ئازاری رۆژئاوای كوردستان لە تابلۆكانمدا رەنگی داوەتەوە

11:42 - 2025-07-23
هەمەرەنگ
92 جار خوێندراوەتەوە

فەلەك یوسف یەكێكە لە هونەرمەندە شێوەكارەكانی رۆژئاوای كوردستان و خەڵكی شارۆچكەی گركێلەكی –یە، زۆربەی تابلۆكانی پەیوەندی بە ئێش و ئازارەكانی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان بە تایبەتی ئاوارە و پەنابەرەكانە.
فەلەك بە دوالاپەڕەی وت: نێگاركێشیی ئارەزووی سەردەمی منداڵیمە، بۆیە هەر لە منداڵییەوە دەستم بە هونەری شێوەكاری و نیگاركێشان كردووە. پەیمانگەی هونەرم تەواو كردووە، ئێستا سەرقاڵی تابلۆ و وێنەی نەخشێنراوم، زیاتر وێنەی نەخشێنراوی بچووك لەسەر داوای خەڵك دروستدەكەم، چونكە خواستێكی زۆری لەسەرە و ئەمەش وایكردووە كە پێشوازی لە بەرهەمەكانم بكرێت. 
وتیشی: ئێش و ئازاری خەڵكی رۆژئاوای كوردستان بە تایبەتی ئاوارە و پەنابەرەكان لەناو تابلۆكانمدا رەنگی داوەتەوە، بە شێوەیەك كە دۆخی رۆژئاوا بە وێنە و تابلۆكان نیشان دەدەم، ئێستا دۆخێكی سەخت و دژوار لە رۆژئاوای كوردستان دەگوزەرێ و یارمەتی نادرێین، بەڵام من بە شێوەیەكی جیاواز و بە پشتگیری خێزانەكەم پەرە بە كارە هونەرییەكانی خۆم دەدەم، ژمارەیەكی زۆر تابلۆ و وێنەی نەخشێنراوم دروستكردووە و ئەمەش بووەتە مایەی سەرنجی خەڵكی، بەڕاستی هونەری نیگاركێشی یەكێكە لە جوانترین هونەرەكان، گوزارشت لە هەستی مرۆڤ دەكات.

ئەیاز هەركی

بابەتە پەیوەندیدارەکان