سالار یاسین
هەمیشە دڵم بەو خێزانانە دەسووتێ کە منداڵەکانیان یان کەسێکیان ئۆتیزم یان نەخۆشیی عەقڵیان هەیە، لەو بارودۆخەی ئێستای کوردستاندا، حکومەتی هەرێم بەرنامەیەکی پلان بۆ دارێژراوی بۆ ئەو خێزانانە نییە کە یارمەتیدەری ئەو کەسە بێ، کە ئۆتیزمی هەیە و لەهەمانکاتدا یارمەتیدەری مادی و مەعنەوی ئەو خێزانەش بێت بۆ کەمکردنەوەی ئەرکی سەرشانیان، لەباری کۆمەڵایەتییەوە ئەو خێزانانەی کەسێکی ئۆتیزمیان هەیە، بەتایبەت ئەگەر منداڵ بێ، لەهەموو پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی دادەبڕێن و پەیوەندییەکانیان تاڕادەی نەمان و یەکسانبوونەوە بە سفر بچووک دەبێتەوە، کۆمەڵگای ئێمە بەوشێوە هۆشیار نییە کە سەبری هەبێ لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو خێزانانەی کە منداڵێکیان ئۆتیزمی هەیە، بەڵکو یەکلایەنە هەموو پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی لەگەڵیان دەپچڕێنن، ئەوەش کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ئەو خێزانانە جێدەهێڵێ و لەوەی هەست بە تەنیاییەکی تەواو دەکەن، لەبەرئەوە پێویستە هەڵمەتێکی گشتی بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا بکرێ لەسەر ئۆتیزم و نەخۆشیی عەقڵی و کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر خێزان و منداڵەکان و ئەو کەسانەی تووشی ئەو نەخۆشییە بوون، لەو گۆشەنیگایەوە من پێم خۆشە باسی فیلمی (من سامم) بکەم، هەم وەک هاندانێک بۆ سەیرکردن و تێگەیشتن لە ئۆتیزم و حاڵەتەکانی، هەم وەک بەرچاوڕوونییەک لەسەر ژیانی ئەو کەسانەی تووشی ئۆتیزم دەبن تا بزانین ژیانیان لە چ ئاستێکی ناخۆشدایە.
فیلمی من سامم
ئۆتیزم یان نەخۆشیی عەقڵی لەهەموو جیهاندا بەڕادەیەکی زۆر هەیە و بە پێی ئامارەکان لە هەر سەد منداڵێک، یەک کەس هەیەتی، بەڵام ئۆتیزم تەنیا تایبەت نییە بە منداڵان، بەڵکو گەورەکانیش ئۆتیزمیان هەیە، بەڵام ئاستی خراپی هەر یەکەیان بۆ یەکێکی تر تەواو جیاوازە.
فیلمی (من سامم) یەکێکە لە جوانترین ئەو فیلمانەی تا ئێستا لەسەر ئۆتیزم بەرهەم هاتووە، لەبەرئەوەی فیلمەکە چیرۆکێکی راستەقینەیە و مەشهەدەکانی کاریگەریی زۆر لە بینەر دادەنێن.
ئەو فیلمە لە ساڵی (2001) بەرهەم هاتووە، (جەیسی نیلسۆن) دەرهێنەرە، (شان پەین) کارەکتەری سەرەکییە و رۆڵی سام دەبینێ، (فانینگ داکۆتە) رۆڵی لوسی دەبنێ، (میشێل پەفیفێر) رۆڵی ریتا دەبینێ کە پارێزەرە و لە دادگا بەرگریی لە سام دەکات، (رەباکە) ئەو کارەکتەرەیە لە ئەنجامی یەکجار سەر جێیی لەگەڵ سام دوو گیان بووە، ئەو کارەکتەرە رۆڵی لە فیلمەکەدا تەنیا پێنج خولەکە، کاتێک لوسی لە دایک دەبێ بە نیازی گەڕانەوە بۆ ماڵ لە نەخۆشخانە دێنە دەرەوە، بەڵام ئەو لە ناو ئاپۆڕەی خەڵکدا سام و لوسی بە تەنیا جێدەهێڵێ، ئەو کارەکتەرە لەوێدا نوێنەرایەتی هەموو ئەو ژنانە دەکات کە ئامادە نین رۆڵی دایک ببینن و لە جیاتی منداڵەکانیان خۆیان بە سەنتەر دەبینن، بۆیە یان وەک (رەباکە) خۆی لە هەموو بەرپرسیارێتییەک دەدزێتەوە و بە دوای ژیانی سینگلی خۆی دەکەوێت و هیچ هەستێکی بۆ منداڵەکەی نابێ، یانیش لەگەڵ منداڵەکانی دەژی و خۆی بە بەرپرسیار نازانی بۆ پەروەردەکردنی منداڵەکانی، بۆیە هێندەی کات بۆ خۆی تەرخان دەکات، هێندە خەمی منداڵەکانی نییە، بە کورتی ئەوە جەوهەری فیلمەکەیە: (رەباکە، سام و لوسی لەنێو ئاپۆڕەی خەڵکدا بە جێدەهێڵێ کە هەردووکیان پێویستیان بە چاودێرییە، سام ئۆتیزمی هەیە و لوسیش تەمنی یەک رۆژە).
