ئاوات كۆكەیی
دوژمن هەنگاو بە هەنگاو چاودێریی دەكرد، لە رێگەی كەسانی سەر بە خۆیان و كەسانی دیكەی كاسەلێسەوە ورد و درشتی هەواڵی جموجۆڵەكانیان كۆدەكردەوە، هەوڵەكانی چاودێریكردنی ئەو سەرکردەیە، بە چڕی و لەلایەن شارەزایانی بواری هەواڵگریی و ئەمنییەوە سەرپەرشتی دەكرا، توانا و كاتێكی زۆری بۆ تەرخانكرا.
دوژمن بەلایەوە گرنگ نەبوو بە چ نرخێك پیلانەكەی سەردەگرێ، گرنگ ئەوەبوو سەربگرێت و ئامانجەكەیان بێتە دی، بەپێی پیلانێكی ورد و تۆكمەی دەزگا هەواڵگری و ئەمنی و سەربازییەكان، نەخشەیەك ئامادەكرابوو بۆ دابڕینی حەمەغەفور ئاغجەلەری لە شۆڕش، پیلانەكەش لە سێ بڕگە پێكهاتبوو.
یەكەم: بەخشینی پارە و سەروەت و پۆست و پلەی دەوڵەتیی بەپێی خواستی خۆی.
دووەم: دەستگیركردنی كەسوكار و گوشار خستنەسەری.
سێیەم: لە حاڵەتی سەرنەگرتنی بڕگەی یەكەم و دووەمدا لەناوبردن و شەهیدكردنی.
هەڵبەت دوژمن هەر زوو لە یەكەم و دووەمدا شكستی خوارد، لەبەرئەوەی خەون و دنیابینی حەمەغەفور ئاغجەلەری، خەونی سەركردەیەك بوو بۆ رزگاریی نەتەوە و خاكەكەی و بەدیهاتنی خەونی سەركردەش، باجی دەوێت.
شەهید حەمەغەفور ئاغجەلەری، لەبەرئەوەی قاڵبووی شۆڕش و سەنگەر و كاروانی بەرگریی نەتەوەكەی بوو، ببووە ئامانجی دوژمن، پێشمەرگەی شۆڕشی پێشوو و یەكێك لە هەڵگیرسێنەرانی شۆڕشی تازەش بوو، خاوەن پێگەی فراوانی كۆمەڵایەتی و كەسێتییەكی كاریگەر بوو، شارەزای خەباتی پارتیزانی و بنەماكانی كاری شۆڕشگێڕانەش بوو.
ئیدی لە درێژەی هەوڵەكانی رژێمدا، ئەو سەركردەیە نە بە ماڵی دنیا لە خشتەبرا و نە بەگرتنی كەسوكارەكەشی كۆڵیدا، بەڵكو سوورتر و مكوڕتر بوو لەسەر بیروباوەڕە نەتەوەییەكەی.
دوژمن نەیدەتوانی بە هێرش و بەرەنگاربوونەوە دەستی بگاتە ئەو سەركردەیە، بۆیە پەنای بردە بەر ناپاكانی ناوخۆ و بە سوود بینین لە هەستی پاك و بیروباوەڕی نەتەوەییانەی خۆیەوە، چوونە سەر جێبەجێكردنی پیلانەكە.
تاقمێك چەكداری لایەنێكی كوردی، لە بەرگی پێشمەرگەدا و لە راستیدا ناپاك و سەر بە رژێمی بەعس، لە سنووری ژێر ركێفی حەمەغەفور هەڵتۆقین و ئەویش بۆ پتەوتركردنی سەنگەری نەتەوایەتی، رێگەیدان بمێننەوە و مەبەستیشی بوو ئەوە هەنگاوێك بێت بۆ نەهێشتنی ناكۆكیی ناوخۆیی و یەكخستنی تواناكان بۆ بەگژداچوونەوەی داگیركەر، بەڵام ئیتر ئەوان دەرفەتیان لەو نییەتە پاكە وەرگرت و خۆی و هاوڕێكانیان شەهید كرد.
پوختەیەك لە ژیاننامەكەی
شەهید محەمەد غەفور ئەحمەد ناسراو بە حەمەغەفور ئاغجەلەری، لە دایكبووی ساڵی 1939ی شارۆچكەی (ئاغجەلەر)ی سەر بە پارێزگای كەركوكە، لە شۆڕشی ئەیلولدا فەرماندەی بەتالیۆن بووە و لە یەكێك لە نەبەردییەكاندا، فڕۆكەیەكی دوژمنی خستووەتە خوارەوە، یەكێكە لە سەركردەكانی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ.
بەرەبەیانی رۆژی 23/7/1977 لە گوندی (كانی بی)ی سەر بە شاری كۆیە، لەلایەن تاقمێكەوە ناپاكییان لێكرا و لەگەڵ پۆلێك پێشمەرگەدا، شەهیدكران.
پێشتر دایك و باوك و هاوسەر و منداڵەكانی دەستگیر كرابوون، دوای 45 رۆژ لە شەهیدبوونی، پاشان ئازاد كران.