، فەلافل، فاسۆلیا، ئۆمێلێت و قاورمە و زەڵاتەی ئەرۆگۆلا. 
چێشتخانەکە وەک دوکانێکی بچووک لە پشت شارەوانی بەیروتەوەیە، ساڵی 1890 کرایەوە و ساڵی 1930 فراوانتر کرا، دیکۆری چێشتخانەکە زۆر سادە و بێگەردە و بە کورسی و مێزی دار و پلاستیکی رازاوەتەوە.
ئەم چێشتخانەیە یەکەمجار حاجی محەمەد السوسی دایمەزراند و بەهۆی خواردنە بەتامەکانییەوە ناوبانگێکی باشی پەیداکرد، چێشتخانەیەکی زۆر سادەیە، بەڵام بە رووخۆشیی کارمەند و چێشتلێنەرەکانی بۆ دڵخۆشکردنی کڕیاران جیا دەکرێتەوە.
نەریتی خۆیان تێکنەداوە
چێشتخانە بچووک و بەناوبانگەکەی ئەلسوسی لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، زیاتر لە 135 ساڵە نەریتی خۆیان نەگۆڕیوە و نەوە لە دوای نەوە بە شێوازی تەقلیدی، خواردن پێشکەشی میوانەکانیان دەکەن.
دوابەدوای کۆچی دوایی حاجی محەمەد ئەلسوسی دامەزرێنەر، چێشتخانەکە لەلایەن کوڕە گەورەکەیەوە بەناوی مەحمود و ئامۆزایەکی مەحمودەوە بەناوی راجی بەڕێوە دەبرێت.
لوبنانییەکان لە هەموو ناوچەکان و گەشتیارانیش لە وڵاتانی جیاوازەوە زۆر سەردانی ئەم چێشتخانەیە دەکەن، کەناڵی سی ئێن ئێن ئینتەرناشناڵ لە ساڵی 2013دا وەک یەکێک لە 12 باشترین چێشتخانەکانی جیهان بۆ نانی بەیانی هەڵیبژارد.
ئەحمەد مەحمود ئەلسوسی (60 ساڵ)، نەوەی‌ حاجی محەمەد ئەلسوسی  دەڵێت: «لەدوای کۆچی دوایی باوکم لە ساڵی 1987دا لەگەڵ ئامۆزاکەم (راجی کابی) شوێنکاری باپیرم کەوتووم، تا ئەمڕۆش پێکەوە کاردەکەین».
ئەو خۆشەویستی قووڵی خۆی بۆ ئەم پیشەیە و پابەندبوونی خۆی بە میراتی خێزانەکەوە دەردەبڕێت، هیواخوازە کوڕەکەشی سەرکەوتوو بێت لە پاراستنی ناوی ئەلسوسی لە جیهانی چێشتخانە تەقلیدییەکانی لوبنانیدا.

رووکاری دەرەوەی چێشتخانەکە

وێنەیەکی مێژوویی چێشتخانەکە

بابەتە پەیوەندیدارەکان