خۆشەویستی سام بۆ لوسی
باوەڕ ناکەم لەو ژیانەدا هیچ کائینێک هەبێ لە باوک جوانتر بێ، باوک ئامادەیە هەموو قوربانییەک بدات بۆ خێزان و منداڵەکانی و هەمیشە پێی خۆشە منداڵەکانی لە خۆی باشتر بن، ئەو بۆچوونە ئەگەر بەرامبەر باوکێکی ئاسایی راست بێ، ئەی بەرامبەر باوکێک کە خۆی ئۆتیزمی هەیە دەبێ چۆن بێ؟ بە پێی راپۆرتی دکتۆرەکان (سام) تەمەنی عەقڵیی حەوت ساڵە و خاوەن پێداویستی تایبەتە، سام لەگەڵ یەکەم لە باوشگرتنی لوسیدا خۆشەویستییەکی قووڵی بۆ کچەکەی لەلا دروست دەبێت، هەر ئەو خۆشەویستییەش موعجیزەی دروستکرد و وای لە سام کرد بەرەوڕووی هەموو ئەو ناخۆشیانە بوەستێتەوە کە دەهاتنە سەر رێی، بۆ نموونە یەکەم شەوی هاتنەوە ماڵی سام و لوسی درێژترین و ناخۆشترین شەوە، لوسی بەردەوام دەگری و ژیرنابێتەوە، سام هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات، بەڵام بەرهەمی نابێت، لێرەدا ژنێکی بەتەمەنی دراوسێی کە دەزانی مەسەلە چییە تەلەفۆنی بۆ دەکات و بۆی روون دەکاتەوە کە منداڵی شیرەخۆرە هەر دوو سەعات جارێک دەبێ شیری بدەیتێ، بە کورتی سام لەو فیلمەمەدا نموونەی باوکێکی راستەقینەیە و رۆڵێکی زۆر جوان دەبێنێ کە ئەرکی خۆی بەوپەری خۆشحاڵییەوە جێبەجێ دەکات بەرامبەر منداڵەکەی.
لە فیلمی (من سامم)دا، پەیوەندیی کۆمەڵایەتی لە ئاستێکی زۆر بەرز و جواندایە، ئەگەر یارمەتی دەورووبەر نەبووایە سام هەرگیز نەیدەتوانی بەسەر هەموو گرفتەکاندا زاڵ بێ
زیرەکی منداڵ
منداڵ بە سروشتی خۆی حەزی فێربوونی هەیە و زۆر پرسیار دەکات، هەندێکجار پرسیارەکان ئایینین و هەندێکجاریش پرسیارەکان فەلسەفین و بە بێ ئەوەی هەستیشیان پێ بکات، لوسی هەرچەندە تەمەنی بچووکە، بەڵام زۆر زیرەکە، هەرچەندە لەگەڵ باوکی زۆر دڵی خۆشە و خۆی بە بەختەوەر دەزانێت، بەڵام دەزانێ باوکی جیاوازە لەگەڵ باوکی هاوڕێکانی تری، سام کاتێکی زۆری لەگەڵ بەسەر دەبات و بەردەوام خەریکی یاریکردن و گەڕانن بە باخچەکانی شاردا، لە کاتێکدا باوکی هاوڕێکانی بەهۆی سەرقاڵیانەوە بە ئیش و کار و ژیانی رۆژانەوە، هێندە کات بەسەر نابەن لەگەڵ منداڵەکانیان.
سام و لوسی سەرەتا عەقڵیان لە یەک ئاستدا بوو، سام دەیتوانی وەڵامی پرسیارەکانی لوسی بداتەوە، بەڵام دواتر کە لوسی دەچێتە قوتابخانە ئاستی درک و تێگەیشتنی بەرز دەبێتەوە، ئەوەش لە لایەک بۆ سام ناخۆشە کە ناتوانێ وەڵامی پرسیار و داخوازییەکانی کچەکەی بداتەوە، لە لایەکی ترەوە بۆ لوسیش ناخۆشە کە دەزانێ زیرەکترە لە باوکی، لێرەدا هەستی کچمان بۆ دەردەکەوێت کە تا چ رادەیەک باوکی خۆی خۆشدەوێ، بۆیە بۆئەوەی ئاستی هۆشیاری لەگەڵ باوکی هاوسەنگ بێ، هەوڵی فێربوون نادات لە قوتابخانە، ئەوەش خۆی لە خۆیدا گرفتی بۆ دروست دەکات کاتێک بەڕێوەبەری خوێندنگاکە لە رێگەی ئەو وێنانەی لوسی کێشاوێتی دەزانێ ئاستی هۆشیاری لوسی زۆر لە باوکی زیاترە، بۆیە لێرەدا پرسیاری ئەوە دروست دەبێ کە ئایا ئەو کچە شایانی ئەوەیە لەگەڵ باوکێکی خاوەن پێداویستی تایبەت بژی؟ یان ئەو باوکە دەتوانێ بەشێوەیەکی باش ئەو کچە گەورە بکات و بێ بەشی نەکات لە زۆر شت کە هەموو منداڵێکی ئاسایی هەیەتی؟ لێرەدا گرفتەکە لە دەست سام و لوسی دەردەچێت، قوتابخانە لەگەڵ فەرمانگەی چاودێریی منداڵان دێنە سەر خەت و دەست بە لێکۆڵینەوە دەکەن کە ئایا گونجاوە ئەو باوک و کچە پێکەوە بژین؟
سەرهەڵدانی کێشە گەورەکە
لە تەواوی فیلمەکەدا سام رووبەرووی زۆر گرفت دەبێتەوە لە بەخێوکردن و گەورەکردنی لوسی تا تەمەنی دەبێتە حەوت ساڵ، لەو ماوەیەدا توانی بەسەر هەموو گرفت و کێشەکاندا زاڵ بێت، بەڵام گرفتی ئەو جارەی سام بە تەواوی جیاواز بوو، لە کۆنتڕۆڵ دەرچووبوو، پۆلیس و دادگا بەشداریان لە کێشەدا کرد، کاتێک سام دەگەڕێتەوە سەرکارەکەی لە قاوەخانەی ستاربۆکس، بەڕێکەوت ژنێک گێچەڵی سێکسی پێ دەکات، سام زۆر توڕە دەبێ و کۆنتڕۆڵ لەدەست دەدات، کاتێکیش پۆلیس دێتە ناو بابەتەکەوە کێشەکەی لەسەر گەورە دەکەن، دەڵێن نابێ کچێکی تەمەن حەوت ساڵ لەگەڵ ئەو پیاوە بژی کە خۆی خاوەن پێداویستی تایبەتە و لەهەمانکاتدا بۆ داهاتووی لوسی باش نییە و داهاتووی روون نابێ، لێرەدا فەرمانگەی چاودێری منداڵ و قوتابخانە دژی سام دەبن و لوسی لەباوکی جیا دەکەنەوە، ئیتر بەو شێوەیە برۆکراتییەتی سیستمی سەرمایەداری دەردەکەوێ کە باوک و کچ پێکەوە دەژین و هیچ کێشەیەکیان نییە، بەڵام قانوون رێگە نادات پێکەوە بژین، عەقڵی سام زۆر لەوە بچووکترە بەرەوڕووی ئەو گرفتە گەورەیە بێتەوە، چونکە وەک باسم کرد سام تەمەنی عەقڵیی حەوت ساڵە، بەڵام سام تەسلیم نابێ و هەموو توانایەکی خۆی بەکاردێنێ بۆ گەڕانەوەی لوسی.
پەیوەندیی کۆمەڵایەتی
لە فیلمی (من سامم)دا، پەیوەندیی کۆمەڵایەتی لە ئاستێکی زۆر بەرز و جوان دایە، ئەگەر یارمەتی دەورووبەر نەبووایە سام هەرگیز نەیدەتوانی بەسەر هەموو گرفتەکاندا زاڵ بێ، هاوڕێکانی بەردەوام یارمەتی سام و لوسی دەدەن، کاتێک لوسی دەچێتەوە بۆ قوتابخانە بەهۆی ئەوەی سام پارەی نییە، هاوڕێکانی پارە کۆدەکەنەوە بۆ کڕینی جل و بەرگ و پێداویستییەکانی قوتابخانە، ئەو ژنە بەتەمەنەی دراوسێی، بەردەوام رێنمایی دەکات و جاری وا هەیە سام کە دەچێ بۆ سەر کار، لوسی لای ئەو جێدەهێڵێ. کارکردنی سام کە ئۆتیزمی هەیە لە قاوەخانەیەکدا زۆر بەلامەوە جوان بوو، ئەوەش پێچەوانەی هەموو ئەو کۆمەڵگایانەیە کە کەسی ئۆتیزم بەردەوام و زۆرجار دەبێتە جێگای گاڵتە و هەندێکجاریش سووکایەتی پێکردن، کاتێکیش سام پێویستی بە پارێزەر دەبێ، (ریتە) کە ژنێکی پارێزەرە بە خۆبەخش کاری بۆ دەکات و بەرەوڕووی ئەو هەموو رۆتینیاتی دادگا و پۆلیس و فەرمانگەی چاودیری منداڵان و قوتابخانەش دەبێتەوە تا لە کۆتاییدا لوسی دەگەڕێنێتەوە لای باوکی.
لێرەدا (ریتە) نوێنەرایەتی ئەو مرۆڤە باشانە دەکات کە رۆحییەتی هاوکاری و چاکەی بەبێ بەرامبەریان هەیە، خۆزگە لە کۆمەڵگای ئێمەشدا نموونەی ئەو مرۆڤە جوانانە زۆر دەبوون و یارمەتی ئەو خێزان و کەسانەیان دەدا کە ئۆتیزمیان هەیە.