گەرمیی كەشوهەوا و گیرفانی بەتاڵی هاووڵاتییان

10:10 - 2025-07-22
ئابووری
23 جار خوێندراوەتەوە
دیمەنێك لە ناوبازاڕی خانەقین

ئا: ئارۆ سامان 

 

دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران كاریگەریی گەورەی لەسەر دۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییان هەبووە، بە شێوەیەك بازاڕەكانی خەڵوەتكردوە، رەنگە هۆكارە سەرەكییەكە ئەوەبێت، بەڵام بەرزیی پلەكانی گەرما لە شارێكی وەكو كەلار و خانەقینیش دیوێكی تری ساردی و سستیی بازاڕە، لەبەر ئەوەی هاووڵاتییان پەنا بۆ مانەوە لە ماڵ دەبەن، وەك ئەوەی بە گیرفانی بەتاڵ بچنە دەرەوە و خۆ لە كەشوهەوای گەرمی ناوچەكە بدەن. 
د. جومعە مەنسور توێژەری ئابووریی، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: سەرەڕای لاوازبوونی ئابووریی خێزانەكان، بەشێكیشان خۆیان لە بازاڕكردن و خەرجكردنی پارەكانیان دەپارێزن و چاوەڕوانی دۆخی نەخوازراوترن، بێگومان ئەمەش كاریگەریی گەورەی هەبووە لەسەر ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان و سستبوونی بازاڕ.
گەرمای سوتێنەر
مامۆستا گەرمیان عەلی شارەزا لە كەشناسی و كاریگەرییە جوگرافییەكان دەڵێ: بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما لە ناوچەكانی گەرمیان پەیوەندیی بە كاریگەرییە جوگرافییەكانەوە هەیە، لەبەر ئەوەی خانەقین و كەلار لە ئاستی رووی دەریاوە نزمن و بەردەوام شەپۆلەكانی گەرما لە ناوچەكانی باشوور و باشووری خۆرهەڵاتی عیراقەوە لە بیابانەكان و سعودییەوە هەوای گەرمی بۆ دێت و زنجیرە چیای زاگرۆسیش رێگرە لە هاتنی هەوای فێنك.
كەمال میرگ شۆفێری تەكسییە، لەبارەی كاروباری رۆژانەیانەوە دەڵێت: بازاڕی كەلار بەتەواوی چۆڵبووە، هاووڵاتییان زۆر بە كەمی دێنە بازاڕ و خۆیان لە خەرجكردنی پارە دەپارێزن، ئێمەش كاروبارمان تەواو لاوازبووە، رۆژی واهەیە بەس گەرمییەكەمان بۆ دەمێنێتەوە و بەتەواوی لە رووی دەروونی و جەستەییەوە ماندووین.
ئاماژەی بەوەشدا: رۆژانی پێشوو نزیكەی 10 كرێی هاتوچۆی تایبەتمان هەبوو، ئێستا وانییە، تا سەعات چوار و زیاتریش، هاووڵاتییان بەكەمی دێنە دەرەوە، بە دوو هۆكار، نەبوونی پارە و گەرمیی كەشوهەوا.
ئەحمەدی دوكاندار باس لەوە دەكات: رۆژانی پێشوو بازاڕ جمەی دەهات، كەمالیات و جلوبەرگ و پێڵاو فرۆشەكان هەمووی قەرەباڵغ بوو، بەڵام دواكەوتنی مووچە هەموو شتێكی پەكخستووە، هاووڵاتییان لە نێوان دوو دڵی و ناڕوونی ئایندەی مووچەدان، بۆیە ترسیان لە هاتنە بۆ بازاڕ و خەرجكردنی پارەكانیان. 
خەڵك ماندووە
دڵشاد ستار توێژەری كۆمەڵایەتی دەڵێت: خەڵكی هەرێمی كوردستان لەو هەموو مووچە دێت و نایەتە بە تەواوی ماندوو بووە، ئەمە كاریگەریی خراپی لەسەر تەواوی جومگەكانی ئابووری هەیە، بۆیە ناكرێت بەئاسانی بەسەر ئەم دۆخەدا تێپەڕین، خەڵك شەڕ و كێشە و گرفتی زۆری بینیوە، بەتایبەت لەم چەند ساڵەی دواییدا هاتنی داعش و شەڕ و ئاژاوەی ناوچەكە، كاریگەریی دەروونی گەورەی لەسەر هاووڵاتییان هەبووە، نەبوونی مووچەش كێشەكە زیاتر قووڵ دەكاتەوە.
هێرش مەجید توێژەری كۆمەڵایەتی، پێیوایە فشارەكان زۆرن و هاووڵاتییانیش تووشی دڵەڕاوكێی زیاتربوون، باس لەوەشدەكات: زۆر گرنگە دۆخی سیاسی بەیەك هەڵوێستی لایەنە سیاسییەكان رێكبخرێتەوە، پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای رێككەوتن بن و لە رووی ئابوورییشەوە كێشەكانی مووچە چاەرەسەر بكرێن.
ئەو توێژەرە جەخت دەكاتەوە: پێویستە دەسەڵات لەسەر ئەم بنەمایانە ژیانی هاووڵاتییان رێكبخاتەوە و ژیانی ئاسایی هاووڵاتییان لە ململانێی سیاسی و بەرژەوەندیی حزبی جیابكاتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان