باخچەی منداڵان بناغەیە بۆ نەوەیەکی ژینگەدۆست

10:34 - 2025-07-22
ژینگە
56 جار خوێندراوەتەوە


ئاری ئاغۆک*

باخچەی منداڵان ئەو سەنتەر و دەزگا پەروەردەییەیە، کە دەسپێکی هاتنە دەرەوە و گۆڕینی ژینگەی منداڵە لەماڵەوە بۆ ئەو شوێنە، پسپۆڕانی ئەو بوارە ئەم قۆناغە بە وێستگەیەکی گرنگ و هەستیار دەزانن، کە پێویستە لە هەموو روانگەکانەوە زۆر بە وریایی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، لەبەرئەوەی لە چوار ساڵی سەرەتای تەمەنی منداڵدا بەشێوەیەکی گشتی لە چوارچێوەی ژینگەی ماڵەوە ژیاوە و بەریەککەوتنەکانی تەنیا لەگەڵ دەورووبەری خۆیدا بووە، جگە لە هەندێک منداڵ کە پێشتر چوونەتە دایەنگە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی باخچەی منداڵان بە یەکەم هەنگاوی گۆڕانکاریی ژینگە و بیرکردنەوەی منداڵ دادەنرێت دوای ماڵ و خێزان، بۆیە  هاتنەدەرەوەی منداڵ لە سنووری خێزان لەو مەڵبەندە پەروەردەییەوە دەستپێدەکات بۆ ژیانی داهاتووی و ئایندەی لە رووی پەروەردە و فێرکردن و گەشەی عەقڵی و بیرکرنەوەی بەرانبەر بە ژیان و دەوروبەر و کۆمەڵگە.
 بێگومان لایەنی پەروەردە و فێرکردن و زانست و زانیاری وەرگرتن، کارێکی گرنگە و پێویستیی هەموو سەردەمەکانە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو ریتم و هەنگاوە پۆزەتیڤ و جوانانەدا، ئەگەر نەتوانین تاکێکی ژینگەدۆست و ژینگەپارێز دروست بکەین، کەواتە پەیامە گەورەکە و ئامانجە گشتییەکەمان نەپێکاوە، چونکە لە رێگەی تاکێکی هۆشیاری ژینگە پارێزەوە دەتوانین نەوەیەکی خاک و وڵات پارێز بنیات بنێین.

ئەگەر نەتوانین تاکێکی ژینگەدۆست و ژینگەپارێز دروست بکەین، کەواتە پەیامە گەورەکە و ئامانجە گشتییەکەمان نەپێکاوە، چونکە لە رێگەی تاکێکی هۆشیاری ژینگە پارێزەوە دەتوانین نەوەیەکی خاک و وڵات پارێز بنیات بنێین


هۆشیاریی ژینگەیی بۆ منداڵ
ماڵبات بەشێوەیەکی گشتی بەخێوکەر و پەروەردەناسی یەکەمن بۆ منداڵ، بۆیە خێزان بە یەکەم ژینگەی منداڵ دادەنرێت کە خۆرسکانە لە هەر خێزانێکدا ئەو پەروەردە ژینگەیی و هۆشیارییە ژینگەییە بەجۆرێکە، بەڵام دەتوانین بڵێین باخچەی منداڵان جگە لە رووی پەروەردە و فێرکردن و رۆشنبیری و تێگەیشتن و فێربوونەوە، بە بناغەی دروستکردنی نەوەیەکی ژینگەدۆست دادەنرێت، ئەمەشیان لە چەند روانگەیەکەوە سەرچاوە دەگرێت.
 بەر لە هەموو شتێک منداڵ لە قۆناغی باخچەی منداڵان، ئەوەی مامۆستا بۆی باس دەکات و پێی دەڵێت و ئاشنای دەکات و ئامۆژگاری دەکات، لای ئەو راست و دروستە و تێنەگەیشتنێکی نەگۆڕە، بۆیە زۆرجار دایک یان باوک لە ماڵەوە بابەتێک لای منداڵ باس دەکەن، گەر لە باخچەی منداڵان بەو شێوەیەی ئەو وەریگرتووە و تێیگەیشتووە لێی وانەبێ، ئەوا لای ئەو راست و دروست نییە، لەکاتێکدا بۆچوونی دایک و باوکیش بەم شێوەیەی ئەو مامۆستایە یە کە بۆی باسکردووە، بەڵام منداڵ هەر ئەوی پێ راستترە، بۆیە ئەگەر لە روانگەی ژینگەییەوە زیاتر بچینە نێو رەهەندی ئەم بابەتەوە، دەگەینە ئەو راستییەی کاتێک مامۆستا باس لە ( ژینگە و ژینگەدۆستی و پاکوخاوێنی و دەستشوشتن و فڕێنەدانی کەلوپەل بۆ سەر زەوی و رێزگرتن لە پیاوانی پاککەرەوەی شار، نەشکاندنی نەمام و چاندنی دارودرەخت و گرنگیدان بە سەوزایی و...هتد) هەر بابەتێکی دیکەی پەیوەست بە ژینگەپارێزی بکات، ئەوا منداڵ راستەوخۆ قبووڵی دەکات و بەهەندی وەردەگرێت، بۆیە لە ئەزموونی کارکردنماندا بینیومانە کاتێک ئەو بەڕێوەبەر و مامۆستا و کارگێری باخچەی منداڵانەی زیاتر گرنگیان بە پرسی ژینگە و ژینگەپارێزیی داوە، هەم بە کردار، هەم بە ئامۆژگاری، ئەوا ئەو منداڵانە وەک فێرخوازێکی هۆشیار لە ژیانی رۆژانەیاندا رەنگیانداوەتەوە و کاریگەرییان لەسەر خێزان و گەڕەک و ماڵباتیان جێهێشتووە، بۆیە زۆر گرنگە مامۆستا و پەروەردەکاران و بەڕێوەبەرانی باخچەی منداڵان لایەنی ژینگە و هۆشیاری ژینگەیی بە هەند وەربگرن، هەروەک چۆن لەم ساڵانەی دواییدا لە بەشێکی زۆری باخچەکانی منداڵان لە هەموو شارو شارۆچکەکان گرنگیان بەو لایەنە پیرۆزە داوە، ئەمەش بەهەوڵ و کۆششی ئاستی تێگەیشتن و رۆشنبیریی و بیرکردنەوەی ئەو مامۆستایانەیە کە خەمخۆر و دڵسۆزی پەروەردە و ژینگە و کۆمەڵگەن، چونکە دواجار هەر ئەو منداڵەیە کە بە بناغەی رۆشنبیریی ژینگەییەوە دەچێتە ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆ و کۆمەڵگە.

*بەرپرسی ژینگە و تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان