״هەموو ئەو گەڕەك و كۆڵانانەی فەرامۆشكرابوون، خزمەتگوزارییان پێدەگەیەنرێت״

شارەوانیی كەركوك، پرۆژەی ئاوەڕۆ و كۆنكرێتی گەڕەكی شۆراوی دەستپێكرد

11:19 - 2025-06-15
عیراق
42 جار خوێندراوەتەوە

شارەوانیی كەركوك، پرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆ و كۆنكرێتكردنی كۆڵانەكانی گەڕەكی شۆراوی دەستپێكردووە و بەڕێوەبەری شارەوانیش تەئكیددەكاتەوە «لەسەر راسپاردەی پارێزگار، پرۆژە بۆ تەواوی ئەو گەڕەكانە جێبەجێدەكرێت كە پێشووتر لە خزمەتگوزارییەكان بێبەشكرابوون».
ئەحمەد عومەر بەڕێوەبەری شارەوانیی كەركوك، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، رایگەیاند: گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بۆ سەرجەم گەڕەكەكانی كەركوك بەردەوامە، بەتایبەتی بۆ ئەو گەڕەكانەی كە لە سەردەمی ئیدارەی پێشوودا فەرامۆشكرابوون، وتیشی: پارێزگار و ئیدارەی ئێستای كەركوك رایسپاردووین ئەو گەڕەكانەی خزمەتگوزارییان بۆ نەچووە، زۆر بەباشی بخرێنە نێو پلانی شارەوانییەوە تا بەزوویی پرۆژەكانیان بۆ جێبەجێ بكەین.
سەبارەت بە پرۆژەكانی گەڕەكی شۆراو، بەڕێوەبەری شارەوانی پێیوتین: دوای ئەوەی رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك، بە مەیدانی سەردانی كۆڵانەكانی گەڕەكی شۆراوی كرد و لەنزیكەوە گوێبیستی داواكاریی دانیشتووانەكەی بوو، بەڵێنی جێبەجێكردنی خزمەتگوزاریی ئاوەڕۆ، كۆنكرێت و گەیاندنی كارەبای پێدان و ئێستا پرۆژەكان چوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
كەركوك، هێمن ئەحمەد

بابەتە پەیوەندیدارەکان