پیشەسازیی پترۆكیمیایی، ئەوروپا رووبەڕووی گەورەترین ئاستەنگ دەکاتەوە

09:34 - 2025-07-24
ئابووری
29 جار خوێندراوەتەوە
كەرەستەی خاو لە ئەوروپا گرانتر دەكەوێت وەک لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید

پیشەسازیی پترۆكیمیایی ئەوروپا لەبەردەم سەختترین قۆناغدایە، بەهۆی ململانێی لەگەڵ بەرهەمە جیهانییەكاندا، لە پێش هەموویانەوە بەرهەمی چین، چونكە بەرزبوونەوەی تێچوون و پێشكەوتنی بەرهەمهێنان لە وڵاتانی دیكە، بە تایبەت چین، وا دەكات ئەوروپا لە بەرهەمە كیمیاییەكاندا سەربەخۆیی لەدەست بدات و ناچار بێت كەرەستە سەرەتاییەكانی وەك ئیسیلین و پرۆپایلین هاوردە بكات.
بە پێی خەمڵاندنی كۆمپانیای (ود ماكنزی)ی تایبەت بە راوێژكاریی، بەرهەمهێنانی ئیسلین لە یەكێتیی ئەوروپا بە رێژەی %40 پەكی دەكەوێت، كە دەكاتە 24.5 ملیۆن تۆن، ئەویش دوای ئەوەی كۆمپانیاكانی وەك: شێڵ، تۆتال ئینێرژی، داو و ئێكسۆن مۆبێل رایانگەیاند، بە نیازن بەش و كارگەكانی بەرهەمهێنانی پترۆكیمیاییان لە ئەوروپا دابخەن.

هەرزانیی كەرەستەی خاو لە هەندێك وڵات
هۆكاری سەرەكیی قەیرانەكە و بیركردنەوە لە داخستنی كارگەكان پەیوەستە بە سوودی بەرهەمهێنان لەو كارگانەدا، چونكە ئێستا زۆربەی كارگەكانی ئەوروپا بە توانای %80 كار دەكەن، ئەوەش ئەو ئاستەیە كە لە دوور مەودادا سوودی كەمە، لە بەرامبەردا زۆر وڵات و ناوچەی دیكە بەهۆی هەرزانیی كەرەستەی خاوەوە قازانجیان زیاد دەكات، وەك: وڵاتانی ئەمریكای باكوور و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، كە تێیاندا كەرەستەی خاو ئەوەندە هەرزانە، تێچوونی بەرهەمیان نیوەی تێچوونی هەمان بەرهەمە كە لە ئەوروپا دروست دەكرێت. 
چین، یەكێكە لە توانا زەبەلاحەكان لەو بوارەدا و لە پلانیشیدا هەیە تا ساڵی 2030 بڕی بەرهەمی ساڵانەی ئیسیلینی بە رێژەی %6.5 زیاد بكات و بیگەیەنێتە 87 ملیۆن تۆن، ئەو بڕە بەرهەمەش سێ هێندەی توانای بەرهەمهێنانی ئێستای یەكێتیی ئەوروپایە، بۆ خۆ رزگاركردنیش لە باجی ئەوروپا و ئەمریكا، بڕیاری داوە كارگەكانی لە باشووری خۆهەڵاتی ئاسیا دابمەزرێنێت.

وڵاتانی ئەمریكای باكوور و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، كە تێیاندا كەرەستەی خاو ئەوەندە هەرزانە، تێچوونی بەرهەمیان نیوەی تێچوونی هەمان بەرهەمە كە لە ئەوروپا دروست دەكرێت، لەبەر ئەوە ئەو وڵاتانە قازانجێكی زۆر دەكەن

زۆر درەنگە بۆ جێبەجێكردن
ئەوروپا كە سەرچاوە و لانكەی سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازییە، رەنگە هەروا بە ئاسانی شكست قبووڵ نەكات، هەر بۆیە لە بەرامبەر ئەم پاشەكشەیەدا كۆمیسیۆنی یەكێتیی ئەوروپا رایگەیاند: پلانی زیادكردنی بەرهەمی كیمیایی لەبەردەستدایە، بە تایبەتیش بۆ زیادكردنی هەردوو بەرهەمی ئیسیلین و پرۆپایلین، بەشێك لە پلانەكەش بەو شێوەیەیە كە حكومەتەكان پشتیوانیی لە بەرهەمی ناوخۆیی بكەن، بەڵام بەشێك لە پسپۆڕانی ئەو بوارە پێیان وایە، زۆر درەنگە بۆ جێبەجێكردن و سەركەوتنی ئەو پلانە، چونكە پاشەكشەكە لەمێژە دەستیپێكردووە و زیانەكان كەڵەكە بوون.

لەبەردەم دووڕیاندا
هەندێك لە كۆمپانیاكانی ئەوروپا كەوتوونەتە خۆ بۆ وەبەرهێنان لە بواری بەرهەمهێنانی پترۆكیمیاییدا، بۆ نموونە كۆمپانیای (ئینی)ی ئیتاڵی، هەروەها كۆمپانیای (ئینیۆس)ی فرەڕەگەز، كە بارەگاكەی لە لەندەنە چوار ملیار یۆرۆی تەرخانكردووە بۆ بنیاتنانی كارگەیەكی نوێی پترۆكیمیایی، بەڵام دیمەنەكە بە گشتی رەشبینانەیە، چونكە لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا داتای رەسمی یەكێتیی ئەوروپا باسی لەوەكردبوو كە بەهۆی داخستنی بەشێكی زۆر لە كارگەكانەوە تا ساڵی 2035 ئەگەری هەیە 50 هەزار كارمەند بێكار ببن.
ئێستا بەرپرسانی یەكێتیی ئەوروپا لەبەردەم دووڕیانێكدان، كە یان ئەوەتا دەبێت كاری جددی بكەن بۆ رزگاركردنی ئەو پیشەسازییەی كە تا ئێستا ماوە، یان خۆیان بدەنە دەست چارەنووس لەبەردەم ئەو هێزە جیهانیانەی لە بەرهەم و نرخ و نوێگەریشدا پێشكەوتووترن.

هیچ رێگایەكیان ئاسان نییە
هەر كامێك لەو دووڕیانە هەڵبژێرن، رێگایەكی سەختیان لەبەر دەبێت، لەبەر ئەوەی ئەگەر رێگای یەكەم، واتە رزگاركردنی پیشەسازییەكەیان هەڵبژێرن، سەرمایەیەكی زۆر و ئەرك و ماندوبوونێكی قورسی دەوێت، تا بگەن بەو ئاستەی لانیكەم لە كێبڕكێكەدا جێنەمێنن و زۆر لە دواوە نەبن، ئەگەر رێگای دووەمیش هەڵبژێرن و خۆیان بدەنە دەست چارەنووس، ئەوا گومانی تێدا نییە، یەكێتیی ئەوروپا لە چەند ساڵی داهاتوودا ناچار دەبێت زۆربەی پێداویستییەكانی لە بەرهەمی پترۆكیمیایی لە دەرەوە هاوردە بكات. 
سەرچاوە: CNN

بابەتە پەیوەندیدارەکان