لە دوو رۆژی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، هەواڵ و زانیاری لەبارەی زیانەکان و ژمارەی کوژراو و بریندارەکان بەردەوام لە گۆڕاندایە، بەڵام هەوڵەکانی راگرتنی جەنگەکە و بەدیهێنانی ئاشتی-یش لە زیادبووندان و داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکرێت.
بانگەشە و وەڵامدانەوە
ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکات، کە لە پاڵ کوشتنی سەرکردە سەربازییەکان و زانایانی ئەتۆمی ئێران، زیانی بە ناوەندە ئەتۆمییەکانیش گەیاندووە.
هەرچەندە تاران ئەو بانگەشەیەی ئیسرائیل رەتدەکاتەوە، بەڵام سەرکردایەتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران جەختدەکاتەوە، هیچ سنوورێك نییە لەبەردەمیاندا بۆ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل دوای ئەوەی هەموو هێڵە سوورەکانی بەزاند.
دیپلۆماسیەت لەنێو جەنگدا
لە ئاگربارانی نێوان هەردوو دەوڵەتە بەهێزەکەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، جووڵەی دیپلۆماسی و خواستی بەدیهێنانی ئاگربەست هاتووەتە ئاراوە، سعودیە وەك یەکێك لە دەوڵەتە کاریگەرەکانی ناوچەکە دەیەوێت ئەو رۆڵە ببینێت.
لە دوێنێ شەممەوە، سعودیە هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بە ئامانجی کەمکردنەوەی بارگرژیی سەربازی نێوان ئیسرائیل و ئێران. لەو چوارچێوەیەدا فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودیە پێشوازی لە هاوتا ئەڵمانییەکەی یۆهان ڤادیفول کرد، کە سەردانەکەی بۆ ئیسرائیل راگرت و دوێنێ بەپەلە گەیشتە ریاز بۆ تاوتوێکردنی لێکەوتەکانی ئەو رەوشەی هاتووەتە ئاراوە.
دوای ئەو کۆبوونەوەیە، وەزیری دەرەوەی سعودیە بە تەلەفۆن لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی چوار وڵات قسەی کردووە، کە بریتیبوون لە؛ عیراق، قوبرس، ئیسپانیا و یۆنان، سێ تەوەریان تاووتوێ کردووە (هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، لێکەوتەکانی لەسەر ناوچەکە و هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی رەوشەکە).
رۆژی پێشتریش وەزیری دەرەوەی سعودیە بە تەلەفۆن ئەو تەوەرانەی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی هەشت وڵات تاووتوێ کردبوو، کە بریتیبوون لە؛ کوێت، قەتەر، میسر، فەلەستین، ئوردن، ئێران، بەریتانیا و نەرویج.
پاپا بانگەوازی هەیە
دەنگێکی دیکە بۆ هێورکردنەوەی ئەو بارگرژییەی هەیە، دەنگی لیۆی چواردەیەمینە پاپای ڤاتیکان، کە دوێنێ بانگەوازی ئاراستەی ئێران و ئیسرائیل کرد بە دانایی هەڵسوکەوت بکەن و پەنا بۆ دیالۆگ ببەن.
پاپا جەختیکردووەتەوە، بە نیگەرانییەکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ بارودۆخەکە دەکات. وتووشیەتی: پێویستە هیچ لایەكیان هەڕەشە لە بوونی لاکەی تر نەکات. ئەرکی هەموو دەوڵەتەکانیشە پشتیوانی لە پرسی ئاشتی بکەن لە رێی گرتنەبەری رێگەی ئاشتەوایی و چارەسەری کێشەکان، کە ئاسایش و کەرامەت بۆ هەمووان مسۆگەربکات.
بۆچی ئەو ململانێیە بەردەوامە؟
لەبارەی ئەو هەوڵانەی ئاشتی، کە بۆ کۆتاییهێنان بە بارگرژییەکە هاتووەتە ئاراوە، د.فاروق عەبدول مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانكۆی سلێمانی بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: كێشەی ئیسرائیل و ئێران باکگراوندێكی مێژوویی هەیە، لە دوای شۆڕشی ئیسلامییەوە، ئێران لە بەشێكی سیاسەتی خۆیدا باس لە سڕینەوەی ئیسرائیل دەكات، بەبەردەوامییش تەلئەبیب پێیوایە هەموو جموجوڵەكانی ئێران چ لەڕێگەی هاوپەیمانەکانیەوە، چ لەڕێگەی پەرەسەندنی توانا سەربازیەكانییەوە، بەشێكن لە هەڕەشەی جدی لەسەر ئیسرائیل، بۆیە لەنێوان هەڕەشە و سڕینەوەدا، كە دوو تێزی ناكۆكن بەرامبەر یەك، جۆرێك لە نیگەرانی هەیە بەرامبەر یەكتر، هەرچەندە ماوەیەك دانوستان هەبوو لەنێوان هاوپەیمانەكانی ئیسرائیل كە (ئەمریكا و یەكێتیی ئەوروپان) و ئێران، بۆئەوەی هەڕەشەکان لەسەر هەردوولا نەمێنن و ئابڵوقەی سەر ئێران سووک بکرێت و دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەكەشی بێت.
دەرفەتەکانی چارەسەر هەن؟
وتیشی: بێگومان دەرفەتەكانی چارەسەر یان كەناڵی دیپلۆماسی، پەیوەستە بە لابردنی ئەو دیدگای سڕینەوەیە و دروستكردنی جۆرێك لە متمانە. هێشتا دەرفەتیش ماوە بۆ چارەسەری ئاشتی و دیپلۆماسی، چونكە جەنگ بەردەوام نابێت، ئەگەر درێژەش بكێشێت، لایەنی ئابووری پەكیدەكەوێت و كێشەی بۆ دروستدەبێت، جموجۆڵی بازرگانی پەكیدەكەوێت، زیانە مرۆییەكان زیاتر دەبن، وەك دەبینین جەنگەكە لەم چەند رۆژەدا كە بەردەوامبوو، ترسێكی گەورە لەسەر دانیشتووانی هەردوو وڵات و تەنانەت ناوچەكەش دروستبوو، بۆیە هەموو لایەنەكان هەوڵدەدەن رێگەی چارەسەری ئاشتییانە و دیپلۆماسی بگەڕێتەوە، بەڵام ئەمە پەیوەستە بەوەی تا چەند هەردوو وڵات دەگەنە ئەوەی بە جۆرێك لە جۆرەكان ئیسرائیل و ئێران دەستبەرداری ئەو سیاسەتەی پێشوویان بن و ئەو هەڕەشە و لێدوانانەی پێشوویان نەمێنێت بەرامبەر بەیەكتر، كە ئەمە خاڵی هاوبەشە.
رۆڵی ئەمریکا و ئەوروپا
بەبۆچوونی د.فاروق عەبدول، لەم پرسەدا ئەمریكا و یەكێتیی ئەوروپا قسەی یەكلاكەرەوەیان هەیە، بەتایبەتی ئەمریكییەكان، ئەگەر زیاتر بێنە ناوەوە و گوێ لە وڵاتانی كەنداو و هاوپەیمانەكانیان بگرن لە ناوچەكەدا و بەجۆرێك لە جۆرەكان بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لەناوچەكەدا بكەوێتە مەترسیی گەورەوە، ئەوا بێگومان دەكرێت قەناعەت بە ئیسرائیل بكات و قەناعەت بە ئێرانییەكانیش بكات بگەڕێنەوەسەر رێچکەی گفتوگۆ و دانوستان، بێگومان تا ئێستا دەرفەت هەیە بۆ ئاشتی، بەڵام پەیوەستە بەو فاكتەرانەی ئاماژەیان پێکرا.
کوردستانی نوێ