بۆ رێگەگرتن لە رووداوی ئاگركەوتنەوە، پارێزگاری دیالە چەندین رێنمایی و بڕیار دەردەكات.
عەدنان شمەری پارێزگاری دیالە بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بۆ رێگەگرتن لە رووداوی ئاگركەوتنەوە، چەندین رێنمایی و بڕیارمان دەركردووە و پێویستە شوێنە پەیوەندیدارەكان جێبەجێیان بكەن، وتیشی: لیژنەیەكی ناوەندی لەسەر ئاستی قەزاكان پێكدەهێنرێت، لەوانەش بەرگریی شارستانی و یەكەكانی پاڵپشت، بۆ ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنێكی گشتگیر بۆ رێوشوێنی سەلامەتی لە مۆڵەكان، كۆمەڵگە بازرگانییەكان، كۆگاكان، كارگە و كۆمپانیاكان، راشیگەیاند: بەتوندترین شێوە سزای ئەو شوێنانە دەدرێت كە رێنمایی و بڕیارەكان جێبەجێ ناكەن.
جواد فەیزوڵڵا قایمقامی خانەقینیش بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانە هەڵمەتێكی فراوانمان دەستپێكردووە و چاوپۆشی لە هیچ لایەك ناكەین. خانەقین، ئارۆ سامان