ئا: كوردەوان محەمەد سەعید
یەكێك لە پرۆژە ستراتیژییەكان، كە عیراق لەم چەند ساڵەی دواییدا دەستی پێكردووە، پرۆژەی رێگای گەشەپێدانە، ئەو رێگایەی لە بەندەری فاوەوە دەست پێدەكات، تا لە باكوورەوە دەگات بە توركیا و چاوەڕوان دەكرێت رێگایەكی بازرگانیی گرنگ بێت بۆ گواستنەوەی كاڵا و شمەكی بازرگانی بە رێگەی وشكانی.
رەزاق سەعداوی وەزیری گواستنەوەی عیراق پرۆژەی بەندەرەی گەورەی فاوی بەسەركردەوە، كە بەشێكی گرنگە لە پرۆژەی رێگای گەشەپێدان و لە كاتی بەسەركردنەوەكەیدا رایگەیاند: پرۆژەی فاو بە گوێرەی ئەو خشتەیەی بۆی دانراوە بەڕێوە دەچێت و ئەمساڵ تەواو دەبێت، نەخشە و نموونەی گشتیی پرۆژەی رێگای گەشەپێدانیش لە تەواوبووندایە و بڕیارە سبەی بخرێتە بەردەستی سەرۆك وەزیران.
فاو دڵی رێگاكەیە
سەعداوی ئاماژەی بەوەشكرد، بەشێكی زۆری پرۆژەی بەندەری فاو تەواو بووە، هەر پێنج سەكۆكەی رادەستكراوە و رێگاكەشی كە 62 كیلۆمەتر درێژە، بە رێژەی %100 كارەكانی تەواو بووە، گۆڕەپانی كۆنتێنەرەكانیش %95ی كارەكانی تەواو بووە و كاری نۆكەند و لەنگەرگەی كەشتییەكانی بە رێژەی %94 تەواو بووە.
وەزیری گواستنەوەی عیراق جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كە بەندەری فاو تەنیا پرۆژەیەكی دەریایی سادە نییە، بەڵكو دڵی پرۆژەی ستراتیژیی رێگای گەشەپێدانە، كە دەبێتە رێگایەكی وشكانی و هێڵێكی ئاسنی مۆدێرنی تایبەت بە گواستنەوە، لە راستیدا رێگای گەشەپێدان سیستمێكی ئابووریی تەواوە، كە چەندین شاری پیشەسازی و گەشتیاری و لۆجستی لەخۆ دەگرێت.
بڕیارە پرۆژەی رێگای گەشەپێدان، تا ساڵی 2028 كۆتایی پێبێت و بڕی 17 ملیار دۆلاریشی بۆ تەرخان كراوە، بە تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە، عیراق بە نیازە ببێتە رێگایەكی سەرەكیی هاتوچۆی بازرگانیی وشكانی لە نێوان كەنداو و ئەوروپادا
2028 تەواو دەبێت
ئەو وەزیرە باسی لەوەكرد، كە یەكێك لە خاڵە گرنگەكان لە پرۆژەی رێگای گەشەپێداندا، دروستكردنی چەندین شاری پیشەسازییە بە درێژایی هەموو رێگاكە و هەر لە بەندەركەشدا پرۆژەی شارێكی تەواوی زیرەك جێبەجێ دەكرێت، كە ناوچەی نیشتەجێبوون و پیشەسازی و خزمەتگوزاری لەخۆدەگرێت.
سەعداوی وتی: پرۆژەی رێگای گەشەپێدان زۆر فراوانە و بواری وەبەرهێنانی زۆر تێدایە، لەبەر ئەوە عیراق دەرگای وەبەرهێنان بۆ كۆمپانیا وەبەرهێنەكان ئاوەڵا دەكات، بۆ كاركردن لە هەر یەك لەو كەرتانەی لە چوارچێوەی پرۆژەكەدا پلانی بۆ دانراوە.
بڕیارە پرۆژەی رێگای گەشەپێدان، تا ساڵی 2028 كۆتایی پێبێت و بڕی 17 ملیار دۆلاریشی بۆ تەرخان كراوە، بە تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە، عیراق بە نیازە ببێتە رێگایەكی سەرەكیی هاتوچۆی بازرگانیی وشكانی و كاڵاو شمەكی بازرگانی لە كەنداوەوە بە ئاسانی و لە ماوەیەكی كەمدا بیگەیەنەتە توركیا و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا، بەوەش عیراق پێگەیەكی بازرگانیی گرنگی دەبێت و ساڵانەش داهاتێكی زۆری لەو رێگایەوە دەست دەكەوێت.
سەرچاوە:
ئەلشەرق ئەلئەوسەت، ئاژانسی هەواڵی عیراق