داوای تەرخانكردنی بودجە بۆ پاككردنەوەی بەنداوی ئەڵوەن دەكرێت

12:59 - 2025-07-24
عیراق
57 جار خوێندراوەتەوە

بەنداوی ئەڵوەن، لەو رۆژەوەی دروستكراوە، تائێستا پاكنەكراوەتەوە، قایمقامی قەزای خانەقینیش دەڵێت: داوامان كردووە بودجەی پێویست بۆ پاككردنەوەی تەرخان بكرێت.
جواد فەیزوڵڵا قایمقامی خانەقین بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بەنداوەكە گرنگ و پێویستە بۆ سنوورەكە و كاریگەریی زۆری لەسەر بەرەوپێشبردنی كەرتی كشتوكاڵ و ئاودێری هەیە، بۆیە دەبێت بەردەوام چاودێریی بكرێت و كەموكوڕییەكانی چارەسەربكرێت، وتیشی: بەنداوەكە لەو رۆژەوەی بنیاتنراوە پاكنەكراوەتەوە، ئەوەش هۆكاری كۆبوونەوەی قوڕ و لیتەیەكی زۆرە و مەترسی هەیە كێشەی بۆ دروستببێت، وتیشی: بۆ پاككردنەوەی بەنداوەكە دەرخستە و نووسراومان كردووە و تەواوی وردەكارییەكانمان ئاماژەپێكردووە و پارێزگاری دیالەمان ئاگاداركردووەتەوە بۆ ئەوەی بودجەی بۆ تەرخان بكات و هەڵمەتی پاككردنەوەی دەستپێبكرێت و پێداویستییەكانی بۆ دابینبكرێت.
بەنداوی ئەڵوەن، توانای گلدانەوەی 38 ملیۆن مەترسێجا ئاوی هەیە و سەرچاوەی ئاودانی 40 هەزار دۆنم زەویی كشتوكاڵییە.
خانەقین، ئارۆ سامان

بابەتە پەیوەندیدارەکان