د.ئەبوبەكر خۆشناو، سیاسەتمەدار و رووناکبیر

12:52 - 2025-07-25
کەلتور
57 جار خوێندراوەتەوە

خەلیل عەبدوڵڵا

د. ئەبوبەكر خۆشناو كەسایەتییەكی سیاسی‌و ریوناكبیری دیاری كوردستانە‌و وەك پێشمەرگە‌و رووناكبیرێك خزمەتی بەگەلی كوردستان كردووە‌و شوێن پەنجەی بەبوارەكانی رووناكبیری‌و رۆژنامەگەرییەوە دیارە.
ساڵی 1956 لەگوندی خۆرانی بناری چیای سەفین لەدایك بووە.
لە هەولێر‌و بەغدا خوێندوویەتی‌و خوێندكاری بەشی وەرگێڕانی كۆلیجی ئادابی زانكۆی  موستەنسریە بووە، بەهۆی ئاشكرابوونی لەكاری سیاسی نەیتوانیوە درێژە بەخوێندن بدات‌و زانكۆی بەجێهێشتووە‌ و لەمانگی ئایاری  1980 پەیوەندی بەهێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە كردووە.
بەهۆی ئەوەی خولیای نووسین‌و بایەخدان بوو بە كایەی رۆشنبیری، لە شاخیش بایەخی بەو بوارە داوە‌و یەكێك بووە لە دامەزرێنەرانی یەكێتیی نووسەرانی كوردستان‌ و لە بواری رۆشنبیری‌ و راگەیاندن ‌و رۆژنامەنووسی خزمەتێكی زۆری لە شاخ پێشكەش كرد.
سەرباری ئەوەی خۆشناو وەك ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبواری سیاسی خزمەتی كرد ‌و چەندین پۆست‌و لێپرسراوێتی حزبی وەرگرتووە، بەڵام لەكایەی رووناكبیریش هەر بەردەوام بووە‌و بەرهەمەكانی بڵاوكردۆتەوە.
ماوەی 8 ساڵ بەرپرسی بەشی رووناكبیریی مەكتەبی رێكخستن ‌و سەرنووسەری گۆڤاری رێبازی نوێ‌ بووە ‌و سەرپەرشتی دەركردنی 45 ژمارەی ئەو گۆڤارەی كردووە.
لەبواری وەرگێڕانیشدا دەستێكی باڵای هەبووە‌و چەندین كتێبی ناوازەی بۆ زمانی كوردی وەرگێڕاوە.
خاوەنی سەدان وتار و 38 كتێب‌ و نامیلكەی چاپكراوە لە بوارەكانی ئەدەب‌و سیاسەت‌و وەرگێڕاندا.
ساڵی2001 بڕوانامەی ماستەی لە ئەدەبی كوردی بەدەستهێنا ‌و تێزی ماستەرەكەی بەناونیشانی (شیعری بەرەنگاری كوردی 1975-1991) بووە.
ساڵی 2006 نامەی دكتۆرای بەناونیشانی (جیاوازی‌ و نوێگەری لە نێوان گۆران‌ و نيمایوشیج) لەئەدەبی كوردی وەرگرتووە.
ئەم سیاسەتمەدار و رووناكبیرەی كوردستان لە رۆژی 25ی تەممووزی 2011 بەنەخۆشی كۆچی دوایی كرد.
بەڵام ناو و ناوبانگ‌و بەرهەمەكانی بەنەمری دەمێننەوە.
دروود بۆ رۆحی پاكی د.ئەبوبەكر خۆشناوی نەمر لە ساڵڕۆژی دوا ماڵئاواییدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان