ئا: رۆزا دڵشاد مەریوانی
لەگەڵ تێپەڕبوونی چەندین دەیە، هەمەچەشنیی بایۆلۆژی جیهانیی، تووشی قەیران بووە، هاوکات رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەو رەوتانەی ئێستا بۆ جۆراوجۆریی ژینگەیی و ئیکۆسیستمەکان پەیڕەو دەکرێن نێگەتیڤن. راپۆرتەکانی رێکخراوەکە پشتڕاستی دەکەنەوە بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە سێ لەسەر چواری ئیکۆسیستمی خاک و نزیکەی 66 % ی ئیکۆسیستمی دەریایی بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، هەروەها نزیکەی یەک ملیۆن جۆری ئاژەڵ و رووەک مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە.
لە نوێترین راپۆرتی سندوقی جیهانی گیانلەبەرە کێوییەکاندا هاتووە، ژمارەی گیانلەبەرە کێوییەکان لە ساڵی 1970ەوە بە رێژەی 69 % کەمیکردووە، بەتایبەتی لە ناوچە گەرمەکان، هەروەها زیاتر لە 150 هەزار جۆر ئاژەڵ لەو لیستەدا داناوە کە هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە و تێیدا 42 هەزار گیانلەبەری کێوی هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە.
هاوکات راپۆرتێکی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ، جەخت لەوە دەکاتەوە نزیکەی سێ یەکی ماسی، رووبەڕووی راوکردنی زیادەڕۆ دەبنەوە، جگەلەوەی سێ یەکی ماسی ئاوە شیرینەکان هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە.
راپۆرتەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستی دەکەنەوە، بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە، سێ لەسەر چواری ئیکۆسیستمی خاک و نزیکەی 66 %ی ئیکۆسیستمی دەریایی گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، نزیکەی یەک ملیۆن جۆری ئاژەڵ و رووەکیش مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە
سیستمی ژیان
جۆراوجۆریی بایۆلۆژی بریتییە لە جۆراوجۆریی لە زیندەوەری رووەکیی و ئاژەڵەکان و وردە زیندەوەران، جگە لە جۆراوجۆریی ئیکۆسیستمەکانی دەریاچە و دارستان و بیابان و زەوییە کشتوکاڵییەکان، بەشێوەیەک جۆرەکانی ژیان پێکەوە گرێ دەدات و لەگەڵ ژیانی مرۆڤ و رووک و ئاژەڵاندا کارلێک دروست دەکات.
گۆڕانی ژینگە بە زۆریی کاریگەریی لەسەر هەمەچەشنیی بایۆلۆژی دروست دەکات، جگەلەوەی چالاکییەکانی مرۆڤ کە تا دێن چڕ دەبنەوە لەگەڵ زیادبوونی حەزی بەکاربردن و کێبڕکێ لەسەر سەرچاوەکان، بەهۆی سروشتی گەشەکردنی لە رادەبەدەری دانیشتوانەوە و زیادەڕەویکردن بەسەر ئیکۆسیستمەکاندا، دەبنە هۆی داڕمانی هەمەچەشنی بایۆلۆژی دەوڵەمەندی ژینگە و باڵانسە سروشتییەکەی، دواجاریش نەمانی توانای بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە زیندووەکانی بۆ مرۆڤایەتی.
سیستمی خۆراکمان بەندە بە دەوڵەمەندیی سروشتەوە، زیاتر لە 75 % ی بەرهەمە خۆراکییەکانی جیهان پشت بە گەردەنکەرەکان دەبەستن، کە ساڵانە سەدان ملیار دۆلار لە بەرهەمی کشتوکاڵیدا خەرج دەکرێن، بۆیە گۆڕانی پلەی گەرمی ئیکۆسیستم کاریگەریی توندی لەسەر ئەو رووەک و گیاندارانەی لەوێ دەژین و گەشە دەکەن دەبێت.
