پرۆژەی گرنگ دەگەیەنرێتە گوند و ناحیەكانی كەركوك

11:28 - 2025-07-27
کوردستان
56 جار خوێندراوەتەوە

ژمارەیەك پرۆژە بۆ گوند و ناحیەكانی سنووری پارێزگای كەركوك خراونەتە بواری جێبەجێكردنەوە و ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیش، رایدەگەیەنێت: بڕیاردراوە ژمارەیەك پرۆژەی گرنگ بۆ گوند و ناحیەكان بخرێنە بەرنامەی كارەوە.
بۆ بەئاگابوون لە بارودۆخ و گوزەرانی دانیشتووانی ناحیەی لەیلانی سەر بە پارێزگای كەركوك، رێبوار تەها و ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا و بەڕێوەبەرانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان، سەردانی ناحیەی لەیلان و گوندی تركەشكانیان كرد و بڕیاریاندا بە جێبەجێكردنی چەند پرۆژەیەك بۆ ناحیەكە و گوندەكانی دەوروبەری.
لەبارەی سەردانەكەوە، ئەندازیار عەبدوڵڵا میروەیس ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بڕیاردرا بە قیرتاوكردنی رێگەی لەیلان ـ قادركەرەم، مەفرەقی زەردە بە درێژایی 12 كیلۆمەتر، دروستكردن و قیرتاوكردنی رێگەی نوێ بۆ گوندەكانی حەمك، حەفتەچەشمە، پوزل، حەسەن خان بەدرێژایی نۆ كیلۆمەتر، كۆنكرێتكردنی رێگەوبانەكانی گوندی تركەشكان، وتیشی: جگە لەوە بڕیاردراوە بە دابینكردنی كارەبای پێویست بۆ ناحیەكە و گوندەكانی دەوروبەری، لەگەڵ دابینكردنی ئامێری تەندروستی و كەرەستە پێویستەكان بۆ بنكەی تەندروستیی لەیلان، هەروەها بڕیاردرا بە كۆنكرێتكردنی كۆڵانەكانی نێو ناحیەكە.
كەركوك، هێمن ئەحمەد

#کەرکوک

بابەتە پەیوەندیدارەکان