ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە؛ "هەرێمی کوردستان سەرجەم پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی رێککەوتنی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ جێبەجێ کردووە و داوایکردوە؛ "حکومەتی فیدراڵ لە زووترین کاتدا مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بنێرێت".
ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاندووە؛ هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێکردووە، لەم چوارچێوەیەدا:
داهاتی نانەوتی: وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم بڕی 120 ملیار دیناری بە کاش خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
لیستی مووچە: لیستی مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیران بە وردبینیکراوی ئەوانەی بەغدا کراوە، هاوکات تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە نێردراوە.
نەوت: وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم هەموو ئاسانکارییەکی پێشکەش بە لیژنەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و کۆمپانیای سۆمۆ کردووە بۆ سەردانی کێڵگە نەوتییەکان و بەردەستخستنی زانیارییەکان. هەروەها هەردوو وەزارەت گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەسەر پرۆتۆکۆلی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد کە بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت کەمیکردووە.
بەرامبەر بەم هەنگاوانە، ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و دەستبەجێ مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بنێرێت، کە ماوەی سێ مانگە راگیراوە و مافێکی دەستووری و یاساییانە.