مەترسیی و تەحەداکان
هەمەچەشنیی بایۆلۆژی دووچاری چەند مەترسییەکی سەرەکی دەبێتەوە، کە بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە روودەدەن، وەک دەرهێنانی سووتەمەنی بەردینی و بەکارهێنانی، دەبنە هۆی گۆڕانی ژینگە و دەردانی گازی گەرمخانەیی لە بەرگە هەوادا و دواجار بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جیهانیی، ئەو مەترسییانەش بریتین لە:
* گەرمبوونی جیهان، گۆڕانی شێوازی بارانبارین، بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا، بە بیابانبوون و وشکەساڵیی.
*زیادەڕۆیی لە ئیستغلالکردنی سەرچاوە سروشتییەکان و لەناوبردنی شوێنی نیشتەجێبوون و دارستانبڕین، کە جۆراوجۆریی بایۆلۆژی ناوازە و ئاڵۆزیان تێدایە.
*پیسبوونی ژینگە، لەوانە پیسبوونی کیمیایی و بڵاوبوونەوەی.
*زیادەڕەویکردن لە ماسیگرتن و بازرگانی نایاسایی بە جۆرەکانی ماسییەوە.
* زیادبوونی بوونەوەرە داگیرکەرەکان کە لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا یان چالاکییەکانی مرۆڤەوە دێن و جۆرە رەسەنەکان لەناو دەبەن.
گرنگیی هەمەچەشنیی بایۆلۆژیی
هەرچەندە گۆڕانی کەشوهەوا، تێکچوونی ژینگە توندتر دەکات، بەڵام جۆراوجۆریی زیندوو بۆ کەمکردنەوەی گۆڕانی کەشوهەوا زۆر گرنگە، کاتێک چالاکییەکانی مرۆڤ گازی گەرمخانەیی بەرهەمدەهێنن، نزیکەی نیوەی دەردانی گازی ژەهراوی لە بەرگەهەوادا دەمێنێتەوە و وشکانی و زەریاکان نیوەکەی تری هەڵدەمژن، ئەم ئیکۆسیستمانە و ئەو جۆراوجۆرە زیندووانەی لەخۆی دەگرن، دەبنە سەرچاوەیەک بۆ کاربۆنی سروشتیی و چارەسەری سروشتیی گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن.
لە ساڵی 2022 دا بۆ کەمکردنەوەی دابەزینی جۆرەکان و پاراستنی جۆراوجۆریی زیندوو، نەتەوە یەکگرتووەکان پلانێکی جیهانیان بۆ دووبارە داڕشتنەوەی پەیوەندی مرۆڤایەتی لەگەڵ سروشتدا راگەیاند، پلانەکە چوارچێوەی جیهانی هەمەچەشنیی بایۆلۆژی کونمینگ-مۆنتریاڵی پەسەند کرد، کە 23 ئامانجی بۆ ساڵی 2030 و پێنج ئامانجی جیهانیی بۆ ساڵی 2050 داناوە، بۆ راگرتن و پێچەوانەکردنەوەی تێکچوونی ژینگە لە ماوەی 25 ساڵدا.
لەنێو ئەو ئامانجانەی دەبێت لە چوارچێوەی کاری نێودەوڵەتی بۆ ژینگە بەدیبهێنرێن، بریتین لە گەڕاندنەوەی 20 %ی ئیکۆسیستمە تێکچووەکان و کەمکردنەوەی جۆرە زیندەوەرە نامۆ و داگیرکەرەکان بە رێژەی 50 %، دواجار سەرەڕای نیگەرانییەکان سەبارەت بە دابەزینی جۆراوجۆریی زیندووی ژینگە، هەندێ خاڵی پۆزەتیڤ بەدیدەکرێن، لەوانە کاری نێودەوڵەتی هاوبەش بۆ ژینگە و بەکارهێنانی بەربڵاوی تەکنۆلۆژیا بۆ دیاریکردن و کەمکردنەوە و خۆلادان لەو زیانانەی بەر ژینگە دەکەون.
سەرچاوە: aljazeera.net