بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمیی ئاوی خواردنەوەی سنوورەكە، ئیدارە و لایەنە پەیوەندیدارەكانی خانەقین، كۆبوونەوە و بڕیاردرا هەوڵبدرێت ئاوی رووباری سیروان بۆ خواردنەوە بەكاربهێنرێت.
جواد فەیزوڵڵا قائیمقامی خانەقین لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، ئەوەی خستەڕوو كە لەگەڵ لایەنە بەرپرسیارەكان و خاتوو سۆزان مەنسور نوێنەری خانەقین لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، كۆبوونەتەوە و قسەیان لەسەر چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەی ئاوی خواردنەوەی سنوورەكە كردووە، وتیشی: سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی خانەقین گونجاو نییە بۆ خواردنەوە، ئەم كێشەیەش چەندین ساڵە هەیە و مایەی نیگەرانییە، بۆ چارەسەركردنیشی بڕیار لە رێگەیەكی نوێ دراوە ئەویش بەكارهێنانی ئاوی رووباری سیروانە.
ئاماژەی بەوەشكرد كە ئاوی سیروان پاكترە بە بەراورد بە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی خانەقین، بۆیە بەرنامەی ورد دادەڕێژرێت تا بەشێوەیەكی زانستی و گونجاو ئاوی رووباری سیروان بەكاربهێنرێت، ئەوەش یەكێكە لە رێگەكان بۆ چارەسەركردنی كەمیی ئاوی خواردنەوەی شارەكە و لە داهاتووشدا كار لەسەر پلان و بەرنامەی دیكە دەكەین.
خانەقین، ئارۆ سامان