وتەبێژی لقی هەولێری سەندیكای كرێكارانی كوردستان رایگەیاند: لەگەڵ بوونی چەندین یاسا بۆ پاراستنی مافی كرێكاران لەكاتی رووداوەكان، بەڵام بەشێك لە كۆمپانیا و خاوەنكارەكان یاساكان جێبەجێ ناكەن و بەمەش كرێكاران لە مافەكانیان بێبەش دەكرێن.
حەسەن رەمەزان وتەبێژی لقی هەولێری سەندیكای كرێكاران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لەماوەی ئەمساڵدا لە سنووری پارێزگای هەولێر، حەوت كرێكار لەكاتی كاركردندا گیانیانلەدەستداوە و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون، وتیشی: هەرچەندە بەگوێرەی یاسا پێویستە ئەو كرێكارانەی لەكاتی كاركردندا زیانیان پێدەگات، یان گیانلەدەستدەدەن، قەرەبووی خۆیان و كەسوكارەكانیان بكرێتەوە، بەڵام بەشێك لە خاوەنكار و كۆمپانیاكان، سەرپێچی یاساكان دەكەن و ئامادەنین قەرەبوویان بكەنەوە، راشیگەیاند: هەر بەگوێرەی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتیی كرێكاران، پێویستە كرێكاران لەلایەن خاوەنكارەكانیانەوە لە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی تۆماربكرێن، بۆئەوەی لەكاتی هەر رووداوێكدا قەرەبووكردنەوە بیانگرێتەوە، ئاماژەی بەوەشدا: ئێمە وەك سەندیكای كرێكاران بەردەوام هۆشداریمان داوە كە سەلامەتیی شوێنی كاركردنی كرێكاران رەچاو بكرێت، بەڵام بەداخەوە ساڵانە كرێكاران لە ناوچە جیاجیاكاندا بەهۆی سووتان و تەزووی كارەبا و كەوتن لەسەر باڵەخانەكان، بریندار دەبن، یان گیانلەدەستدەدەن.
هەولێر، تەها عەبدوڵڵا