كاروانی ئاوەدانی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر لە سنووری پارێزگای كەركوك بەردەوامە و پرۆژەی هێڵی دووەمی رێگەی كەركوك- موسڵ 62 %ی تەواوبووە.
پرۆژەكە، بە پرۆژەیەكی ستراتیژیی گرنگ دادەنرێت و پارێزگای نەینەوا بە پارێزگای كەركوكەوە دەبەستێتەوە و بە ناوچەكانی دیبەگە و گوێڕدا تێدەپەڕێت. پرۆژەكە لە دوو بەش پێكدێت: یەكەمیان لە سنووری پارێزگای نەینەوا، بەشی دووەمیش لە سنووری پارێزگای كەركوكە.
هاوكات لەگەڵ ئەو پرۆژەیەدا، كاركردن لە پرۆژەی نۆژەنكردنەوە و فراوانكردن و قیرتاوكردنەوەی رێگەی نێوان كەركوك- چەمچەماڵ بەردەوامە و تائێستا 21 %ی كارەكانی تەواوبووە و بەپێی لێدوانی سەرپەرشتیاری پرۆژەكەش، نزیكەی 28 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە.
ئەندازیار شاكر مەحمود سەرپەرشتیاری پرۆژەكە، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: پرۆژەكە ماوەی 400 رۆژی بۆ دیاریكراوە و ئێستا تا ناحیەی قەرەهەنجیر كاری نۆژەنكردنەوە و فراوانكردن و قیرتاوكردنەوەی رێگەكە وەكو هەنگاوی یەكەم تەواوبووە، دواتر دەستدەكرێت بە كاركردن لە پرۆژەكەدا تا بانی مەقان.
كەركوك، هێمن ئەحمەد